بابەتەکە بابەتی شەڕی ناسیونالیزمانەو رق بوون نییە لەوی تر، کورد نەچوەتە سەرو گوێی کەس، لە تەواوی سنووری دوبز و سەرگەڕان پرۆسەیەکی مەترسیداری عەرەباندن و تاراندنی کورد بەڕێوەچووە، دادوەری گوێزەرەوە ئەوە نییە پێش ساڕێژکردنی برین داوای پێکەوە ژیانی ئاشتیانەو لێبوردەیی بکەیت، وێنەو دیمەن و گرتە تۆمارکراوەکەش هی ئەوە نین بڵێی با بەداوای لێبوردنێک هەموو شتێ بچێتەوە شوێنی خۆی، ئەو مێژووە پێویستی بەڕاستکردنەوەیە، خۆ مەسەلە هەر شەناغە نییە، نزیکەی سەت ساڵە پەیوەندییەک هەلا هەلا دەکرێت، هەر لەو سنووری دوبزەو لە گوندی کونەڕێوی، عارەبێک زۆر بە شانازیەوە تاڵان و بڕۆی 1963ی بۆ دەگێڕامەوە، ئەو دوای زیاتر لە چل ساڵ هێشتا نەهاتبووە ئەو رایەی لانی کەم کورد و عەرەب لەم ناوچەیە دەکرێت دوو دراوسێی باشی یەکتر بن و ئەو دیرۆکە تاریکەی سەردەمی بەعس تڕۆ و توڕدراو کەن.
ئەوەی لە شەناغەو پەڵکانەو گوندەکانی دیکەی سنووری دوبز و داقوق و خورماتوو روودەدەن، پێویستیان بە چارەسەری ریشەییە، ئەرکی حکومەتی عیراقییە ئەو بابەتە لە بنڕا چارەسەر بکات، ناکرێ هەر ماوەو دەست بخرێتە بینەقاقای وەرزێرێکی کورد و سوپاش لەبری لایەنگری قوربانی، لایەنگری ستەمکار بێت و لانی کەمی نەتوانێ بێلایەنی خۆی بپارێزێت، ئەوە لە کاتێکدا سوپا دەکرێت رۆڵێکی ئەرێنی باش لە دادوەری و چارەسەری کێشەکاندا ببینێت، پرسەکە نە بەتەنێ شەناغەیەو نە راکێشانی ملپێچەکەی محەمەد ئەمینە، پرسەکە پرسی گێڕانەوەی ماف و چارەسەرکردنی برینێکی تولانی کرمێ بووە.
ئەرکی کورد ئەوەیە، لەم پرسەدا پێکەوە، دیدگاو رێچاری هاوبەشیان هەبێت، ناکرێت لە خاڵی ستەملێکردنی کوردیشدا جیاواز بن، هەڵبەت دەکرا لە زۆر بابەتدا جیاواز نەبین، بەڵام ئیدی کوردە حەیاتەکەیە، من دڵنیام کورد بە سروشت رق هەڵگرتوو نییە لەوی تر، نموونەی داڵدەدانی ئەو هەزاران سەربازە شکستخواردوەی ساڵی 1991، نموونە گەلی دیکەش زۆر و زەوەندن، بۆیە وێڕای قوربانی بوون، کورد ئامادەی ئەوەی تیایە دەستی ئاشتی درێژ بکات، لێ دەبێت ئەوی دیکەش هەمان هەنگاو بنێت، من پێشنیاز دەکەم هەموو لایەنی کوردی بەگشتی واتە هەموویان پارێزگاری کەرکوک ئەرکدار بکەن بەچارەسەری ئەو کێشانەو هەر بە راستیش هاوکار و پاڵپشتی بن، ماددەی سەت و چل و دادگای فیدراڵی و دەستوور و زۆر کەرەسەی دیکە لەبەردەستن، راستە من هەمیشە ماددەی سەت و چلم وەک تەڵە باسکردووە، بەڵام ئێستا لەوە باشتر شک نابەین.
پێویستە لایەنگەلی کوردی لە کەرکوک و هەرێم و بەغدا، نەبنە هۆی ترازان و تێکدان و نانەوەی دووبەرەکی، ئەمە پێویستی بە پەیمانێکی ئاکاری پتەوە، پەیمانی پابەند بوون و هاوکاری یەکتر، چونکە هەمیشە لەم پیلان و پشێوییانەدا باسی دەستی خۆیی دەکرێت و کەسیش خۆی لێ بە خاوەن ناکات.
خەڵکی شەناغەو هەموو ئەو گوندانەی وێندەر پێویستیان بە دوو خاڵە، یەکەم گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان و وەرگرتنەوەی زەویەکانیان بە یاسا، دووەم چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ئەوان و ئەو عەرەبانەی دەیان ساڵ پێشتر هێنراونەتە ئێرەو ئێستا خۆیان لێ بووە بە خاوەن زەوی، ئەمەش دەبێت حکومەت لە شوێنی تر قەرەبویان بکاتەوە و برینەکە ساڕێژ بکات.