قەتەر هەر لەسەرەتاوە پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەكانی سوریا لە ساڵی 2011 دژی حكومەتی سوریا راگەیاند، دواتر بەردەوام پشتیوانی سەربازیی و دارایی زۆری گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی دژی بەشار ئەسەد كرد، وڵاتەكەشی كردبووە پەناگەیەك بۆ سەركردەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا، جگە لەوەرگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە هاوكات هاوكاری بەردەوامی بۆ ئاوارەكانی سوریا رەوانە دەكرد.
بە ئاشكرا دژایەتی ئەسەدی کردووە
بەدرێژایی قەیرانی سوریا قەتەر بە ئاشكرا دژایەتی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی كردووە و تەنانەت لەساڵی 2012 میری قەتەر بە ئاشكرا داوای دەستوەردانی سەربازی كرد لە سوریا بۆ روخانی بنەماڵەی ئەسەد، لەسەر ئاستی میدیاش قەتەر میدیاكانی خۆی خستبووەگەڕ بۆ پیشاندانی ئەو پێشێلكارییانەی لەلایەن سوپاوە بەرامبەر گەلی سوریا دەكرا.
دوای روخانی ئەسەد، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر پێشوازیی لە گۆڕانكارییە سیاسییەكانی سوریا كرد، لە دوای ئەو توركیا دووەم وڵات بوو باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە دیمەشق كردەوە، هەروەها شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، وەك یەكەمین سەركردەی عەرەب گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع كۆبووەوە.
بە نەمانی ئەسەد و روخانی رژێمەکەی كە قەتەر رۆڵی سەرەكی تیادا هەبوو، لە مەودوا دەوحە رۆڵی زیاتر دەبێت لە دیزاینی ئایندەی ناوچەكەو بەشداری كارای دەبێت، ئەویش بە گڵۆپی سەوزی ئەمریكا
هەژموونی زیاتر دەبێت لە ناوچەكەدا
بە روخانی ئەسەد، قەتەر لە رێگەی سوریاوە هەژموونی زیاتر دەبێت لە ناوچەكەدا، بەرژەوەندییەكانی زیاتر بەدی دێت، چونكە دەسەڵاتی ئێستای سوریا گوێڕایەڵی دەوحەن لەبەرامبەر هاوكاریكردنیان لە رابردوودا، لە ئێستاشدا هاوكارێكی باشە بۆ ئاوەدانكردنەوەی سوریا و دابینكردنی 200 مێگاوات كارەبا و پێدانی مووچەی فەرمانبەران، جیا لەوانە دەوحە داوای لە ئەمریكا كردووە، سزاكانی سەر سوریا لا ببات و دەستەی تەحریر شام لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت.
زیندووكردنەوەی پڕۆژەی غاز بۆ ئەوروپا
ئامانجێكی تری قەتەر لە دوای روخانی ئەسەد، زیندووكردنەوەی پڕۆژە غازەكەیەتی لە رێگەی سوریاوە بۆ ئەوروپا، بەمەش قەتەر قازانجێكی زۆری ئابووری دەكات، ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2009 دەستپێكرد كە پێش سەرهەڵدانی قەیرانی سوریا بوو لە ساڵی 2011، بەڵام سوریا پڕۆژەكەی رەتكردەوە كە دژی بەرژەوەندییەكانی روسیا بوو، چونكە مۆسكۆ غازەكەی بە وڵاتانی ئەوروپا دەفرۆشێت.
قەتەر بەهۆی ئەو توانا ئابوورییەی هەیەتی، دەسەڵاتی دەستی واڵایە، تاكو رۆڵی گەورەی هەبێت لە گۆڕانكارییە سیاسییە گرنگەكانی ناوچەكە و توانای دەستوەردانی راستەوخۆی ئابووری و سیاسی و هەواڵگری هەیە، جیا لەوەش، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی بەكاردەهێنێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی ناوچەكە و تەنانەت جیهانیش، وەكو دەوڵەتێكی یاریكەر لە مەیدانی سیاسەتدا پرس و رای پێ بكرێت.
رۆڵی زیاتری دەبێت
بە نەمانی بەشار ئەسەد، كە قەتەر رۆڵی سەرەكی هەبوو لە رووخانیدا، لە مەودوا دەوحە رۆڵی زیاتر دەبێت لە دیزاینی ئایندەی ناوچەكەو بەشداری كارای دەبێت، بەتایبەت تا ئێستا بە كۆمەك و بێدەنگی و گڵۆپی سەوزی ئەمریكا، رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت، لەبەرامبەریشدا لەگەڵ كەمبوونەوەی هەژموونی ئێران، قەتەر دەتوانێت زیاتر كۆنترۆڵی گۆڕەپانەكە بكات، رەنگە كەوتنی ئەسەد، قەتەر لە داهاتوودا لە یاریزانی یەدەگەوە بكاتە یاریزانی سەرەكی لە عیراق.
*ماستەر لە زانستە سیاسییەکان