لە پەنجەرەی پەروەردەوە

نۆستالژیای پەروەردە

09:39 - 2022-06-14
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
691 خوێندراوەتەوە

زۆر جار کە بەراورد لەنێوان ئێستاو رابردووی پەروەردە دەکرێت لە هەموو روویەکەوە چ وەک پرۆگرام و کتێب، شێوازی وانەوتنەوە یان مامۆستا و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار و هەر بەشێکی تری پەروەردە لەدۆخی ناوپۆل و خوێندکار و فێربوون و فێرکردن، هەست بەجۆرێک هاوسۆزی یان حەزی گەڕانەوە بۆ رابردوو لای بەشێکی خەڵکی گشتی یاخود پەروەردەکاران دێتەکایەوە، بەجۆرێک بە تاسەو چێژەوە تامەزرۆیی دەردەبڕن بۆ ئەو رابردووە و خوازیاری گەڕانەوەن بۆ کتێب و پێکهاتەکانی ئەو زەمەنەی بووە بە بەشێک لەمێژوو، ئەم حاڵەتە لەبیرکردنەوە لە زاراوە زانستیەکەیدا پێی دەوترێت (نۆستالژیا nostalgia) وشەکە لەبنەڕەتدا یۆنانیەو لە nosto واتا گەڕانەوە و algos  واتای ئازار دێت، وەک چۆن هەموو بوارەکانی ژیانی گرتوەتەوە، پەروەردەشی گرتوەتەوە، بۆیە دەکرێت لەپەروەردەدا هاوسۆزی بۆ رابردوو ناو بنێین نۆستالژیای پەروەردە، بەڵام کێن ئەوانەی زیاترین بیرکردنەوەیان بۆ ئەو هاوسۆزییەی رابردوو هەیە و پێی سەرسامن و حەزدەکەن بگەڕێنەوە بۆ زەمەنی پێشتر و لەهەمان دۆخدا بژین؟ بگرە بۆچی ئێستاو پێکهاتەکانی ئێستایان لەپەروەردە پێ قبوڵ نییە و دەخوازن لێی دەربازبن؟ شتێکی واقعیە زۆربەی ئەوانەی وابەستەی ئەو هاوسۆزییەی رابردوون ئەو کەسانەن خۆیان لەزەمەنی رابردوو بەشدار یان کاریگەربوون بەو هەلومەرجەی رابردوو یان بەو کتێب و واقیعەی پیاتێپەڕیون، بۆیە هەمیشە گەڕانەوە بۆ رابردوو بووە بە بەشێک لە یادەوەری و ژیانیان و چێژ لەو شتانە وەردەگرن کە پێشتر لە ژیانی منداڵی و گەنجی ئەواندا هەبووە، بەشێکی تریشی ئەوانەن کە تواناو حەوسەڵەی نوێگەرییان نییەو ناتوانن لەگەڵ پێشکەوتنی زانستی و فراوانبوونی مەعریفەو ئەو هەموو پێڕاگەیشتنانەی دنیای جەنجاڵی سەردەمدابن، لە رابردوودا ئەم زاراوەیە وەک گرفتێک سەیر دەکرا کەوابەستە بوون بەڕابردوو هەستی خەمۆکی و دژواری دەروونی لێئەهاتە کایەوە و تەنها بە رووە نەرێنییەکەی لێک دەدرایەوە، بەڵام لەئێستادا  وەک خاڵێکی ئەرێنیش سەیر دەکرێت بەتایبەت بۆ رێزگرتن لەو توانا و بەهرە و کارامەییانەی لە رابردوو لەکاتی خۆیدا توانیویانە رۆڵ و شوێن پەنجەی خۆیان لەسات و زەمانی خۆیاندا جێبهێڵن، تا ئەو رادەیەی هاوسۆزی بۆ رابردوو نەبێتە نەخۆشی و کاریگەری لە قبوڵکردنی بابەتە نوێکان نەبێت و نەبێتە هۆکارێک تاک تەنها لەنێو خەیاڵ و رابردوودا بژی کارێکی خراپ نییە، وەلێ قبوڵ نەکردنی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان لە پەروەردەدا جێی نابێتەوە، چونکە چەمک و واتای پەروەردە خۆی لەخۆیدا واتای گۆڕانکاری و پێشکەوتن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاو میتۆد و تەکنیکی نوێ بۆ فێربوون و فێرکردنە، دنیای ئەمڕۆش لە فێربوون و فێرکردندا گەلێ ئاسانکاری و هۆکارگەلێکی هێناوەتەبوون کە یارمەتیدەری پێشکەوتن و وەدیهێنانی ئامانجە پەروەردەییەکانن، منداڵ و خوێندکاری ئەمڕۆش ئاشنان بە گەلێ هۆکاری فێرکاری کە پێویستە بەکاربهێنرێن بۆ فێربوونیان و ناوەڕۆکی کتێب و بابەتەکانیش پێویستیان بە گۆڕانکاری و گونجاندن هەیە لەگەڵ ئەو فەرهەنگەی لەسەردەمی ئێستادا هەڵیانگرتووە، بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە هاوسۆزی بۆ رابردووی پەروەردە (نۆستالژیای پەروەردە) لە سنووری رێزگرتن لە کەس و کەرەستەکانی رابردوو، رێزگرتن لە یاد و یادەوەرییەکانی رابردوو، گەنجینەکردنیان وەک شانازی و فەرهەنگی نیشتمانی و نەتەوەیی کارێکی دروستە و بێجگە لەوە نابێت ببێتە رێگر لە گۆڕانکارییەکان.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 

وتارەکانی نوسەر