رێباز مام شۆڕش
سەنگەسەر یەکێکە لە کۆنترین ناحیەکانی باشووری کوردستان و عیراق و دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر، لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە کەوتووەتە بەشی باکووری خۆرئاوای پارێزگای سلێمانییەوە و زنجیرە چیای قەندیل لە بەشی باکووری خۆرهەڵاتەوە وەکو سنوورێکی سروشتیی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان لەیەکتری جیادەکاتەوە، لەبەشی باشوور، زێی بچوک دەوری داوە و لە بەشی خۆرئاواشەوە زنجیرە چیای کێوەڕەش کە سنووری پشدەر لە بیتوێن جیادەکاتەوە.
بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام بەهێزترینیان ئەوەیە کە گوایە؛ لەکۆندا سەنگەسەر بەردێکی لێ بووە وەکو (سەنگی سەر) وابووە واتە بەردەکە لە شێوەی بەردێکی وەکو سەردا بووە و ئەوی تریشیان دەڵێ لە سەردەمی کۆندا سەنگەسەر جێگای ململانێ و شەڕ بووە، بۆیە هەمیشە سەنگەری شەڕکردنی بە چوار دەوری خۆیدا لێداوە بۆ بەرگریکردن.
ئەم ناحیەیە لە کۆندا لە (96) گوندی دەوروبەری پێک هاتووە تا ساڵی(2000)، کە ناحیەی ژاراوە دروستبوو، (33) گوندیشی خرایە سەر ناحیەی ژاراوە و لێی جیاکرایەوە.
مێژووی بە ناحیەبوونی سەنگەسەر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1926 و لە ساڵی(1928)دا یەکەم بەڕێوەبەری ناحیە کە بە رەسمیی دەستبەکاربووە یەکێک بووە لە بەگزادەکان. ئەم ناحیەیە تا ساڵی (1970)، سەربە قەزای رانیە بووە کە ئەویش سەربە لیوای هەولێر بووە.
ناحیەی سەنگەسەر پێش ئەوەی ناحیەی ژاراوەی لە ساڵی(2000)دا لێ جیابکرێتەوە، رووبەرەکەی (786) کیلۆمەتر دووجا بووە، بەڵام ئێستا بووەتە (608) کیلۆمەتر دووجا و لە ساڵی(1989)دا (700) ماڵ بووە، بەڵام ئێستا زیاتر لە (5000) ماڵە و ئێستا ژمارەی دانیشتوانی زیاتر 30 هەزار کەسە.
سنووری ناحیەی سەنگەسەر سەرەڕای سێ جار رووخاندن و سووتاندنی، (68) کادری سیاسی و فەرماندەی عەسکەری و پیشمەرگەی لە شاخ شەهیدبووە و بە سەدان پێشمەرگەشی هەبووە لە شاخ و دوای راپەڕینیش (150) شەهیدی هەیە، هەمیشە لانکەی شۆڕش بووە، بەڵام بەداخەوە ئەم شارە هێشتا لە زۆر رووەوە لە کاولە دەچێت و بارتەقای قوربانی و خەباتی خەڵکەکەی زۆر کەمی بۆ کراوە. بۆیە ئومیدەوارین ئاوڕێک لە لایەنی ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی بواری کشتوکاڵی بدرێتەوە، کە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بڕبڕەی پشتی داهات و بژێویی خەڵکەکەی بووە لە رابردوودا، ئەوەش بەهۆی ئەو پرۆژەی ئاودێرییەی کە دووەم گەورەترین پرۆژەیە لە عیراقدا و یەکەم پرۆژەشە لە هەرێمی کوردستان کە (10) هەزار دۆنم زەوی بەراو دەکات و لە سەردەمی رژێمدا گەورەترین سەرچاوەی داهاتی کشتوکاڵی بووە و بە باشترین ناوچەی بەرهەمهێنانی تووتن هەژمار دەکرا لە سەرتاسەری عیراقدا، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی پلانی گونجاوەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە زەوییەکان ئاوڕیان لێنەدرێتەوە و وەکو پێویست سوودیان لێ نەبینرێت و بەو هۆیەشەوە دەبینین زۆر لە بنەماڵە دیارەکانی ناحیەکە نەگەڕاونەتەوە و لە شارەکانی دیکەدا نیشتەجێبوون و ئەوەش بێزاری و نائومێدیی بۆ گەنجان دروستکردووە و بووەتە هۆی کۆچی زۆرێک لە گەنجانی سنوورەکە، بەرەو رێی هات و نەهاتی هەندەران.
لە بواری هونەر و رۆشنبیریی و وەرزشیشدا هەر لە کۆن و ئێستادا بەردەوام کۆمەڵێک خەڵک دانەبڕاوبوون لێی و چەندین گروپی هونەریی و شانۆیی و وەرزشی لەم شارەدا برەوی هەبووە و جێی دەستیان دیاربووە، بەڵام ئێستا ئەوانیش تا راددەیەک چالاکییەکانیان وەستاوە.
بۆیە پێویستە ئاوڕێکی جددی لەم شارۆچکەیە بدرێتەوە، بۆنموونە (دەربەند، بناری قەندیل، سورەدێ، گۆڕ کیسوێ، کونەماسی، دۆڵی سێوەیس و بناری چیای گەڵاڵە، دۆڵی شەهیدان) و چەندان شوێنی تر، هەروەها لە روانگەی شوێنەواریشەوە چەندین شوێنەواری زۆر دێرینی لێ بەدی دەکرێت وەکو و (قەڵاتی شەهیدان، ماخۆبزنان کە مالیکی ئەژدەری لێ ژیاوە، سەنگەسەری کۆن، دۆڵی سێوەیس) کە گەورەترین بەڵگە گۆڕستانی دەشتێوانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (2000) ساڵ لەمەوبەر.
وەک دەوترێت سنوورەکە دەوڵەمەندە بە (نەوت، مس، خەڵوزی بەردین، بەردی گرانیت، ئاسن) لە بناری قەندیل وەکو کەرەسەیەکی خاو هەیە، پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەیە لەلایەن حکومەتەوە.