هاووڵاتیبوون؛ وەک بنەمایەک بۆ دنیابینی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان

10:57 - 2025-03-16
پ.ی.د. یادگار عەلی
55 خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی بنەمای هاووڵاتیبوون دەتوانێت گەرەنتی رێزگرتن لە مافە بنچینەییەکانی هاووڵاتیان بەتەواوی چین و توێژەکانیان بکات

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووەمین دیداری خۆی بە دروشمی(بە دیدگایەکی نوێ: بەهێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاریی) دەستپێکردووە. یەکێک لەو لایەنانەی تەفرنجی دیداری لەسەر دەبێت و بەگرنگییەوە تەماشا دەکرێت دیدگا و دنیابینی یەکێتیی بۆ شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و عیراق تەنانەت حکومەتە خۆجێییەکان دەبێت. 
بارودۆخی سیاسی و هەلومەرجە جیاجیاکان لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق گۆڕانکاریی زۆریان بەخۆیان بینیووە و کارتێکەرە دەرەکییەکانیش تاڕادەیەکی زۆر گۆڕاون. پێداویستی و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دیسان گۆڕاون و پێویست بەوە دەکات یەکێتیش، وەک حزبێکی مێژوویی و بەشدارێکی کاریگەر لە حوکمڕانی عیراق و هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە دنیابینی خۆی بکات و لەگەڵ واقیعە نوێیەکەدا بیگونجێنێت. 
هاووڵاتیبوون بنەمایەکی ئێجگار گرنگە و بە لەبەرچاوگرتنی پێشهات و گۆڕانکارییە خێراکان لە هاوکێشەی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی هەرێمی کورستان و عیراق، دەشێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دنیابینی خۆی بۆ سیاسەت و حوکمڕانی لەسەر ئەو بنەمایە بونیاد بنێت.
هاووڵاتیبوون دەتوانێت زۆر کێشە و گرفتی کەڵەکەبووی جۆربەجۆر لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات. یەکسانی تەواو لە ئەرک و ماف لەنێوان خەڵکی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییەکانیان بەدی بهێنێت.

پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە گرنگییەوە تەماشای بنەمای هاووڵاتیبوون بۆ شێوازی حوكمڕانی و پەیوەندیی حیزب لەگەڵ هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەكان دەكات

ئازادی و یەکسانیی لەبەردەم یاسا
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی بنەمای هاووڵاتیبوون دەتوانێت گەرەنتی رێزگرتن لە مافە بنچینەییەکانی هاووڵاتیان بەتەواوی چین و توێژەکانیان بکات. لە ژیانێکی ئارام دەستپێدەکات، تا دەگات بە ئازادی و یەکسانیی لەبەردەم یاسا، مافی خاوەندارێتی، کار، فێربوون، چاودێری تەندروستی، رێزگرتن لە ژیانی تایبەت، بەشداریی سیاسی و ئازادیی هزری و بیروڕا.
بنەمای هاووڵاتیبوون چەمکێکی بەرفراوانە دەشێت دنیابینی یەکێتی رێزگرتن لە دەستوور، سەروەریی یاسا و ئازادییەگشتییەکان، بنەمای شەفافییەت و لێپرسینەوە لە کاری گشتی و ئازادیی رۆژنامەنووسی و راگەیاندن بێت.
هەروەها بڕوابوون بە بنەمای هاووڵاتیبوون وەها دەکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگی زیاتر بە رێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی و رۆڵیان لە باشکردنی پەیوەندیی نێوان حکومەت و هاووڵاتییان و چالاککردنی بەشداریی سیاسیی بە هەموو شێوە و ئاستەجیاوازەکانی بدات.
بنەمای هاووڵاتیبوون کاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر چاکسازیی ئابووریی لە لایەک و بوارەکانی چاکسازیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لەلایەکی دیکە ئاسان دەکات.
هاووڵاتیبوون جێگەی گەڕانەوەی متمانە بۆ پەیوەندیی نێوان حکومەت و هاووڵاتی تێدا بێتەوە و ئەو پەیوەندییەش لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوو لایەنە دەبێت. بەتایبەت گەڕانەوەی متمانە لە پرۆسە دیموکراسییەکان، لەنێویشیان؛ هەڵبژاردن و بەشداریی سیاسی.

هاووڵاتییوون
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت هاووڵاتییوون بکات بە بنچینەی دنیابینی خۆی بۆ سیاسەت و بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستان و عیراقیش، گرنگە چەند کارێک بکات:
یەکەم: چالاککردنی رۆڵی حزب و رێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی، دەبێت ئەو باوەڕە بێتەکایەوە، کە حزب و رێکخراوەکان ئامرازی مومارەسەی دیموکراسی و بەشداریی سیاسی و میللیین، تاوەکو حزب و رێکخراوەکان لە خەڵک نزیک بن، باشتر دەتوانن گوزارشت لە پێداویستی و داخوازییەکانیان بکەن. بۆ ئەوەش گرنگە ئاستەنگەکانی بەردەم کاری ئۆرگانەکانی حزب و رێکخراوەکان لابدرێت.
دووەم: دەبێت چاوخشاندنەوە بە یاساکانی هەڵبژاردن، یاسای حزبە سیاسییەکان و پەرلەمان بکرێت.
سێیەم: دانانی بەرنامەی پێویست بۆ بەهێزکردن و تۆکمەکردنی رێکخراوەکان. هەریەکەیان بە پێی پسپۆرێتی کارکردنیان بەرنامە و سیاسەتی جیاوازیان هەبێت. لەمپەرەکانی بەردەم کارەکانیان لابدرێت و رۆڵی تەواوەتی بۆ سەندیکاکان و کۆمەڵە پیشەییەکان بگێڕدرێتەوە.
چوارەم: زیندووکردنەوەی چەمکی هاووڵاتیبوون و نوێکردنەوەی پەیوەندیی نێوان حکومەت و هاووڵاتی لەلایەک و یەکێتی و جەماوەر لەلایەکی دیکەوە. ئەوەش لە رێگەی بەشداریی هاووڵاتییان لە پرۆسەی گەشەپێدان بە رەهەندە جیاوازەکانییەوە دەبێت، کە پێویستی بە رەخساندنی هەلومەرج و ژێرخانی یاسایی، سیاسیی و کارگێڕیی هەیە، تاوەکوو بتوانرێت هاووڵاتی هانبدرێت بۆ بەشداری و مومامەرەسەکردنی، وەک یەکێک لە مافەکانی.
پێنجەم: گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتیان. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەتوانێت ئەو ئەرکە لە رێگەی چاکسازیی لە دامەزراوەکان و گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیان، بەرزکردنەوەی توانا و کوالێتی خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بە هاووڵاتییان و باشکردنی مامەڵەکردن لەگەڵیان بە ئەنجام بگەیەنێت. هەروەها پێشکەشکردنی ئاسانکاری لە تۆماری دەنگدەران و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان و دەرهێنانی کارتی نیشتیمانی و زانیاری و هەموو ئەو بەڵگەنامانەی پەیوەستن بە ناسنامەی هاووڵاتی و بەستنەوەی بە نیشتمانەوە.
شەشەم: رێزگرتن لە مافەکانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی یاساکان بە بێ جیاوازی و جیاکاریی، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزراییەکان بە هاووڵاتییان و نەهێشتنی رۆتینات بەو چەشنەی هاووڵاتییان هەست بە متمانە و ئاسایش بکەن.
حەوتەم: نوێکردنەوەی ژێرخانی رووناکبیریی، چاکسازیی سیاسی و ئابووریی بە بێ چاکسازیی رووناکبیریی ناکرێت. دەبێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پاڵپشتی لە دامەزراوە رووناکبیرییەکان بکات، بۆ پێشکەوتن و هەستانەوە، بەومەرجەی پشت بە لۆژیک و بیرکردنەوەی عەقڵانی و فرەیی هزریی ببەستن. رووناکبیرییەک لەسەر بنەمای گفتوگۆ و لێبوردەیی و باوەڕبوون بە دیموکراتییەت و مافی مرۆڤ. 

پەیوەندیی حیزب لەگەڵ هاووڵاتییان
پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە گرنگییەوە تەماشای بنەمای هاووڵاتیبوون بۆ شێوازی حوكمڕانی و پەیوەندیی حزب لەگەڵ هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەكان دەكات، لە بواری پراكتیكیش؛ یەكێتیی هەنگاوی زۆری لەو بوارە هەبووە و هەیە. یەكێتیی هەمیشە لەگەڵ بەشداریی هەموو لایەنەكان لە حكومەت و پێكهێنانی هەڵوێست بەرامبەر بە پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان بووە. رێزگرتن لە یاسا، مافی مرۆڤ، ئازادییەكان، ژینگە و چارەسەری كێشە و ململانێكان لە چوارچێوەی دەستوور جێگە بایەخی یەكێتییە. لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوتاریی رقوكینە و چاكسازیی لە گوتاری ئایینی، رووناكبیریی و میدیاییش؛ یەكێتیی دوانەكەوتووە، پرسی پێكهاتەكان و كەمینەكانیش؛ دیسان جێگەی بایەخی یەكێتیین، مافەكانی ژنان و بەشدارییان لە پرسە دیموكراتییەكان دیسان بە گرنگییەوە تەماشا كراوە. ئەوەی دەمێنێتەوە پێكهێنانی باوەڕ و ئیرادەیەكی گشتییە لەناو یەكێتیی بۆ تێگەیشتنی قوڵتر و فراوانتر لە گرنگی داڕشتنەوەی دیدی حزب لەبەر رۆشنایی بنەمای هاووڵاتیبوون، هەروەها دانانی پێوەر و میكانیزمی ورد بۆ رەنگدانەوەی ئەو بنەمایە لە كەلتور و بڕیار و هەڵوێستی یەكێتیی لە حوكمڕانی، بەو چەشنەی لەگەڵ حزبێكی سۆشیاڵ دیموكرات یەك بگرێتەوە.

* مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

وتارەکانی نوسەر