دووەمین دیداری یەكێتیی نيشتمانیی كوردستان

09:45 - 2025-03-06
پ.ی.د. یادگار عەلی
95 خوێندراوەتەوە

ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ؛ كۆنفرانسەكانی دووەمین دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە دروشمی (بە دیدگایەكی نوێ‌: بەهێزی و بەرەوپێشچوون و خزمەتگوزاریی) لە نەینەوا دەستیپێكرد، بە سەركەوتوویی بە دهۆكی رەنگین و پاشان كۆیە و دواتریش هەولێر تێپەڕی و ئەمڕۆش گەیشتووە بە گەرمیان و سەدان كەس لە ئاستی سەركردایەتییەوە، بۆ دەنگدەر و ئەندامان و دۆستانی یەكێتی بە پێشكەشكردنی بیرۆكە، پرۆژە، پێشنیاز و گفتوگۆی بەرپرسیارانە، بەشدار دەبن و گفتوگۆی ژیانی سیاسیی، ئابووریی و كۆمەڵگەیی ناو حزبەكەیان و هەرێمی كوردستانیش دەكەن.

دووەمین دیدار
ئاشكرایە دووەمین دیدار لە چ بارودۆخێكی هەستیار و پڕ لە كێشمەكێشی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت. ئەوەش هەر بۆ خۆی پەیامێكی گرنگ و روونە و باوەڕی پتەوی یەكێتی دەردەخات بۆ چاكسازیی و یەكخستنی تەواوی هەوڵەكان، بۆ هەستانەوە و نوێبوونەوەی حزب و لەگەڵیشیدا گۆڕینی شێوازی ژیانی خەڵكی كوردستان بەرەو باشتر.
ئێستا لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كەشێكی لەبار بۆ ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆی بۆچوون و بیروڕاكان بە شێوەیەكی ئازادانە و بۆ پێشخستنی حزب هاتووەتە كایەوە و ئازایەتییەكەشی بۆ سەركردایەتی یەكێتی و ئەو خەڵكانە دەگەڕێتەوە، كە دڵسۆزانە و لێبڕاوانە چاودێری و سەرپەرشتی دیدارەكە دەكەن و دەیانەوێت بە میكانیزمی نوێ‌ و كاریگەر ژیانی سیاسیی وحزبی لەناو یەكێتی نوێ بكەنەوە.

ئەزموونێكی درەوشاوەی كاری حزبی
گفتوگۆی ناوخۆیی لە رێگەی كۆنفرانس و پاشان دیداری ناوچە جیاجیاكان، ئەزموونێكی درەوشاوەی كاری حزبییە و لە رێگەیەوە هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغی رابردوو و خوێندنەوە و خۆئامادەكردن بۆ داهاتوو دەكرێت، دواجار دەشێت ئەمجۆرە لە رۆشنبیریی سیاسیی بۆ كۆی ژیانی سیاسیی و كۆمەڵگەیی لە هەرێمی كوردستانیش بگوازرێتەوە.
 بێگومان ئەوەش بە بنەمای لۆجیكی پشتبەست بە هەماهەنگی و هاوبەشی، دووركەوتنەوە لە ناكۆكی و سەپاندنی هەژموون بەدی دێت، ئەو گفتوگۆیانەش رۆڵی بەرچاویان لە تێپەڕاندنی تەنگژە و قەیرانە جۆربەجۆرەكان دەبێت. هەمووان لە دەوری مێزێك كۆدەبنەوە لە بەرپرسێكی حزب بۆ دەستەبژێرێك تا دەگات بە ئەندامێكی ئاسایی، بە جیاوازیی بۆچوون و خواستەكانیان لە بارەی پرس و دۆسییە جیاوازەكان. وەك چۆن بەشدار دەبن لە پێداچوونەوە بە تێڕوانینەكانی حزب لە سەر ئاستی پێرەویی، سیاسیی، فیكریی و رێكخستنەوە.
بەدڵنیاییەوە، تێگەیشتنی دوو لایەنەی نێوان سەركردایەتیی حزب و ئەندامان، خاڵێكی ئێجگار گرنگە و بەبێ‌ دیدار ئاسان نییە سەركردایەتی لە جەماوەر و جەماوەریش لە بەرنامە و ئاراستەی كاری سیاسیی و سەركردایەتی حزب بگات. خەڵكی واقیعی و لۆجیكییش نكۆڵی لە راستی ئەو هاوكێشە سادەیە ناكات.
دیدار وەها دەكات هەر لایەنە و بەرپرسیاریەتی خۆی بزانێت و پێداچوونەوەش بە هەڵوێست و رۆڵەكانی خۆی بكات و هەوڵی زانینی هەڵوێستی ئەوی دیكەش بدات. متمانە بەهێز دەكات و دووریی كەم دەبێتەوە و گیانی پێكەوەیی و كۆبوونەوە لە دەوری یەك بەرنامە و كاركردن بۆ هێنانەدی ئامانجە هاوبەشەكان تەواو زیاد دەكات.

دەرفەتێك بۆ بەهێزكردنەوەی ریزەكانی یەکێتی
دیدار دەرفەتێكی گرنگە، بۆ بەهێزكردنی ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رێگەی پێكهێنانی دیدێكی نوێ بۆ حزبایەتی، دید و دنیابینییەك دەرفەتی زیاتر بۆ جوڵەكانی حزب و بەهێزكردنی پێگە جەماوەرییەكەی لە ئاستی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان فەراهەم دەكات. 
دیدار بۆ هێنانەكایەی سیستەمێكی نوێیە بۆ پاڵپشتی حزب، لە ئاستی دارایی، هونەریی و راهێنان، ئەمەشیان هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ دەوڵەمەندكردنی ژیانی حزبی و دروستبوونی جۆرێكی جیاواز لە كار و مۆدێلی حزبایەتی لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا.

هێنانەئارای ژینگەیەكی سیاسیی گونجاو
لە كۆتاییدا، سیاسەت بریتییە لە سندووقی هەڵبژاردن، حزبە سیاسییەكان دەبێت كار بە رێگای جیاواز بكەن بۆ هێنانەئارای ژینگەیەكی سیاسیی گونجاو بۆ بەشداریی و جۆشدانەوەی دەنگدەرەكانیان. تا بتوانن ململانێی سیاسیی بكەن، ئیدی ئەوەش بە رێگای دیدار دەبێت، جا ئامرازەكەی مێزگردێك بێت یان كۆنفرانس یاخوود سیمینار و سیمپۆزیۆمی هەڤاڵانە.
گرنگە لە دیداری یەكێتیدا بەشداریی بە تەواوی ئاستە كارگێڕییەكان لە رێكخستنەكانی حزب، تەنانەت توانا دۆستەكانی دەرەوەی حزبیش بكرێت، و سوود لە بۆچوون و تێڕوانینیان لە بارەی تەواوی پرس و بابەتەكان وەربگیرێت. هەروەها پێویستە كوالێتی تواناكان بۆ بەشداریی لە گفتوگۆكان لەبەرچاو بگیرێت، چونكە دواجار كوالێتی دیدار و ناوەڕۆك و ئەنجام و راسپاردەكەی دیاری دەكات.

وەك كەلتوورێكی سیاسی
نابێت دیداری یەكێتی، تەنها لە مەسەلەی هەڵبژاردن و ئامادەسازیی بۆ هەڵبژاردنەكان كورت بكرێتەوە. پێویستە وەك كەلتوورێكی سیاسیی كارلێككراو بۆ ژیانی حزبی و فرەیی لە بۆچوون و دیدی كادیران و بەرپرسان تەماشا بكرێت. بە مانایەكی دیكە، دەرفەت بێت بۆ دووبارە پێكهێنانەوەی رۆڵی حزب لە ژیانی سیاسی، لە قۆناغی داهاتوو و دووبارە نووسینەوە و داڕشتنەوەی بەرنامە سیاسی و حزبییەكەی.
گرنگە لە دیداری یەكێتیدا، دەست بگیرێت بە مەرجەعیەتی حزب و بەهاو بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و دەرئەنجام و راسپاردەشی هەبێت، نوێبوونەوە و گیانی لێكتێگەیشتن و یەكگرتوویی و یەكگوتاری بەهێزتر بكات. هەروەها پشتیوانی لە رێڕەوی دیموكراسی و یاسایی و خەباتی بەردەوام لەپێناو چاكسازی و روبەڕووبونەوەی گەندەڵی چڕتر بكاتەوە و متمانەی ئەندامان بە حزب و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بەهێز بكات.

نێوەندگیری لە نێوان دەسەڵات و كۆمەڵگەی كوردستان
گرنگە دیداری یەكێتی، زەمینەی بەشداریی كاریگەرانەی هەمووان لە چارەسەری قەیران و تەنگژە جیاجیاكان بڕەخسێنێت و نێوەندگیرێكی باشیش بێت لەنێوان دەسەڵات و كۆمەڵگەی كوردستان. 
لەم قۆناغەدا؛ دەبێت دیداری یەكێتی ئەركی گفتوگۆی شێوازێكی نوێی رێكخستن بۆ حزب بكات، گیانی رێكخراوەیی پتەو بكات و چاكسازیی لە پیادەکردنی دیموكراسیی و شكۆ و رێز بۆ كەسایەتی كادیران و ئەندامان تا ئۆرگانەكان زیاتر بكات.
گرنگیشە ئاڵەنگارییەكانی بەردەم حزب لەم قۆناغەدا دیاری بكرێت و گفتوگۆی لەبارەوە ئەنجام بدرێت، هەر لە ئامادەكردن و پێگەیاندنی كادیری حزب تا دەگات بە جۆر و شێوەی كارلێككردن لەگەڵ گۆڕانكارییە كۆمەڵگەیی و سیاسییەكاندا.
یەكێتی نێو رێزەكانی یەكێتیش، بابەتێكی ئێجگار گرنگەو هەوێنی مانەوە و بەردەوامی حزبەكەیە و هی ئەوەیە، گفتوگۆی پێویستی لەسەر بكرێت، لەگەڵ پرسی پێكهێنانی حكومەت و ناڕەزاییەكانی شەقامی كوردستان و بارودۆخی مووچە و كار و كاسبی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
* مامۆستا لە زانكۆی گەرمیان

 

وتارەکانی نوسەر