دیپلۆمی کاری حزبی، پێگەیاندنی کادری گەنج و هۆشیار

09:43 - 2025-01-29
پ.ی.د. یادگار عەلی
187 خوێندراوەتەوە

پ.ی.د. یادگار عەلی*

هەفتەی رابردوو مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بانگەوازی بەخشینی دبلۆمی کاری حزبی بە کادیران راگەیاند، ئەو هەنگاوە لە بنەڕەتدا؛ جێبەجێکردنی بڕیاری یەکەمین دیدار و راسپاردەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی تایبەت بە پێویستی گەشەپێدان و پەروەردەکردنی کادیری گەنج و بە توانا لە کچان و کوڕانی یەکێتی لە سەروبەندی خێرابوونی گۆڕانکارییە سیاسیی، ئابووریی، رۆشنبیریی و تەکنەلۆژییەکان لە جیهان و پەیوەندیی و کاریگەرییان لەسەر هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە دێت. وەک چۆن بەشێکیشە لە بەردەوامی هەوڵەکانی چاکسازیی و گەشەپێدانی توانای فیکریی و سیاسیی کادیران.

 

حزبێکی گەورە و خاوەن مێژووی، وەک  یەکێتی پێویستیی زۆریی بە ئەپدەیتکردنەوەی دامەزراوەکانی و پەرەپێدانی توانای کادیرەکانی و ئامادەکردنی هەیە

گرنگی خولەکە
 لە گرنگییەکانی خولەکە ئەوەیە، درێژخایەن دەبێت و بۆ ماوەی نۆ مانگ گەنجان و لاوانی یەکێتی چەندین وانە، پەروەردە و پڕۆگرامی زانستیی گرنگ و جۆربەجۆر لە بارەی شێوازی کارکردنی ئەکادیمی و مۆدێرنی حزبی وەردەگرن، بەشێوەیەکی قووڵتر و چڕتر بە ئەدەبیاتی فیکریی و سیاسیی سەرۆک (مام جەلال) و مێژووی یەکێتی و زۆر بابەتی دیکەی گرنگ و هاوچەرخ ئاشنا دەکرێن، ئەو هەنگاوە؛ سەرکەوتنی کاری حزبی، کۆمەڵگەیی و دیموکراتی دەبێت بە نەخشەڕێگەی کاروانی دوورودرێژی پەروەردە و فێرکردن، لەوەش بترازێت؛ سوود لە توانای کادیرە سەرکەوتووەکانی خول دەبینرێت و لە ئۆرگانە جیاجیاکانی یەکێتی پێگەی شایستەی حزبییان پێ دەسپێردرێت.
مەرجەکانی بەشداربوون لە خولی دبلۆمی کاری حزبی بەسەر تەمەن، بڕوانامە و باوەڕی بەشداربوو دابەش بووە، بە جۆرێک تەمەنی لە نێوان (18-28) ساڵ، بڕوانامەی لە (12)ی ئامادەیی کەمتر نەبێت و یەکێتی بێت یان باوەڕی بە کار لە نێو ئۆرگانەکانی یەکێتیدا هەبێت. ئەو مەرجانەش پیشانی دەدەن یەکێتی دەیەوێت بەتایبەت بوار بۆ توانا و خوێنی نوێ و خوێندەوار بکاتەوە تا بتوانن رۆڵی کاریگەر و راستەقینەی خۆیان لە خزمەتی یەکێتی، کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی پرۆسە دیموکراتییەکان بەگەڕ بخەن.
وەک زانراوە کادیر بەتایبەت کادیری گەنج بڕبڕەی کاری حزبایەتییە، حزب بەبێ کادیری گەنجی پڕ وزە و بەرهەم مانایەکی تەواو نابەخشێت، کادیریش بەبێ هەبوونی توانا و مەعریفەیەکی نەوعی ناتوانێت خزمەتی پێویست بە حزب و سەرخستنی بەرنامە و سیاسەت و پڕۆگرامەکانی بکات، کادیر چەند کوالێتی بەرز و جۆریی بێت، دەتوانێت هێندە بەڕێوەبردنی کاری حزبایەتی لە ناو حزب و لە کۆمەڵگەش پێش بخات و ئەرکە سیاسیی، رووناکبیریی و کۆمەڵگەییەکانی پەیوەست بە جەماوەر بەشێوەیەکی راست و سەرکەوتووانە راپەڕێنێت. 
کادیر بەبێ پێگەیاندن و فێرکردن و رەخساندنی دەرفەت بۆی بە ئاراستەی بەرەوپێشبردنی تواناکانی لە بوارە زیندووەکانی سیاسەت، سایکۆلۆژیای جەماوەر، بواری تەکنەلۆژیا و زمان ئەستەمە بتوانێت پێ بە پێ لەگەڵ گۆڕانکارییە زۆر و خێراکانی سەردەمەکەی بڕوات و دانەبڕێت، دواجار بەبێ پێگەیاندنی بەردەوام؛ پایە سیاسیی، مەعریفی و دیموکراتییەکانی حزب لەناو کۆمەڵگەدا پتەو و چەسپیو نابن.

لە سەردەمی جیهانگیرییدا
گۆڕان و گەشەی پێشکەوتن و داهێنانەکان لە سەردەمی جیهانگیریی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، تەکنەلۆژی و زانیاریی خێرا و هەمەلایەنەن لەسەر حزب و تاک راناوەستن. ئەرکی حزب و کادیرەکانیان ئێجگار قورس کردووە، کادیری گەنج و لێوەشاوە و چاوکراوەی دەوێت، ئەوەش وەهای پێویست کردووە، کە بەشێوەیەکی بەردەوام حزب خۆی و لە رێگەی پەرەپێدانی توانای کادیرەکانی نوێ بکاتەوە و ساز و ئامادەبێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو پێشهاتەکان لە قۆناغە جیاجیاکان تا بتوانێت ململانێی سیاسیی و حزبایەتی بەمانا مۆدێرن و شارستانییەکەی بکات.
ئەمڕۆ جیاوازە لە هەر کاتێکی دیکە، ململانێی کاری حزبایەتی لە هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییە هەرێمایەتی و جیهانییەکان پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار، حزبێکی گەورە و خاوەن مێژووی، وەک یەکێتی پێویستی گەورەی بە ئەپدەیتکردنەوەی دامەزراوەکانی و پەرەپێدانی توانای کادیرەکانی و ئامادەکردن و سازدانی توانای گەنجان و لاوەکانی بۆ قۆناغی ئێستا و داهاتوو هەیە، رێگە راست و دروستەکەش بریتییە لە پشتیوانی تەواوی ئامانجەکانی خولی دبلۆمی کاری حزبی و هەر هەوڵێکی هاوشێوەی لەناو یەکێتی.


پێگەیاندنی کادیری خاوەن دید و دنیابینی روون
یەکێتی لە چەند ساڵی رابردوودا بە هەندێک هەلومەرجی سیاسیی ئاڵۆز و هەستیاری ناوخۆیی تێپەڕبووە، بواری زۆری بۆ بیرکردنەوە لە ئاوڕدانەوە لە توانا فیکریی و سیاسییەکانی کادیران بەتایبەت گەنجان و لاوان و ژنان لەنێو ریزەکانی نەبووە، ئەوەش بە ئاشکرا کەلێنی لەناو ئۆرگانەکانی درووستکردووە، لە پاش کۆنگرەی شەشەمەوە دەرفەتی زۆرباش بۆ پێگەیاندنی کادیری خاوەن دید و دنیابینی روون لەناو یەکێتی هاتووەتەکایەوە. گرنگە وەبەرهێنانی گەورە لەو هێزە کاریگەرەی ناو یەکێتی بکرێت و بۆ نوێکردنەوەی حزبەکە و هەستانەوەی زیاتری ئۆرگانە حزبییەکان و راستکردنەوەی هەڵە و کەموکورتییەکان لە ئاستی ناوخۆیی حزبەکە و پەیوەندیی بە جەماوەر سوودیان لێوەربگیرێت.
یەکێتی حزبێک نییە بۆ دوێنێ یاخود ئەمڕۆ هاتبێتە مەیدانی خەبات، یەکێتی بۆ ئاییندەیە، ئاییندەش؛ بۆ ئەو لایەنەیە کە دەتوانێت بە باشی خۆی لەگەڵ گۆڕانکاریی و پێشکەوتنەکان بگونجێنێت.، یەکێتی ئێستا زۆرباش لە گرنگی پێگەیاندن و پەروەردەی گەنجان و لاوەکانی بەشێوەی ئەکادیمی و زانستیی تێدەگات، ئەو هەنگاوەی ئێستاش مەڵبەندی دیراساتی گشتی دەستیپێکردووە، دەبێت بە هەوێنی قۆناغێکی گرنگ و مانادار لە کاری بە بڕشتی حزبایەتی لەناو یەکێتیی و بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.

 

یەکێتی حزبێک نییە بۆ دوێنێ یاخود ئەمڕۆ هاتبێتە مەیدانی خەبات، یەکێتی بۆ ئاییندەیە، ئاییندەش؛ بۆ ئەو لایەنەیە کە دەتوانێت بە باشی خۆی لەگەڵ پێشکەوتنەکان بگونجێنێت

هەنگاوێکی ناوازەی کاری حزبایەتی
بیرۆکەی خولی دبلۆمی حزبی هەنگاوێکی بێ پێشینە و ناوازەی کاری حزبایەتییە لانی کەم لە هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی ئامانجەکەی بەتەواوی بپێکێت و تواناسازیی لە گەنجان و لاوانی یەکێتی بکات، زۆر گرنگە: پلان و بەرنامە و رێکخستنێکی تۆکمەی هەبێت، بەدەر لە مەرجە گشتییەکان، چەندین رێکار و میکانیزمی ورد و دادپەروەرانەی بۆ شێوازی وەرگرتنی کادیر هەبێت و کار لەسەر بڕ نەکرێت، تەفرنج لەسەر کوالێتی بێت، گرنگە پڕۆگرامەکە لە رووی بەڕێوەبردن و دارایی سەربەخۆ بێت و خاوەن بودجەی خۆی بێت. وەک چۆن گرنگیشە تەواوی وانەبێژانی خول لە پسپۆران و ئەکادیمیانی ناوخۆ و ئەگەر پێویستی کرد نێودەوڵەتیی پێکهاتبن، گرنگتر لەوەش؛ بە شێوەیەکی بەردەوام لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆگرام، تاوەکو کۆتایی کاری سەرپەرشتیکردن، هەڵسەنگاندن، چاودێریی و ئاراستەکردن بۆ کارەکانی خولەکە بکرێت و دڵنیایی هەبێت، لە کۆتاییدا؛ ئامانجەکان بەدی دێت.

* مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان

یەکێک لە خولەکانی مەڵبەندی دیراساتی گشتی

وتارەکانی نوسەر