37 ساڵە جینۆسایدی کیمیاباران روویداوە، بەڵام هێشتا بۆ ئەوانەی ویژدانیان زیندووە، هەردەڵێی دوێنێ و ئێستایە، چونکە ئەوانە جیاوازتر بیردەکەنەوە لەوانەی بێئاگا کەوتوونەتە ژێر هەژموونی ئەو پڕوپاگەندانەوە کە گوایە هێشتا دیارنییە ئێران یان عیراق ئەو چەکەی لەدژی هەڵەبجە بەکار هێناوە، لەلایەکی دیکەشەوە هەندێک کەوتوونەتە ژێر پاساوی نابەجێ و ناچاری هەندێک شۆڤێنیستی پاشماوەی بەعسەوە کە گوایە ئەگەر پڕۆسەی ئازادکردنی هەڵەبجە بە هاوبەشیی پێشمەرگە و ئێران نەبوایە، ئەوا هەڵەبجە کیمیاباران نەدەکرا!.
ئەو پاساوانەش لەکاتێکدایە کە بە ماوەیەکی زۆر بەرلە هەڵەبجەش رژێمی عیراق لە دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانان و جافایەتی چەکی کیمیایی بەکارهێناوە بەبێ پاساوی بوون و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزی ئێرانیش.
لە نوێترین زانیاریدا لەبارەی جینۆسایدی کیمیابارانی هەڵەبجەوە، بەڵگەنامەیەکی خودی (مەنزومەی شەرقی) سەربە هەواڵگریی سەربازی کە وەک راپۆرتی مانگانەیانەی چالاکییەکانیان لە مانگی 3ی ئەو ساڵەدا و لە رۆژی 2/4/1988دا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگریی سەربازی رەوانەکراوە و تێیدا بێ پێچ و پەنا لە بڕگەی حەوتەمی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە رۆژی دوای بۆردومانکردنی هەڵەبجە لەلایەن هێزەکانمانەوە بە (تەقەمەنیی تایبەت (عتاد الخاص) ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووسی ئێرانی و بیانی سەردانی هەڵەبجەیان کردووە و دوای تەواوکردنی کارەکانیان گەڕاونەتەوە بۆ شاری پاوەی ئێران».
دیارە ئەمە دیوێکی نادیارە لە دانپێدانانی راشکاوانە، بەوپێیەی دەشێت بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان و ئێرانیش هیچ گومانی تێدا نەبووبێت، بەڵام بەو پێیەی چ خەڵکی کوردستان و چ ئێرانیش وەک لایەنی دووەمی رووداوەکە لەبەردەم کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا دەردەکەوین، گەواهیدانی ئێمە قورساییەکەی هێندەی ئەو بەڵگەنامەیەی خودی رژێمی لەناوچوو نییە، بەڵام نکۆڵیی بەردەوامی سەرانی رژێمی رووخاو لەو جینۆساید و کۆمەڵکوژییە، تا دەرکەوتنی ئەم بەڵگەنامەیە رەنگە توانیبێتی تەمومژێک لەسەر بکەری تاوانەکە بهێڵێتەوە، بەڵام دوای ساغبوونەوەی ئەو بەڵگەنامەیە کە د. حەمید عەبدوڵڵا لە بەرنامەی (تلك الایام)دا خستییەڕوو.
ماوەی سێ بۆ چوار مانگیشە هیچ کەسێک زاتی رەتکردنەوەی زانیارییەکانی ناو ئەو راپۆرتە نهێنییەی مەنزومەی شەرقیی ئیستیخباراتی نەبووە، لەلایەک دەهێنێت ئەو دیکۆمێنتە خێراتر کاری لەسەربکرێت و لەلایەکی دیکەشەوە دەکرێت لەو رێگەیەوە چەندین بەڵگەنامەی دیکە ساغ بکرێتەوە، ئەویش بە گوشارخستنەسەر حکومەتی فیدراڵی و ئەو دامەزراوەیەی کە بەڵگەنامە نهێنییەکانی دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی رژێمی پێشووی خستووەتە ئەستۆی خۆی، بەمەش دیوە نادیارەکانی دەیان تاوانی جینۆساید و پاکتاوی رەگەزیی دژبە گەلەکەمان ئاشکرا دەبێت.