کۆمێنت

10:08 - 2022-06-16
شیرین. ک
480 خوێندراوەتەوە

(10)

سەرەتایەكی خراپ

كۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكان بە ئەدەبی ئەمریكای لاتین ئاشنا بووم، تا ئێستاش هەر شەیدای ئەو ئەدەبەم، وەرگێڕی عەرەبی ناسراویش ساڵح عیلمانی بە وەرگێڕانە ناوازەكەی دەورێكی باڵای هەبوو بۆ ناساندنی ئەو ئەدەبە بە نەوەكەی من كە زمانی عەرەبی دەزانین.
لە مانگی دیسەمبەری 1994دا هاوڕێیەكم رۆمانێكی قەبەی داپێم و وتی: ئەزانم شەیدای ئەدەبی ئەمریكای لاتینی، بزانە ئەم رۆمانە چۆنە؟ (ماڵە سەوزەكە)ی نووسەری پیرۆیی ماریا بارگاس یۆسا، ئەمە یەكەمجارم بوو ناوی ببیستم، سەرەتا دێڕێكی رۆمانەكەم نووسیوە: (حەزی  لە گاڵتەوگەپە، چونكە بەهۆیەوە باوەڕ بەخۆی پەیدا دەكات).
كۆمێنت: (ئەم وتە سادەیە لایەنێكی كەسێتی خۆمی بۆ ئاشكرا كردم، حەزم لە گاڵتە و گەپە چونكە لەو كاتەی گاڵتە دەكەم متمانەم بەخۆم زیاتر دەبێت، بۆیە كاتێ كە شەرمدەكەم یان كە پەست و بێزاریشم بەزیادەڕۆییەوە گاڵتە دەكەم، چونكە كاتێك بابەتەكە دەكەم بە سوعبەت شەرم و لاوازییەكەم دەڕەوێتەوە و هێزم پێدەبەخشێت).
دواتر نووسیوومە: (ئەم رۆمانە لەوە دەچێت رەشنووس بێت و پاكنووس نەكرابێت، رۆماننووس لە گێڕانەوەی رۆمانەكەدا لە زەمەنی ئێستاوە باز دەدا بۆ رابردوو، مەنەلۆگەكان تێكەڵدەبن، لەوە دەچێت زۆر سەرسامی ولیام فۆكنەر بێت و لاسایی ئەو بكاتەوە، بەڵام قەت نەیتوانیووە وەكو ئەو سەركەوتوو بێت، رووداو و زەمەن و كاركتەرەكان پەرشوبڵاو بێسەروبەرن، رۆمانێكی وەڕسكەرە).
دوای ئەم رۆمانە ئیتر هیچی تری ئەم نووسەرەم نەخوێندەوە تا ساڵی  2002 كە رۆمانی (ئاهەنگی سابرێن)یم خوێندەوە، بەپێچەوانەی ئەمەوە رۆمانێكی هێند جوانە كە ئیتر كردمییە یەكێك لە هەوادارانی ئەم نووسەرە و بەدوایدا كۆمەلێك رۆمانی تریم خوێندەوە، كاتێكیش ساڵی 2010 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی وەرگرت بەخۆشییەوە راپۆرتێكی دوورودرێژم لەبارەیەوە كرد، بەردەوامیش دیدار و هەواڵەكانیم ئامادە دەكرد بۆ ئەدەب و هونەر، یۆسا رۆماننووس و رۆشنبیرێكی  گەورەیە و چەندین زمانی زیندوو دەزانێت بەڵام سەرەتایەكی خراپم هەبوو لەگەڵیدا!!

وتارەکانی نوسەر