رۆژی 20ی ئازار یان مارس یه‌كێكه له‌و رۆژانه‌ی كه گه‌لی كورد شانازی پێوه ده‌كات كه ئێواره‌ی نه‌ورۆزه و سه‌ری ساڵی كوردی و جه‌ژنی راپه‌ڕینه كه بۆنه‌كه‌ی زیندووتر و گه‌شاوه‌تر كرد، منیش وه‌ك گه‌له‌كه‌م به‌یه‌كێك له رۆژه هه‌ره خۆشه‌كانی ساڵی ده‌یبینم و به‌تایبه‌ت له 20/3/1991 كه راپه‌ڕین تاجی سه‌ركه‌وتنی له‌سه‌رناو گشت كوردستانی باشوور تامی ئازادی و رزگاری كرد، به‌هایه‌كی تری به نه‌ورۆز و ساڵی نوێی كوردی به‌خشی كه وه‌ك شوناس و ره‌سه‌نێتیش، هێزێكی كه‌لتووری گه‌وره‌یه بۆ گه‌لی كورد، ئه‌و رۆژه جیاوازبوو له رۆژانی تر، هه‌ستێكی جیاواز‌و ده‌گمه‌ن، هه‌ستم به ئاسووده‌ییه‌كی ئه‌فسووناوی كرد و له دڵ‌و ده‌روونمه‌وه ئه‌و هه‌سته‌م بزواو پرشنگی دایه‌وه، چونكه هه‌ستی ئازادی و ئارامی ، ده‌بنه بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی ئاسووده‌یی.
میله‌تی كورد سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌سات و كۆمه‌ڵكوژی و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ی، له‌لایه‌ن رژێم و ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ری كوردستان به‌سه‌ریدا هاتووه، به‌ڵام هێشتا به پێوه‌یه و زیندووه و رۆژ به‌ڕۆژ تیشكی خۆری رزگاری و سه‌رفرازی زیاتر ده‌گه‌شێته‌وه. ئه‌و رۆژه بۆ ئێمه هێما و سونبل و واتایه‌كی گه‌وره و باڵای هه‌یه و له هه‌مانكاتدا ئه‌و رۆژه له جیهاندا كرا به رۆژی ئاسووده‌یی هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی كورد داوامان كردبێت و به خواستی خۆمان رێكمانخستبێت.
بواری ئاسووده‌یی و ئارامی ئێستا له وڵاتانی گه‌شه‌سه‌ندو و ناوه‌نده‌كانی خویندن و ناوه‌نده ئه‌كادیمیه جیهانیه پێشكه‌وتووه‌كان بووه‌ته پرس و بوارێكی بنه‌ڕه‌تی و كاری له‌سه‌رده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك كه دام و ده‌زگا و توانا مادی و مرۆییه‌كان ده‌خه‌نه خزمه‌ت ئاسووده‌یی تاك و كۆمه‌ڵگا و به‌دوای ئه‌و هۆكار و گۆڕاوانه‌دا ده‌گه‌ڕین كه رۆڵیان هه‌یه له بنیاتنانی ژیانێكی ئاسووده و هێمن و شادماندا، له هه‌مانكاتدا بوه‌ته پێوه‌رێك بۆ ئاستی پێشكه‌وتنی ووڵاتان، وه‌ك سه‌رجه‌م پێوه‌ره‌كانی تری ئابوری و سیاسی و كه‌لتووری.
گومانی تیانیه بوونی رۆژێكی وه‌ها بۆ گه‌لی ئێمه‌ش وه‌ك كورد زۆر له گه‌لانی جیهان گرنگتره ، چونكه میله‌تی ئێمه زۆرینه‌ی كاته‌كانی سه‌رقاڵ كراوه به ترس و دڵه‌ڕاوكێو مه‌رگه‌سات و گرتن و كوشتن و ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆچی زۆره‌ملێ. وه هه‌رگیز خۆشی و ئاسووده‌یی پێ ره‌وا نه‌بینراوه، و له كۆنه‌ستی ئه‌م میله‌ته‌دا ئاسووده‌یی به مه‌حال و له جێی نه‌بوو بووه، هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه گرنگی ئه‌م بواره دێته ئاراوه كه ده‌كرێت له پاڵ جه‌ژنه‌كانی تردا ئه‌م بۆنه‌یه‌ش به های پی بدریت و بكرێته پرسێك و لێكۆڵینه‌وه و سیمنار و ئاهه‌نگ و كۆبوونه‌وه‌ی بۆ ساز بكریت.
هەموو ساڵێک لە 20ی مارس لە سەرانسەری جیهاندا، رۆژی نێودەوڵەتی بەختەوەری دەکرێتە بۆنە. بیرۆکەی دیاریکردنی رۆژێکی جیهانی بۆ بەختەوەری كه لەلایەن جایمی لیان، چالاکوان، فەیلەسووف و راوێژکاری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشکەش کرا، بە مەبەستی ئیلهامبەخشین بە خەڵکی لە سەرانسەری جیهان بۆ پیرۆزکردنی ئاسووده‌ییی لە رۆژێکی تایبەتدا و بەهێزکردنی بزووتنەوەی ئاسووده‌یی جیهانی.
لە ساڵی 2011، لیان بیرۆکەی دیاریکردنی رۆژێکی جیهانی نوێی پێشکەش بە بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی جیهانی پیرۆز بکرێت و خەڵک بانگهێشت بکرێن بۆ بیرهێنانەوەی ئەو هۆکارانەی کە بەختەوەریان دەکەن، بۆ ئەوەی ببێتە رۆژێک بۆ بەختەوەری لە سەرانسەری جیهاندا.
لیان هەڵمەتێکی سەرکەوتووی بۆ یەکخستنی هاوپەیمانییەکی جیهانی ئەنجام دا کە هەموو ئەو 193 وڵاتەی کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن لەخۆ دەگرێت و رەزامەندی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی لەو کاتەدا، بان کی مۆن، بەدەستهێنا بۆ پشتگیریکردنی چەمکی دروستکردنی رۆژێکی نوێی فەرمیی رۆژژمێری نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە رۆژی نێودەوڵەتی ئاسووده‌یی ناسراوە.
بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان 66/281 "ڕۆژی جیهانی بەختەوەری" دیاری کرد، کە لە کۆتاییدا بە کۆدەنگی لەلایەن هەموو ئەو 193 وڵاتەی کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن لە 28ی حوزەیرانی 2012 پەسەند کرا.
جایمی لیان بەرواری 20ی مارسی هەڵبژارد چونکە هاوکاتە لەگەڵ هاوسەنگی بەهاری، کە دیاردەیەکی جیهانییە و لە هەمان کاتدا لە سەرانسەری جیهاندا روودەدات، بەم شێوەیە خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا هەمان هەستیان لە هەمان کاتدا دەبێت. هاوسەنگی روودەدات لەو ساتەی کە هێڵی کەمەرەی زەوی لە ناوەندی دیسکی خۆردا تێدەپەڕێت، و نوێنەرایەتی خاڵی کۆتایی لە نیوەگۆی باکوور و خاڵی پایزی لە نیوەگۆی باشوور دەکات. بەپێی راپۆرتی بەختەوەری ساڵی 2018، فینلەندا بەختەوەرترین وڵاتە لە جیهاندا، و نەرویج، دانمارک، ئایسلەندا و سویسرا پلەی پێشکەوتوو داگیر دەکەن لە راپۆرتی بەختەوەرترین وڵاتەکانی جیهان.
ئاسوودەیی وه‌ك چه‌مكێك بریتییە لە حاڵەتێکی دەروونی و جەستەیی کە تێیدا مرۆڤ هەست بە ئارامی و دوور لە فشار و توندوتیژی دەکات. ئەمەش بارێکە تێیدا مرۆڤ دەگاتە بالانسێک لە نێوان خۆی و ژینگەی دەوروبەری.
ئاسوودەیی رۆڵێکی سەرەکی و گرنگ دەگێڕێت لە ژیانی مرۆڤدا، چونکە کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی و ئه‌قڵی. کەسانی ئاسوودە بەرهەمهێنەرترو داهێنەرتر و خۆشبەختترن. ئاسوودەیی هاوکارە بۆ کەمکردنەوەی سترێس و خەمۆکی، باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش.
چەمکی ئاسوودەیی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە فۆرمی جیاواز هەبووە. لە فەلسەفەی رۆژهەڵاتی کۆندا، وەک ئایینی بوودا و تاویزم، ئاسوودەیی وەک ئامانجێکی سەرەکی بۆ ژیان سەیر کراوە. لە یۆنانی کۆندا، فەیلەسوفانی وەک ئەپیکۆرس باسیان لە "ئاتاراکسیا" کردووە کە واتای ئارامی رۆح دەگەیەنێت. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ئاسوودەیی زیاتر پەیوەست کراوە بە ئایین و رۆحانیەتەوە. لە سەردەمی نوێ‌دا، بە تایبەت دوای پێشکەوتنی زانستی دەروونناسی لە سەدەی بیستەمدا، ئاسوودەیی وەک پێویستییەکی سەرەکی بۆ تەندروستی باش و خۆشگوزەرانی ناسراوە و بەڵگەی زانستی بۆ گرنگییەکەی زیاتر دەرکەوتووە.
بە شێوەیەکی گشتی، ئاسووده‌یی ئامانجی سەرەکی و بنچینەییە لە ژیاندا، هەر مرۆڤێک بۆ ئاسوودیی هەوڵ دەدات. سەرەڕای ئەم راستییە گرنگە، چەندین هۆكار هەن کە دەبنە هۆی ئاسووده‌یی و خۆشبه‌ختی.
رایۆ و گاری Rayo & Gary (2007) پێناسەیان کردووە وەک "ئەزموونی سۆزداری خۆش و ئەرێنی کە هەستکردن بە دڵخۆشی و گەشبینی و خۆشی و شادی و خۆشەویستی ژیان و خەڵکی و هەستکردن بە توانای کاریگەری لە سەر رووداوەکانی دەوروبەر لەخۆ دەگرێت".
(فریح العنزی، 2001) ئاسووده‌یی پێناسە دەکات وەک هەستە ئەرێنییەکان کە بە بەختەوەری و دڵخۆشی وەسف دەکرێن، لە کاتێکدا نائارامی واتای پێچەوانەیە. خۆشبەختی پێچەوانەی هەستە نەرێنییەکانی تاکەکەسە کە پەیوەستن بە باری هەستیاری نەرێنی وەک خەم، ترس، تووڕەیی و بێزاری. هەروەها حاڵەتێکی هاوسەنگی ناوەکییە کە کۆمەڵێک هەستی ئەرێنی وەک رەزامەندی، شادی و خۆشی بەسەریدا زاڵە، کە پەیوەندییان بە لایەنە سەرەکییەکانی ژیانەوە هەیە وەک خێزان، کار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.
گومانی تیدا نییه كه ئامانجی مرۆڤ ئاسووده‌ییه و خۆ رزگاركردنه له ئازار و ناخۆشی، و زۆر شۆڕش و راپه‌ڕین و هه‌وڵ و تێكۆشانی بیرمه‌ندان و فه‌یله‌سووفان ئه‌م بواره‌ی گه‌شه پێداوه، شۆڕشەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە پەرەپێدانی چەمکەکانی ئاسوودەیی و مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا. هەر یەکێک لەم شۆڕشانە بەشێوەیەکی جیاواز کاریگەرییان هەبوو:
شۆڕشی بەریتانیا (شۆڕشی شکۆمەند، ١٦٨٨-١٦٨٩):
بووە هۆی دامەزراندنی پادشایەتی دەستووری کە دەسەڵاتی پادشای سنووردار کرد، یاسای مافەکانی (Bill of Rights) لە ١٦٨٩ دەرچوو کە کۆمەڵێک مافی سەرەتایی بۆ هاوڵاتیان دابین کرد، هەنگاوێکی گرنگ بوو بەرەو دەسەڵاتی یاسا و کەمکردنەوەی ستەمکاری،
شۆڕشی ئەمەریکا (١٧٧٥-١٧٨٣): راگەیاندنی سەربەخۆیی (١٧٧٦) بنەمای مافە سروشتییەکانی وەک ژیان، ئازادی و گەڕان بەدوای خۆشبەختی چەسپاندو دەستووری ئەمەریکا و یاسای مافەکان چوارچێوەیەکی دامەزراند بۆ پاراستنی مافەکانی تاک بەرامبەر دەسەڵاتی حکومەت و مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی پێشکەش کرد کە تێیدا دەسەڵات لە گەلەوە سەرچاوەی دەگرت. هه‌روه‌ها شۆڕشی فەڕەنسا (١٧٨٩-١٧٩٩): راگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی (١٧٨٩) بنەمای یەکسانی، ئازادی و مافە مەدەنییەکانی سەلماند و دروشمی ئازادی، یەکسانی، برایەتی بوو بە هێمای خەباتی جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ رووخاندنی سیستەمی چینایەتی و بەرەو پێشبردنی بیرۆکەی هاوڵاتیبوون ئەم شۆڕشانە بنەمای فیکری و فەلسەفییان لە رووناکبیری سەردەمی رۆشنگەری وەرگرت، و بەیەکەوە کاریگەرییەکی قووڵیان هەبوو لەسەر گەشەکردنی دیموکراسی مۆدێرن و پەرەپێدانی چەمکی مافە جیهانییەکانی مرۆڤ وسنووردارکردنی دەسەڵاتی حکومەت وبنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یەکسانی یاسایی.
هەرچەندە ئەم شۆڕشانە لە هەموو روویەکەوە تەواو نەبوون و بەدیهێنانی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە دەیان ساڵی خایاند، بەڵام بناغەیەکی بەهێزیان دانا بۆ پێشکەوتنەکانی دواتر لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و ئاسووده‌یی تاك و كۆمه‌ڵگه رۆڵیان بینی و ده‌بینین كه له زانكۆی هارڤارد. له ساڵی 1938 پرسی ئاسووده‌یی كردووه به كێشه و توێژینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره و درێژخایه‌نی له‌سه‌ر ئه‌نجامداوه كه گرنگی ئه‌م بواره ده‌رده‌خات.
توێژینەوەی هارڤارد بۆ ٨٥ ساڵ - دەرخستنی هۆکارەکانی ژیانی بەختەوەر
ئەوە توێژینەوەیەکە کە لە زانکۆی بەناوبانگی هارڤارد بۆ ماوەی زیاتر لە هەشت دەیە ئەنجام دراوە و تەنانەت جۆن ئێف که‌نه‌دیش بەشداری تێدا کردووە. ئێستا ئەنجامەکانی بڵاو کراونەتەوە. ئامانجەکە گەیشتن بوو بە هۆکارەکانی ژیانی ئاسووده‌یی.
گرنگترین ئەنجامی توێژینەوەکە
گرنگترین ئەنجامێک کە لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت ئەوەیە کە ناوبانگ یان پارە یان جینی باش مرۆڤ بەختەوەر ناکەن، بەڵکو ئەوەی بەڕاستی گرنگە پەیوەندییە بەسوودەکانە.
سەرەتای توێژینەوەکە
لە ساڵی ١٩٣٨ەوە، واتە نزیکەی 87 ساڵ لەمەوپێش، توێژەران لە زانکۆی بەناوبانگی هارڤارد توێژینەوەیەکیان دەربارەی هۆکارەکانی بەختەوەری ئەنجام داوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە: چی وامان لێدەکات بەڕاستی بەختەوەر بین؟
توێژینەوەکە دەربارەی هۆکارەکانی بەختەوەری لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کەسانی لە هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکانی بۆستن لەخۆگرتووە، تەنانەت سەرۆکی پێشووی ئەمریکا جۆن که‌نیدیش بەشداری تێدا کردووە، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی فۆکەس ی ئەڵمانی بڵاوی کردۆتەوە.
بە بەکارهێنانی ئەو زانیاریانەی لە ماوەی ٨٥ ساڵدا کۆکراونەتەوە، پرۆفیسۆر رۆبەرت ج واڵدینگەر و هاوکارەکەی دکتۆر مارک شوڵز ئەنجامەکانی توێژینەوەکەیان لە کتێبێک‌دا بە ناونیشانی "ژیانی باش: وانەکان لە درێژترین توێژینەوەی زانستی دەربارەی بەختەوەری لە جیهاندا" بڵاوکردۆتەوە.
گرنگترین ئەنجامەکانی توێژینەوەی بەختەوەری لە زانکۆی هارڤارد
گرنگترین ئەنجامێک کە لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت ئەوەیە کە ناوبانگ یان پارە یان جینی باش مرۆڤ بەختەوەر ناکەن، بەڵکو ئەوەی بەڕاستی گرنگە پەیوەندییە بەسوودەکانە. مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆیە هاوڕێیەتی باش و پەیوەندی باش لەگەڵ خێزان و هاوبەشییەکی بەسوود کاری زۆر گرنگن کاتێک پەیوەندی بە ژیانێکی بەختەوەر و درێژەوە هەیە.
پرۆفیسۆر رۆبەرت ج واڵدینگەر، سەرۆکی توێژینەوەی گەشەی گەورەکان لە زانکۆی هارڤارد روونی دەکاتەوە کە ئەنجامی سەرسوڕهێنەر ئەوەیە کە پەیوەندییەکانمان کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر تەندروستیمان هەیە. راستە کە پەیڕەوکردنی خۆراکێکی هاوسەنگ و تەندروست و ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی گونجاو و خەوتنی ئاسوودە و رێکوپێک بەردی بناغەن بۆ ژیانێکی بەختەوەر، بەڵام پەیوەندییە نزیکەکان رۆڵێکی گەورە دەگێڕن لەمەدا، بەپێی ئەوەی ماڵپەڕی فۆکەسی ئەڵمانی بڵاوی کردۆتەوە.
تەنیایی وەکو جگەرەکێشان کوشندەیە:
واڵدینگەر روونی دەکاتەوە کە "ئاگاداربوون لە جەستەت شتێکی گرنگە، بەڵام ئاگاداربوون لە پەیوەندییەکانیشت شێوەیەکی چاودێری کردنی خودە. پێموایە ئەمە دۆزینەوەکەیە. تەنانەت سەرکردەی توێژینەوەکە گەیشتە ئەو رادەیەی بڵێت تەنیایی کوشندەیە وەکو جگەرەکێشان یان خوو پێوەگرتن بە ئەلکهول.
سەرەڕای ئەمەش، بەپێی واڵدینگەر مەسەلەکە پەیوەندی بە دروستکردنی زۆرترین ژمارەی هاوڕێیەتی و پەیوەندییەوە نییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە کەسانی نزیک هەبن کە بتوانیت پشتیان پێ ببەستیت. بۆیە رۆبەرت ج واڵدینگەر ئامۆژگاری بەمە دەکات به‌وه‌ی هەوڵ بدە گرنگی زیاتر بە پەیوەندییەکانت بدەیت.
بەختەوەریمان لە دەستی خۆماندایە
کەناڵی ناوەڕاستی ئەڵمانیا، ئێم دی ئار (MDR)ی گشتی لە شاری لایبزیگ لە رۆژهەڵاتی وڵات، راپرسییەکی دەربارەی هۆکارەکانی بەختەوەری ئەنجام دابوو و لە دیسەمبەر/کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو بەشداربووان لە راپرسییەکەدا پێیان وایە هەر کەسێک بەختەوەری خۆی لە دەستی خۆیدایە".
بۆ زۆربەی بەشداربووانی راپرسی کەناڵی MDR،تەندروستی(جه‌سته‌یی و ده‌روونی و ئه‌قلی) مەرجی سەرەکییە بۆ ژیانێکی بەختەوەر، کە ٩٠٪ی بەشداربووان جەختیان لەسەر کردەوە.
خێزان پلەی دووەمی لیستی بەختەوەری داگیر دەکات بە رێژەی ٨٤٪. ٧٧٪ی بەشداربووانی راپرسییەکە پێیان وایە خاوەندارێتی ماڵی تایبەت بەشێکە لە ژیانی بەختەوەر. دوای ئەویش خۆشەویستی و هاوبەشی دێت بە رێژەی ٧٣٪.
نەبوونی هیچ نیگەرانییەکی دارایی هەروەها فاکتەرێکی بەهێزە لە هۆکارەکانی بەختەوەری بە رێژەی ٧١٪. هەروەها ئاشتی و سروشت خەڵک بەختەوەر دەکەن، بەپێی زۆربەی بەشداربووانی.
ده‌كرێت بلێین ئاسووده‌یی چه‌مكێكی قووڵ و فره ره‌هه‌نده و زۆر هەڵدەگرێت و زۆر فراوانە، دەکرێت بە چەندین شێوە لێی بڕوانین و چەندین پێناسە لە خۆ دەگرێت و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر، لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر، لە ساتێکەوە بۆ ساتێکی تر، لە تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکی تر، لە کەلتوورێکەوە بۆ کەلتوورێکی تر، لە شێوازی بیرکردنەوەیەکەوە بۆ شێوازی بیرکردنەوەیەکی تر دەگۆڕێت، هه‌روه‌ك چۆن پێوه‌ره‌كانیشمان بۆ ئاسووده‌یی رۆڵ و كاریگه‌ری خۆی هه‌یه و ده‌كرێت بڵێین زۆرجار ئاسووده‌یی ده‌ستكرد و درووستكراو و وه‌همی و ساخته هه‌یه و له به‌رامبه‌ریشدا ئاسووده‌ی ره‌سه‌ن هه‌یه، هه‌روه‌ك ده‌كرێت بڵێین ئاسووده‌یی و چیژی ساته‌وه‌ختی و ئاسووده‌یی و چێژی درێژخایه‌نیش بونیان هه‌یه.
له كۆتایدا: دەکرێت خۆشبەختی وەک رەنگدانەوەی رەزامەندی لە ژیان تێبگەین یان وەک رەنگدانەوەی رێژەی دووبارەبوونەوەی هەست و سۆزە ئەرێنییەکان و بەهێزی ئەم هەستانە. وه ده‌ركه‌وتووه كه خۆشبەختی تەنها پێچەوانەی ناخۆشی نییە. پێویستە سێ رەگەزی سەرەکی بۆ خۆشبەختی لەبەرچاو بگرین:
(١) رەزامەندی لە ژیان و بوارە جیاوازەکانی.
(٢) چێژ وەرگرتن و هەستکردن بە دڵخۆشی
(٣) ئازار و خەم بە هەموو شێوەکانی لە دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەوە.
سەبارەت بە تەندروستی (ده‌رونی و جه‌سته‌یی و ئه‌قڵی)، ئەوە وەک فاکتەرێکی سه‌ره‌كی تاوتوێ دەکرێت، چونکە پەیوەندی بە هەرسێ فاکتەرەکەی پێشووەوە هەیە. سەرەڕای بوونی چەندین کێشەی پێوانەکردن لەم بوارەدا، بەڵام دەکرێت زۆربەیان بە بەکارهێنانی رێگەکانی توێژینەوەی گونجاو چارەسەر بکرێن. بۆیه مرۆڤ دەتوانێت ژیانێكی بە بەختەوەری راستەقینە بەدەست بهێنێت. ئەم بانگەشەیە دوو بیرۆكەی سەرەكی لەخۆ دەگرێت:
یەكەم: ئاسووده‌یی راستەقینە هەیە كە جیاوازە و لە خۆشی كاتی كه تێدەپەڕێت.
دووەم: بەختەوەری راستەقینە دەكرێت گەشە بكات و په‌ره‌ی پێ بدرێت، ئه‌ویش له رێگه‌ی خۆ په‌روه‌رده‌كردن له لای تاك و دانانی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ی مرۆییانه و سه‌رده‌مییانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه كه تاك په‌روه‌رده بكات ، له رووی جه‌سته‌یی و عه‌قڵیه‌وه ، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره و گرانی ده‌بێت له‌سه‌ر بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاسووده‌و به خته‌وه‌ر.
- ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی سودم لێوه‌رگرتوون بۆ ئه‌م بابه‌ته.
- مبروك، رشا محمد علی(2015) ، العلاقة بین ادارهة الحیاة والسعادهة لدی طلاب الجامعة، توێژینه‌وه‌یه‌كی بڵاوكراوه، مجلة كلیة التربیة ببورسعید. العدد الخامس.
- ارجایل، مایكل، ترجمهة: فیصل عبدالقدر یوسف، سیكولۆجیة السعادة، 1993
- منتدی سور الاوزبكیة. ترجمة: صفاء الاعسر و أخرون،السعادة الحقیقیة، أستخدام الحدیث فی علم النفس الایجابی،ط1، دار العین للنشر، 2005.
- د/ عبد لله سعیدي و د/ عبد الرزاق سیب، السعادة من خلال الدراسات المعاصرة، مجلة الإحیاء، المجلد: 22 ، العدد: 30 ، جانفي 2022- كلیة العلوم الإنسانیة والاجتماعیة - جامعة تلمسان.
https://www.emaratalyoum.com/online/follow-ups/2019-03-20-1.1194001
- دیما مەنسوور، هیا بجبووج - دوبەی بەروار: ٢٠ی مارسی ٢٠١٩
https://asjp.cerist.dz/en/article/176966
https://www.dw.com/ar/%D8%A3%D8%AC%D8%B1%D9%8A%D8%AA-%D9%84%D9%85%D8%AF%D8%A9-85-%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A7-%D8%AF%D8%B1%D8%A7%D8%B3%D8%A9-%D9%84%D9%87%D8%A7%D8%B1%D9%81%D8%A7%D8%B1%D8%AF-%D8%AA%D9%83%D8%B4%D9%81-%D8%A3%D9%87%D9%85-%D8%A3%D8%B3%D8%A8%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%8A%D8%A7%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%B9%D9%8A%D8%AF%D8%A9/a-68674664