دیداری یەکێتی، بۆنەیەک بۆ خستنەڕووی راستییەکان..

کەرکوک، قۆناغی نوێی ژیانەوە و پێکەوەژیان

09:46 - 2025-03-27
رێبوار تەها
103 خوێندراوەتەوە

 

گرێبەستێکمان ئیمزاکردووە بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەکی وەبەرهێنان کە رۆژانە 70هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، بەوەش پێداویستیی شارەکە لە بەرهەمەکانی نەوت پڕدەکاتەوە و هەلی کاریش بۆ 2000 – 3000 کەس دابین دەکرێت

دیداری یەکێتی، قۆناغێکی نوێی سیاسییە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی ئێستای کوردستان و عیراقدا و یەکێتی دەیەوێت پێشنیاز و رای کادران و جەماوەرەکەی بکاتە بنەما و نەخشەڕێگە بۆ  دروستکردنی بڕیار.
لە ئامانجە سەرەکییەکانی دیدار، رێکخستنەوە و چالاکترکردنی ئۆرگانەکانە بەپێی پێویستیی قۆناغەکە.
‎زۆر گرنگە یەکێتییەکان ئەم رووداوە حزبییە لە شاری کەرکوک بکەن بە بنەمای خزمەتکردنی شارەکە و پشتیوانی هەوڵەکانمان بن تا کەرکوک دەگەیەنین بە کەناری ئارامی، وەک چۆن پێشتر بەڵێنماندا کە ئیدارەی کەرکوک وەربگرینەوە و خزمەتگوزارییەکان بە یەکسانی بەسەر گەڕەکەکانی شارەکەدا دابەش بکەین و جیاوازیی لەنێوان گەڕەکەکاندا نەکەین و خزمەتی‌ هەموو پێکهاتەکانی بکەین، هەر واشمان کردووە، ئەوەتا لەگەڵ دەستبەکاربوونماندا، لە کەرکوک لە هەموو سێکتەرەکاندا شۆڕشێکی خزمەتگوزاریمان دەستپێکردووە، ئێستا لە هەموو گەڕەکەکاندا پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەکرێت، هەفتە نییە بەردی بناغەی پرۆژەیەک دانەنێین. 
‎ئێمە لە کوچە و کۆڵانەکانەوە ئەو شۆڕشەمان دەستپێکرد، گەڕەک هەیە 10 بۆ 12 ساڵە دروستکراوە و تائێستا کۆڵانەکانی گڵ و قوڕ و لیتە بووە، بۆیە بڕیارماندا کۆنکرێتیان بكەین و بەڵێنمانداوە لە کەرکوک هیچ کۆڵانێك نەهێڵینەوە کە خزمەتگوزاریی پێنەگات.
پڕۆسەی کۆنکرێتکردنمان بەسەر سێ قۆناغدا دابەشکردووە، تائێستا دوو قۆناغیانمان جێبەجێکردووە و 500 هەزار مەتر دووجار کۆنکریت کراوە و بەم نزیکانەش قۆناغی سێیەم جێبەجێ دەکەین. 

‎لەسێکتەری ئاو و کارەبادا 
‎پرۆژەی ئاوی پەنجا عەلی، یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگ و پڕبایەخەکان کە لە مێژووی کەرکوکدا نەبووە و لەسەر دەستی ئیدارەی ئێمەدا کارەکانی تەواوبووە و بەردی بناغەی دادەنێین و لەو رێگایەوە ئاوی شیرین بۆ تەواوی ئەو گەڕەکە دابین دەکرێت و لە تازەوە ئاو بە پەنجا عەلی دەگەیەنین کە ساڵانێکە خەڵکی ئەو گەڕەکە بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گازاندەیان گەیاندە یەکێتییەکەمان و ئێمەش چارەسەرمان پێشکەش کردن.  
‎بە هەمان شێوە لە سێکتەری کارەبادا، ئیدارەی ئێستای کەرکوک، تەنها لەم چەند مانگەی رابردوودا 130 بۆ 140محەویلەی کارەبای بۆ گەڕەکەکانی کەرکوک دابینکردووە. 

رووناککردنەوەی شەقامەکان 
جیاوازییەکی زۆر لەنێوان گەڕەکەکانی خواروو و سەرووی کەرکوکدا کرابوو، بەشێک لەو شەقامانە بەتەواوەتی تاریک بوون، ئێمە رووناککەرەوەمان بۆ دانان و بە کارەبای تەوارییەوە بەسترانەوە و لەگەڵ تاریکبووندا کاردەکەن تا خۆر هەڵهاتن، واتە بەبەردەوامی شەقامەكان رووناك دەبن. 
‎هەر لە بواری کارەبادا، لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکدا لە گفتوگۆداین بۆ دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبای 1000میگاواتی‌، هاوکات لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دیکەشدا لە کارکردنداین بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە سیستمی سۆلار. 
‎ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ دوو کۆمپانیای دیکەی بواری ریسایکلیندا لە دانوستانداین بۆ ‎ریسایکلکردنی زبڵ و خاشاک و دانانی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە سوودوەرگرتن لە خۆڵ و خاشاک.

لە سێکتەری نەوت و گازدا
‎وەک ئاشکرایە ئیدارەی نوێی کەرکوک بایەخی تەواوی بە سێکتەری نەوت و گازیش داوە وەک یەکێک لە سێکتەرە گرنگەکان، لەو رووەشەوە  گرێبەستێکمان ئیمزاکردووە بۆ دروستکردنی پاڵاوگەیەکی وەبەرهێنان کە رۆژانە 70هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، بەوەش پێداویستیی شارەکە لە بەرهەمەکانی نەوت پڕدەکاتەوە و هەلی کاریش بۆ 2000 – 3000 کەس دابین دەکرێت.
‎ئەم پرۆژەیە ماوەی هەشت بۆ نۆ ساڵ بوو کێشەی بۆ دروستدەکرا، بەڵام ئێمە هاتین کارئاسانیمان بۆکردن و ئێستا لێی دەستبەکاربوون. 
‎هەر لە بواری نەوتدا کارئاسانی تەواومان کردووە بۆ هاتنی کۆمپانیای (BP) و دوو جار لەگەڵیاندا کۆبووینەتەوە و لەدوای جەژنیش کۆبوونەوەی دیکە دەکەین. کارکردنی ئەو کۆمپانیایە لە کەرکوکدا، دەبێتەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنان، بەوەش بڕی ئەو پترۆدۆلارەی بۆ پارێزگاکە دانراوە زیاتر دەبێت و هەلی کاری زیاتریش دەرەخسێنێت بۆ گەنجان و دەرچووانی شارەکە.

نەوت و رەچاوکردنی ژینگە
پارک و دارستان و بلوار

ئێمە لە ئیدارەی کەرکوک، لەگەڵ زۆری کۆمپانیاکانی نەوت و کارگەکاندا بایەخدانمان بە ژینگە و زیادکردنی پانتایی سەوزایی پشتگوێ نەخستووە، لەگەڵ دەستبەکاربوونماندا گوشارمان کردووە تا کارگەی چیمەنتۆی لەیلان چیتر ئەو خۆڵ و تۆزە نەڕێژێتە هەواوە و بەسوپاسەوە هاتن بەدەنگ داواکەمانەوە و چارەسەریان کرد. 
‎بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزاییش، چەند هەنگاوێکی گرنگمان ناوە بۆ دروستکردنی سێ پارکی فراوان، دووان لەو پارکانە هەر یەکەیان بە پانتایی 100دۆنم بە شێوازێکی ئەندازەیی مۆدێرن دروست دەکرێن. 
‎هەر لە پێناوی سەوزکردنی شاریشدا بڕیارمانداوە هەر کۆمپانیایەک پرۆژە لە کەرکوک وەربگرێت، دەبێت هەزار درەخت بچێنێت. 
‎کارمان کردووە بۆ دروستکردنی دارستان لە نزیک بەنداوی خاسە. لەماوەکانی داهاتووشدا هەڵمەتێک دەستپێدەکەین و بلواری نێوان رێگای کەرکوک - هەولێر لە شوانەوە تا پردێ سەوز دەکەین. 

لە سێکتەری بواری رێگاوباندا
لە بواری پرد و رێگاوبانیشدا بەردی بناغەی چەندین پرۆژە دانراون، لەوانە: پرۆژەی دروستکردنی چوار پرد لە گورگەچاڵ و سێکانیان و پردێ و تازە و قوری چای لە سنووری نێوان داقوق و خورماتوو. 
هەروەها کاردەکرێت بۆ ‎فراوانکردنی شەقامی سەرەکیی رەحیماوا و هەروەها دروستکردنی ئەندەرپاس لە فولکەی ئیخوان و ‎دروستکردنی پرد و ئەندەرپاس لە نزیک گەراجی بەغدا و ‎فراوانکردن و نوێکردنەوەی دەروازەی کەرکوک – سلێمانی، جگە لەوەش نوێکردنەوە و فراوانکردنی رێگای کەرکوک - چەمچەماڵ تا نزیک بانی مەقان بەجۆریک هەر ئاراستەیەکی دەکرێت بە سێ ساید بە پانیی 12 مەتر. 
سەرەڕای ئەوانەش، ‎رێگای بەشێکی زۆری گوند و قەزا و ناحیەکان نوێکراونەتەوە و لە داهاتووشدا بەشێکی دیکەیان لێ جێبەجێ دەکەین. 

لە سێکتەری پەروەردەدا
 لە سێکتەری پەروەردە و خوێندنیشدا بەردی بناغەی 11 قوتابخانە و خوێندنگە دانراون و لە جێبەجێکردندان، هەروەها 12خوێندنگەی نێودەوڵەتیش دامەزراون کە  1950 خوێندکار بە سیستمی بەریتانی لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییەوە تا چوارەمی سەرەتایی تێیاندا دەخوێنن و بۆ هەر یەکێکیشیان بڕی سێ هەزار دۆلاری ساڵانە لە بودجەی پترۆدۆلار پارەیان بۆ سەرفەکرێت.

سێکتەری پاککردنەوەی شار
‎لە بواری پاککردنەوەشدا بە جۆرێک کارمان کردووە، لە هیچ سەردەمێکدا کەرکوک بەخۆیەوە نەبینیووە، کۆمپانیاکان بە بەهای نۆ ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێل و ئالیاتی جۆراوجۆریان کڕیوە و 1150 کرێکار بە شەو و رۆژ و بە دوو شەفت کەرکوک پاکدەکەنەوە و ئێستا لە کەرکوک شەقامەکان دەشۆردرێن و گسک دەدرێن، ئەمە جگە لە هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک کە پێشتر زۆر سست بوو.

2024 ساڵێک بەبێ بودجە
ئەم هەموو پرۆژە و پلانانەی لێرەدا باسم کردوون، لە ساڵی 2024دا جێکراونەتەوە بەڵام هیچ بڕە پارەیەکمان بەدەست نەگەیشتووە و تەنها پشتمان بە پترۆدۆلار بەستووە، پشتیوان بەخوای گەورە لە پلانی 2025دا زۆر لەوە زیاتر دەکەین.

پەیوەندیی ئیدارە بە حزب و پێکهاتەکانەوە
‎پەیوەندیی ئیدارەی کەرکوک لەگەڵ حزب و پێکهاتە جیاجیاکانی کەرکوک و بەغدادا لە ئاستێکی باشدایە و بەو ئاراستەیە کارمان کردووە کە هەموو پێکهاتەکان بەشداربن لە ئیدارەکەدا. 
جگە لەوەش هەوڵمانداوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پێکهاتەی‌ عەرەب و تورکماندا باش بکەین، بەجۆرێک لە بەرژەوەندیی هەردوولا بێت.
لەگەڵ کلدوئاشورییەکاندا بەهەمان شێوە پەیوەندیی تۆکمەمان هەیە، بەجۆرێک لەنێوان کەنیسەی کلدانی و شەرقیدا باڵانسمان راگرتووە. 
‎لەگەڵ لایەنەکانی بەغداشدا لە ئاستی حکومەت و حزبەکاندا پەیوەندیی باشمان هەیە و سوودمان لە پەیوەندییەکانی رابردوومان بینیووە و ئێستا تەنها لە کەرکوک و بەغدادا پرۆژە جێبەجێ دەکرێن.

ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان
دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم کە لە ماوەی رابردوودا تووشی ئاستەنگ و ئاڵەنگاریی زۆر بووینەتەوە لەوانە:
ئاڵەنگاریی ئەمنی: 
بێ هاژوهووژی راگەیاندن و سۆشیال میدیا، بەنهێنی کارمان کردووە و دەیان شانەی نهێنیی تیرۆریستانمان هەڵوەشاندووەتەوە. سوپاسی برایانی ئاسایش و دژەتیرۆری سلێمانی دەکەم کە هاوکارمان بوون.
هێزە ئەمنییەکان لە کەرکوک  نۆ ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە و دەیان تیرۆریستیان کوشتووە یان دەستگیرکردووە.

ئاڵەنگاریی سیاسی: 
بەشێک لە تورکمان و لایەنێکی عەرەبی بە چاوساغیی لایەنێکی سیاسیی کوردی، دادگایان لێگرتین و گرفتیان بۆ دروستکردین و ئێستا لە رێگەی راگەیاندنەوە هێرشی توند و چەواشەکارانەمان لەدژ بڵاودەکەنەوە. 
لەڕووی ئیدارییەوە بۆم دەرکەوتووە کە ئەم شارە هیچ دامەزراوەیەک کاری خۆی بە باشی ناکات و دەتوانم بڵێم (مۆسسه‌) لەم شارەدا نییە، بۆیە هەنگاومان ناوە بۆ بەدامەزراوەیی کردنی ئەو فەرمانگانە.

 

وەک چۆن پێشتر بەڵێنماندا کە ئیدارەی کەرکوک وەربگرینەوە و خزمەتگوزارییەکان بە یەکسانی بەسەر گەڕەکەکانی شارەکەدا دابەش بکەین و جیاوازیی لەنێوان گەڕەکەکاندا نەکەین و خزمەتی‌ هەموو پێکهاتەکانی بکەین، هەر واشمان کردووە

ئاڵەنگاریی دارایی
ئاڵەنگارییە داراییەکەش هیچی لەو ئاڵەنگارییانەی دیکە کەمتر نییە و کاریگەریی زۆری هەبووە و هەیە و وەک هەموو شارەکانی عیراق، حکومەت پارەی پێویست نانێرێت.

*ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی (ی.ن.ک) و پارێزگاری کەرکوک

پارێزگار، بەداتاو زانیاری راستییەکان دەربارەی کەرکوک دەخاتەڕوو

وتارەکانی نوسەر