پەشمەک

10:06 - 2022-06-19
ڤینۆس فایەق
552 خوێندراوەتەوە

58

گەشتەکانم بۆ ئەمریکا

سێهەم: مۆزەخانەکانی واشنتۆن
«شفیتز قابیلی تەفسیر نییە، پرسیار: ئەو رۆژە خودا لە کوێ بوو؟ وەڵام: ئەی مرۆڤایەتی لە کوێ بوو؟»
نووسەری ئەمریکی ولیەم ستیرۆن. 

رۆژێکی هاوینی ساڵی 2014 بوو کاتێک لە دووری کیشوەرێکەوە لە ماڵی خۆمەەوە، بە ئاسمانەوە، بەسەر زەریای ئەتڵەنتیکەوە کە لەناو فڕۆکەکەدا بە دەنگۆکە بانگەوازی مەترسیان دا و داوای بەستنی قایشی سەلامەتی و ئامادەکردنی چاکەتی فریاکەوتنیان لێکردین بۆ حاڵەتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لەناو کەشێکی ئێجگار خراپ و مەترسیداردا، بەهۆی باران و زریان و هەورەتریشقەیەکی ئێجگار زۆرەوە. دواجار فڕۆکەکە، درەنگتر لە کاتی نیشتنەوەی ئاسایی لە فڕۆکەخانەی واشنتۆن دی سی نیشتەوە و هەموو سەرنشینەکان کە گاور بوون هێمای خاچەکەی مەسیحیان لەسەر سینگیان دروستکرد و ئێمەش لەگەڵیان سوپاسگوزار بووین کە بەو ئاسمانەوە ژیانمان کۆتایی نەهات. 
رۆژی دوایی دوای دیمانەیەکی رادیۆیی لەگەڵ هاوڕێی رۆژنامەوان بەڵێن ساڵح، لە بینای رادیۆی دەنگی ئەمریکا دەهاتینە دەرەوە، داوام لێدەکرد رێگەی مۆزەخانەکانی واشنتۆنم پیشان بدات، لە دوورەوە پیاوێکمان لەسەر کورسییەکی تەختەی سەر شۆستەکە بینی دانیشتبوو، هەر بە گۆرانیبێژی فارسی ناودار «داریوش» دەچوو، کە نزیک بووینەوە دەرچوو خۆی بوو، هەر لە خەو دەچوو، چانسێکی زۆر بە نرخ بوو لەگەڵ ئەو هونەرمەندە کەمێک بە ئینگلیزی قسەمان کرد و وێنەمان گرت، دواتر بۆ لای مۆزەخانەکان رێگەکەم تەواو کرد. 
ئەمریکییەکان دەڵێن ژمارەی مۆزەخانەکان کە دەگاتە 34 هەزار مۆزەخانە لە هەموو ئەمریکا لە ژمارەی ماکدۆناڵدز و ستارباکسەکان زیاترە کە بە هەردووکیان دەگاتە تەنها 25 هەزار. بەتەنها لە شاری واشنتۆن 414 مۆزەخانە هەیە، واتا بەلایەنی کەمەوە لە کۆی سەردانەکانت بۆ ئەو شارە دەبێت 212 رۆژت بەدەستەوە بێت بۆ ئەوەی بتوانی هەر رۆژەی سەردانی لانیکەم دوانیان بکەیت. بەتەنها لەسەر شەقامێک بەناوی Independence ave و دەوروبەرییەوە نزیکەی 15 لەو مۆزەخانانە هەیە، ئەو رۆژە و رۆژی دوایی بۆم کرا سەردانی تەنها پێنج مۆزەخانە بکەم. لەوانە مۆزەخانەی ئاسمانی و فڕۆکەوانی، مۆزەخانەی هیندییە سوورەکان، مۆزەخانەی مێژووی سروشتی، و هەروەها مۆزەخانەی یادەوەریی هۆڵۆکۆست کە لای ئەمریکییەکان بایەخێکی تایبەتی هەیە، لەبەرئەوەی یادی کارەساتی سووتاندنی یەهودییەکان لە شەڕی جیهانی دووەمدا روویداوە لە هزری نەوەکانیاندا دەهێڵێتەوە، لە رێگەی نمایشی وێنە فۆتۆگرافییەکان و هەروەها گرتە ڤیدیۆییەکانی ئەو کەسانەی شایەتی ئەو تاوانە وەحشییە بوون، لە ناویاندا چیرۆکی «دانیال»ی منداڵ کە یادەوەرییەکانی بەشێوەیەکی سادە دەگێڕێتەوە، لە گەڕەکی جوولەکەکانەوە لە پۆڵەنداوە هەتا دەگاتە ئۆردوگای جوولەکەکان لە ئۆشفیتز، کە گەورەترین ئۆردوگا بوو نازییەکان بینایان کردبوو، نزیکەی ملیۆنێک و سێسەد هەزار ئەڵمانیان بۆ راگواستوە و ملیۆنێک و سەد هەزاریان لێ کوشتن. وەک ئەوەی لەو ئۆردوگایە بچمە دەرەوە، بیری ئەنفالەکان و بیابانی عەرعەر و نوگرەسەلمان و هەموو قوربانییەکانی کومەڵکوژیی کوردم کەوتەوە و پرسیم: داخوا ئەو رۆژانە خودا لە کوێ بوو؟ ئەی تۆ بڵێی ویژدان لەو کوێ بووبێت؟  
-ماویەتی-

وتارەکانی نوسەر