پاڵاوگەی ئەڵوەن و (الاراضي المحولة) پێش سەدەیەك

09:31 - 2025-05-14
عەزیز یاوەر
37 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە لە لایەن مێژوونووس و لێكۆڵەرەكانمانەوە زۆر كەم وتراوە و نوسراوە دەربارەی ئەو زەوییانەی كە بە (الاراضي المحولة) ناسراوە، بەڵام مێژووەكەی ئاڵۆز و پڕ لە مشتومڕ بووە، ناوەكەشی بە واتای ئەو خاكە دێت كە لە نێوان دوو یان چەند لایەنێكدا بە رێككەوتنێك، یان بەڵێننامەیەك خاوەندارییەكەی گواسترابێتەوە لە لایەكەوە بۆ لایەكیتر، وەكو ئەوەی لە نێوان حكومەتی توركیا و ئێران ئەنجامدرا و هەردوولا رازی بوون ئەو خاكە بە (الاراضي المحولة) بناسرێت و ببێتە بەشێك لە خاكی عیراق بابەتەكەش بڵاوكرایەوە، نەك تەنها لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا بەڵكو لەنێوان زلهێزەكانی جیهانیشدا، چونكە رێككەوتنەكە بە چاودێریی ئەوان ئەنجامدرا. 

شكستی عوسمانییەكان
پشتبەست بە سەرچاوەكان، رووبەری زەوییەكە دەگاتە (2080) كێلومەتری چوارگۆشە كە دەكاتە %0.5ی خاكی عیراق، بێگومان ئەگەر كێشمەكێش و بەرژەوندیی موستەحەق و ناموستەحەقی ئەو سەردەمە نەبوایە، خۆ ئەو سنوورە بەشێك نەبووە لە خاكی توركیا، بەڵام پاش شكستی ئیمپراتۆریی عوسمانی و لەدەستدانی ئەو هەموو خاك و دەوڵەتانە، و پاش گوڕانكاریی سیاسەتی ناوخویی و دەرەوەیان وەكو پاداشتێك و پانتاییەكی سیاسی لە گوڕەپانی ناوچەكەدا پێیان بەخشرا. 
 هەرچەندە ئەم بابەتە لە نێوان دوو لایەنی سەرەكی بووە و رەگ و ریشەی دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنی 25ی مارسی 1901، بەڵام بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی زلهێزەكانی ئەو كاتە كاریگەر بووە لەسەر دەستنیشانكردنی و دواتریش بووە هۆی رازیبوون و دانپێدانانی توركەكان بە دروستكردنی كومپانیای نەفتخانە لە خانەقین لە 20 ئابی 1925دا كە بەشێك بوو لە ئیمتیازاتی كۆمپانیای (دارسی) نێوان فارسەكان و ئینگلیزەكان، دەسەڵاتی ئەوەشی هەبوو بە ئاسانی لەو خاكەی نێوان خانەقین و مەندەلی پشكنین بكات بۆ سەرچاوەكانی نەوت. جگە لە نەفتخانەش ساڵی دواتر لە كەناری ئاوی ئەڵوەن لە خانەقین پاڵاوگەیەك بە ناوی (ئەڵوەن) دروستكرا و بووە یەكەمین پاڵاوگەی نەوت لە عیراق.

دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان
(كۆڵبەنكیان) ئەو پیاوە ئەرمەنییە بوو، كە شارەزابوو لە جیهانی نەوتدا و هەڵگری رەگەزنامەی پورتوگال بوو، پشكەكانی لە كۆمپانیای دارسی گەیشتە %5 و بوو بە دەوڵەمەندترین پیاوی ئەو سەردەمەی جیهان، بۆیە وەكو پاداشتێك بۆ عیراقییەكان بەڵێنیدا یاریگایەك دروست بكات و ئەوەبوو یاریگای شەعبی لە بەغدای پایتەخت دروستكرد و بڕیاریشیدا تیمی (بەنفیكا)ی پورتوگالی بهێنێتە بەغدا و یارییەكی دۆستانە بەرانبەر عیراق بكات بەو مەرجەش (ئۆزیبیو) كە باشترین یاریزانی ئەو كاتە بوو یاری بكات، ئەو مەرجەشی جێبەجێكرد، (كۆڵبەنكیان) كارە خێرخوازییەكانی گەیشتنە زۆربەی شوێنە هەژارەكانی جیهان، هەرچەندە یاریگایەكی بۆ عیراقییەكان دروست كرد و بەشداری سەرەكی دروستكردنی پاڵاوگەی ئەڵوەنیش بوو، بەڵام وەكو لە سەرچاوەكاندا هاتووە ئەو هەرگیز بۆ یەكجاریش پێی نەناوەتە نێو خاكی عیراق كوردستانەوە. (كالوست سەركیس كۆلبەنكیان) ساڵی 1869 لە شاری ئیستانبوڵی توركیا لە دایك بووە و ساڵی 1955 لە شاری لیشبۆنەی پورتوگال كۆچی دواییكرد. 

پاڵاوگەی ئەڵوەن 

وتارەکانی نوسەر