(10)
گەشەکردنی تەکنۆلۆژیا لەم چەند دەیەیەدا بەشێوەیەک گەشەی کردووە کە بۆتە هۆی دەرکەوتنی «ململانێی نەوەکان لە بواری تەکنۆلۆژیا»دا. ئەم ململانێیە تەنها لەسەر جیاوازیی شێواز و ئامڕازەکانی تاکەکان نییە بەڵکو، ئاسەواری لەسەر پەروەردە، کار و کەلتوری کۆمەڵگە دەبێت.
نەوەکانی پێشوو، یەکەم قۆناغی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیایان بەخۆوەدی. ئەو ئامێرانەی بەکاردەهێنران ئاڵۆزبوون و دەستگەیشتن بە زانیاری و سەرچاوە تەکنیکییەکان سنووردار بوو. تاکەکانی ئەم نەوەیە بە بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا راهاتن و بەهێواشی فێری بەکارهێنانی دەبن، لە ئەنجامدا بووە هۆی دروستبونی بۆشایی لە توانای خۆگونجاندن لەگەڵ نوێکردنەوە خێراکاندا، لە بەرامبەردا نەوەی (1980-2000) و نەوەی (دوای 2000) لە ژینگەیەکی دەوڵەمەند بە تەکنۆلۆژیا گەورە بوون، کە تەلەفۆنە زیرەکەکان، ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانی رۆژانەیان و ئەم نەوانە باشتر دەتوانن خۆیان لەگەڵ تەکنۆلۆژیای مۆدێرن بگونجێنن.
کاریگەریی ململانێکان زۆرن لەوانە: کەرتی پەروەردە کاریگەریی روونیی ئەم ناکۆکییە دەبینێت، مامۆستایانی بە تەمەن بەراورد لەگەڵ ئەو فێرخوازانەی شارەزایی دیجیتاڵی پێشکەوتوویان هەیە، قورسایی دەبینن لەگەڵ ئامڕازە دیجیتاڵییە مۆدێرنەکان. هەروەها لە شوێنی کاردا، نەوەی رابردوو رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لەبەکارهێنانی ئامڕازە تەکنیکییەکان لە کاتێکدا نەوەی گەنج لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم تەکنۆلۆژیایەدا سەرکەوتووە و بە ئامڕازێکی گرنگی دەزانێت بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، جگە لەوەی نەوە نوێیەکان زۆرجار پێشەنگایەتی داهێنان و پەرەپێدانی ئەپڵیکەیشنی نوێ و ئامڕازی تەکنیکی دەکەن لە کاتێکدا کەسانی بەتەمەنتر هەوڵدەدەن بەرگریی لە گۆڕانکاری بکەن یان شێوازە تەقلیدییەکان پەسەند بکەن.
پەرەسەندنی خێرای پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، دابەشبوونی دیجیتاڵی نێوان نەوەکان و پابەندبوون بە شێوازە تەقلیدییەکان لەبەرامبەر داهێناندا لە هۆکارە گرنگەکانی ئەم ململانێیانەن.
ئاسەوارەکانی زۆرن لەوانە، لە پەروەردەدا، بەنموونە، مامۆستایانی بە تەمەن دەشێت کێشەیان هەبێت لەڕێی ئۆنلاین لە پۆلەکانیاندا. بە پێچەوانەوە، فێرخوازانی گەنج لەڕێی پلاتفۆرمی دیجیتاڵییەوە فێردەبن لە ئاکامدا، نەوەی گەنج دەتوانێت لەم ژینگە تەکنیکییەدا سەرکەوتوو بێت، لەکاتێکدا نەوەی رابردوو بە زەحمەت مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە خێرایەدا دەکات.
لە کاردا، ناکۆکی دەبێت، نەوەی رابردوو دەشێت شێوازی تەقلیدیی بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان پەسەند بکات وەک بەکارهێنانی ئیمەیل لە کاتێکدا، نەوەی گەنج پلاتفۆرمی کاری تیمی یان ئامڕازەکانی پەیوەندیی دیجیتاڵی پەسەند دەکات.
لە ئاکامدا ئاستەنگ لە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان نەوەکان دەخوڵقێت. هەروەها نەوەکانی نوێ توانایان نیشاندەدەن بۆ داهێنان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا لە چارەسەری نوێدا، بە پێچەوانەوە نەوەکانی بەتەمەن کەمتر مەیلیان هەیە، بێنە ناو ئەم بوارە، ئەمەش جیاوازی دروستدەکات.
دەرەنجام، کاریگەریی دەبێت بۆ گۆڕینی شێوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پەراوێزخستنی نەوەی رابردوو لە کۆمەڵگەدا، دەبێتە فاکتەرێک بۆ بەهێزکردنی جیاوازیی ئابووریی نێوان نەوەکان. بێگومان راهێنان و خوێندنی بەردەوام، هاوکاریکردنی نێوان نەوەکان، پەرەپێدانی ئامڕازەکانی تەکنۆلۆژیا لە چارەسەرەکاندا خۆی دەبینێتەوە.
ململانێی نەوەکان لە تەکنۆلۆژیا، هەندێک جار وەک کۆسپ دەردەکەوێت، بەڵام دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ فێربوونی هاوبەش و هاوکاریی نێوانیان و تەکنۆلۆژیای نوێ کلیلی سەرکەوتنە کە خۆی لە توانای تاکەکاندا دەبینێتەوە بۆ خۆگونجاندن و فێربوونی بەردەوام، هەروەها دیاردەیەکی ئاڵۆزە کە ئاڵەنگاری و دەرفەت بەخۆیەوە راکێش دەکات لەڕێی، پەروەردەی بەردەوام، هاوکاری نێوان نەوەکان و داهێنان لە دیزاینی ئامڕازەکانی تەکنۆلۆژیادا و دەتوانین زاڵبین بەسەر ئاستەنگانەدا و هاوسەنگیی نەوەکان بەدیبهێنرێت، چونکە تەکنۆلۆژیا تەنها ئامڕاز نییە، بەڵکو رێگەیەکە بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی تاکەکان و بەهێزکردنی تواناکانیان لە بوارەکانی ژیاندا.
[email protected]