گەشتێکی پڕ لە دەستکەوتی سیاسی و بازرگانی

10:21 - 2025-05-18
هیوا محەمەد
37 خوێندراوەتەوە

بڕیاری هەڵگرتنی ئابڵووقەکە کرایە کارتی دەستکەوت بۆ چەند لایەک و چاکەکەی گەڕایەوە بۆ جێنشینی سعودیە و ترەمپ خۆی و لەگەڵیشیدا مەرجیان سەپاند بەسەر سوریادا

ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە و لە رۆژی سوێندخواردنیشدا، ئاماژەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکانی جیهان دەکرد، لەوانە جەنگی روسیا و ئوکرانیا، نەهێشتنی رژێمی سوریا، ئەتۆمی ئێران، ئیسرائیل و حەماس... هتد.
هەمیشە رکابەرەکان هەندێک کارت دەخەنە روو بۆ کاتی دانوستاندن، ئیتر لەوێدا دەیبەخشن و وەردەگرن. بۆ نموونە لەدوای نەمانی ئەسەدەوە، هیچ بیانوویەک نەما بۆ هەڵنەگرتنی ئابڵووقەی ئابووریی سەر سوریا، چونکە ئەوە بەهۆی بوونی رژێمی ئەسەدەوە بوو، لە کاتێکدا هاتنی جۆلانیش بە چرای سەوزی ئەمریکا خۆی بووە، دەنا رێگەی نەدەدا کەسێک ببێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە کە هێشتا ناوی لە لیستی تیرۆردایە لای ئەمریکا، بەڵام بڕیاری هەڵگرتنی ئابڵووقەکە کرایە کارتی دەستکەوت بۆ چەند لایەک و چاکەکەی گەڕایەوە بۆ جێنشینی سعودیە و ترەمپ خۆی و لەگەڵیشیدا مەرجیان سەپاند بەسەر سوریادا.
سەرۆکی ئێستای سوریا داوایکرد لە محەمەد سەلمانی سعودیە و ئەویش تکای کرد لە ترەمپ و ئەمیش لە کاتی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا لە کۆڕبەندی بەرهەمهێنانی سعودیەدا بە بەرچاوی هەموو کامێرا و میدیا جیهانییەکانەوە کردیە دیاری بۆ وەلی عەهد محەمەد بن سەلمان و ئامادەبووانی تووشی شۆک کرد، بەڵام ئەم سیناریۆیە پێشتر ئامادەکاریی بۆ کراوە، بەدوایدا شەرع خۆی دەگەیەنێتە کۆشکی یەمامە و بە نێوەندگیریی بن سەلمان چاوی بە ترەمپ دەکەوێت. 
ئەمە سورییەکانیشی هێنایە سەر شەقام و بە بڵندکردنی ئاڵای سعودیە و سوریا پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد، بە دوایدا ترەمپ داوای کرد لە سوریا و ئیسرائیل کە دان بە یەکتریدا بنێن و پەیوەندییان ئاسایی بێتەوە. لێرەشەوە بە تیرێک نەک دوو، بەڵکو چەند نیشانەیان شکاند، بۆ ئیسرائیلیش سوریایان مسۆگەر کرد کە بێ کێشەیە بۆیان.
سەردانی ترمپ بۆ سێ وڵاتی کەنداو، لەدوای رێککەوتنی بازرگانیی گەورە و بەگەڕخستنی بەرهەمهێنان لە ئەمریکا و زۆرێکی تر لە زۆر بواری دیکەدا لەگەڵ سعودیە، مەسەلەی لابردنی ئابڵووقەکەی سوریای لێکەوتەوە و سعودیەش بەمە شەرع پابەند بە خۆی، تازە خەڵکی سوریاش ئەمە لە چاوی محەمەد بن سەلمانی دەزانن و لە بیریان ناچێتەوە، ئێستا شەقامی سوری، سعودیەیان لا پەسەند ترە تا تورکیا کە جگە لە دانانی سەربازگە و پڕ چەککردنی گروپەکانی سەر بەخۆی، نەیدەتوانی ئەم ئابڵووقەیەیان لەسەر لابەرێت.

 سەردانی ترەمپ بۆ قەتەر
لەدرێژەی سەردانەکەیدا، ترەمپ لە دەوحە پێشوازییەکی هاوشێوەی سعودیەی لێکرا، لەوێش لەگەڵ ئەمیری قەتەر شێخ تەمیم کۆبۆوە.
قەتەر بۆ ئەمریکا گرنگە، زۆربەی کێشەکانی ئەمریکا لەگەڵ توندڕەوانی ئیسلامی لەم وڵاتە و بە ناوبژیوانی ئەمان چارەسەر دەکرێت، تەنانەت چەند جارێک هەر ئەمریکییەکان خۆیان وتویانە کە گوایە قەتەر هاوکاریی ماددی داعشیشی کردووە. 
لەگەڵ تالیبانی ئەفغانستانیش، ئەمریکا هەر لە قەتەر دانوستاندنی لەگەڵ دەکردن، هەروا لەگەڵ حەماسی ئێستاش.
تورکیا هاوکاریی سەربازیی قەتەر دەکات، کاتێک سعودیە ویستی دەروازەی سنووریی لەگەڵ قەتەر دابخات و هەڕەشەی لێکرد، تورکیا زۆر بەگەرمی داکۆکی لێکرد و سەربازیشی نارد بۆ قەتەر بۆ داکۆکی لێی لە کاتێکدا ئەگەر سعودییە ببێتە مەترسی بۆ سەری.
کەواتە هەڵبژاردنی قەتەر وەک دووەم وێستگەی سەردانەکەی ترەمپ، لەم روانگانەوە دێت و پێدەچێت، ترەمپ بیەوێت هەژموونی تورکیا کەم بکاتەوە و شتێک بە ناوی ناکۆکی یان مەترسیی سعودی بۆ سەر قەتەر نەمێنێت، تا قەتەریش چاوەڕوانی هاوکاری تورکیا نەکات، بەمەش ئەو پەیوەندییەی لە روانگەی ئیخوانگەراییەوە لە نێوانی ئەو دوو وڵاتەدا هەیە لاواز دەبێت.
ترەمپ سێ رێککەوتنی لەگەڵ قەتەر کرد بەوەش کە خۆی لەگەڵ ئەمیر شێخ تەمیم ئیمزای کردووە، چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە گرنگە و زوو کاری پێدەکرێت، ئەو سێ رێککەوتنەش پێکدێن لە، رێککەوتنی نێوان هێڵی ئاسمانی قەتەر و کۆمپانیای بیۆنگی ئەمریکی، رێککەوتنێک لە بواری پتەوکردنی داکۆکی هێزی ئاسمانیی جەنگی، ئەوی سێیەمیش لە بواری تەکنۆلۆژیا و زیرەکی دەستکردەوەیە، جگە لە رێککەوتنی کڕینی چەک و تەقەمەنی ئەمریکی لەلایەن قەتەرەوە بە بڕی مل دەیان ملیار دۆلار.
لە دوا وێستگەی سەردانەکەیدا، ترەمپ لەلایەن شێخ خالید وەلی عەهدی ئەبوزەبییەوە پێشوازی لێکراو لە مەراسیمێکی پڕ شکۆدا و بە سەمای کەلتوریی کچانی ئیماراتی، بەرەو شوێنی کۆبوونەوە و لێدوانەکان بەڕێکرا. 
ترەمپ لەهەر یەک لەم وڵاتانە ئاماژەی بە رووداو و کێشەکان دەدا، لەوانە ئێران و حوسییەکان و غەززە و روسیا و ئۆکرانیا و لە هەمووشیاندا رەخنەی توندی لەسەردەمی بایدن دەگرت و هەموو ئەو کێشە کەڵەکەبوانەی دەخستە ملی ئەو و لە پاڵیشیدا چارەسەرکردنیانی دەگەڕانەوە بۆ تواناکانی خۆی و ئەو بەڵێنانەی کە دابووی.
ترەمپ لەگەڵ ئەبوزەبییش چەند رێککەوتنی بازرگانی واژۆ کردووە، هەندێک لە میدیاکان دەڵێن زۆرێک لە رێککەوتنەکان لەگەڵ کۆمپانیای خانووبەرەی ترەمپ خۆیەتی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتانە، چونکە دەیەوێت و خۆی و خێزانی بەهرەمەند بن لەمە.

ئەمریکا و ئێران
بە پێچەوانەی ئیسرائیلەوە، وڵاتانی کەنداو پێیان باشە هەرچی زووتر ئەمریکا و ئێران رێک بکەون لەسەر چارەسەری کێشەکان و ناوچەکە نەبرێت بەرەو هێرشی سەربازی، چونکە بەمە پڕیشکی ئاگرەکە ئەوانیش دەگرێتەوە کە زۆریان نزیکن لە ئێرانەوە، بۆیە ترەمپیش لە لێدوانەکانیدا نەرمیی پیشانی ئێران دەدا و داوای لێدەکردن بژاردەی ئاشتی بگرنەبەر و کۆڵ بدەن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و پیتاندنی زیاتر لە سنووری رێپێدروای یورانیۆم، ئێرانیش لە هەموویدا وەڵامدانەوەیان دەبوو و ئەوانیش پێشوازییان دەکرد لە رێککەوتنێک دوور بێت لە لەرزۆکی و گۆڕینی هەڵوێست. 
بەگشتی پێدەچێت، ئاشتەواییەکی گشتی باڵ بکێشێت بەسەر ناوچەکەدا، بەڵام بیرمان نەچێت ئەم ئاشتییە بە زەبری چەک و هێزە، حوسییەکانی لەژێر بۆمباراندا، ناچار کرد کە ئیتر تەسلیم دەبن و لە کەشتییە ئەمریکییەکان نادەن، حەماسی وا لێکردووە دەڵێن هەر جەنگەکە رابگرن، ئێمە واز لەوە دێنین جارێکی تر ئیداەی غەززە بکەینەوە، حکومەتی لوبنانی ناچار کردووە کە حزبوڵڵا ناچار بکات بە دانانی چەک، حکومەتی نوێی سوریای بەستەوە بە سعودیەوەوە و داوای لێدەکات دان بە ئیسرائیلدا بنێت، روسیا و ئوکرانیای خستۆتە سەر مێزی دانوستاندن، لەگەڵ چین داوای کۆبوونەوە و لێکتێگەیشتن دەکات، بە فەرمانێک سەرەتای جەنگێکی ئەتۆمی نێوان هند و پاکستانی راگرت، لە هەموو ئەمانەشدا ئەمریکا هەژموونی خۆی فراوان دەکات و ترەمپیش پەیامی ئەوەیە کە نابێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستا، جگە لە ئیسرائیل و سعودیەی دۆستی دێرین، وڵاتێکی تر هەژموونی هەبێت و خۆی بە زل هێزی ناوچەکە بزانێت، لە پاڵێشێدا خۆی وادەناسێنێت کە پیاوێکی گەورەی ئەم سەدەیە دەبێت. 



وتارەکانی نوسەر