كاریگەریی لەپێشینەیی، لایەنگرییەكی مەعریفیی مێشكی مرۆڤە و ئاماژەیە بۆ مەیلی تاكەكەس بۆ باشتر یادكەوتنەوەی زانیارییەكانی سەرەتا، بەراورد بەو زانیارییانەی دواتر وەریگرتوون. ئەو شتانەی لە سەرەتادا پێشكەش دەكرێن، باشتر فێریان دەبین و زیاتر لە مێشكماندا دەچەسپێت بە بەراورد بەو مادانەی دواتر خراوەنەتەڕوو. ئەم كاریگەرییە لە هەردوو دۆخی فێربوونی فەرمی و كۆمەڵایەتیدا روودەدات. نموونەی كاریگەریی لەپێشینەیی زۆرن، لەوانه: یەکەم، ژمارەی تەلەفۆن، زۆرجار هەوڵدەدەین ژمارەیەكی تەلەفۆن لە یادگەی كورتخایەنماندا هەڵبگرین، بەڵام كاتێك هەوڵدەدەین بیری بهێنینەوە، تەنها چەند ژمارەی یەكەمیمان لە یادە. دووەم: لیستی كڕین، لە لیستی كڕیندا ئەگەری ئەوە زیاترە یەكەم یان دووەم شتمان لەبیر بێت، ئەوانیتر بەمێشكدا نایەن. سێیەم: نووسینی سیڤی، خەڵك راهاتوون لە بەشی سەرەوەی سیڤیدا تیشك بخەنە سەر گرنگترین كارامەییەكانی خۆیان. چوارەم: ناساندن، كاتێك چەند كەسێكمان بەیەكەوه پێدەناسێنن، ئەگەری ئەوە زیاترە ناوی ئەو چەند كەسەی یەكەم بێتەوە یادمان نەك ئەوانەی درەنگتر پێیان ناساندووین. پێنجەم: ریكلامی تەلەفزیۆنی، ئێمە مەیلی ئەوەمان هەیە یەكەم و دوا ریكلامی تەلەفزیۆنی لە كاتی پشوویەكی ریكلامدا لەیادمان بێت. هەر لەبەر ئەمەشە وای كردووە ئەم دوو سلۆتە لەلایەن كۆمپانیاكانەوە گرانتر بفرۆشرێن. شەشەم: یەكەم گەشت، دوای ئەوەی لە ژیانماندا لە فڕۆكەیەكی زۆردا فڕیوین، ئەگەر ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە، ئەوەی یادمان بێت، یەكەم فڕینمانە نەك دووەم و سێیەم و...هتد. حەوتەم: خوێندن، كاتێك خوێندكارانی زانكۆ بابەتێك دەخوێنن، مەیلیان بۆ ئەوە هەیە یەكەم شت كە خوێندوویانه باشتر لە بیرەوەرییەكانیاندا هەڵبگرین لە چاو شتەكانی دواتر. هەشتەم: فیلمەكان، رۆژێك دوای چوون بۆ سینەما، وەسفكردنی ئەوەی لە دیمەنی یەكەمی فیلمەكەدا روویداوە ئاسانترە لە دیمەنی دووەم و سێیەم و... دواتر. نۆیەم: بیرهێنانەوەی رۆژەكەت، لە كۆتایی رۆژێكی سەرقاڵیی ئاساییدا، ئەو شتانەمان ئاسانتر بیر دەكەوێتەوە كە یەكەمجار لە رۆژەكەدا روویداوە نەك نیوەڕۆ یان پاشنیوەڕۆ. دەیەم: بازاڕكردن، بازاڕكردن بۆ جلی بووكێنی دەتوانێت بە درێژایی رۆژ بەردەوام بێت، بەڵام رۆژی دواتر، بووكەكە زیاتر یەكەم جل و بەرگی لەبیرە كە دیوێتی و لەبەری كردووە نەك سێیەم و چوارەم. یازدەیەم: كڕینی خانوو، كڕینی خانوو ماندووبوونە، زۆر ئاسانترە یەكەم خانوو كە بریكارەكە نیشانی دابوین لەبیرمان بێت نەك خانووی سێیەم. دوازدەیەم: یادگەی سێرڤەر(گەرسۆن)، سێرڤەرێك داواكاریی مێزێكی گەورەی كڕیارەكان وەردەگرێت، تەنها ئەوانەی لەیادە سەرەتادا داوایان لێكردووە، بەڵام لەبیری دەكات خەڵكەكە لە ناوەڕاستدا داوای چییان كردووە. سیازدەیەم: پرۆڤەكردنی گۆرانییەك، لە كاتی پرۆڤەكردنی گۆرانییەكی نوێدا، رەنگە ئەندامانی تیپەكە ئاسانتر لەبیریان بێت كە گۆرانییەكە چۆن دەستپێدەكات نەك چۆن لەناوەڕاستدا دەڕوات. چواردەیەم: خوێندنەوەی رووداوەكان، كاتێك باوكێك داوا لە كچە هەشت ساڵانەكەی دەكات لەگەشتی قوتابخانەكەیدا بۆ مۆزەخانە، چی بینیوە و روویداوە؟ كچەكەی دوو شتی یەكەم كە سەیری كردوون، بە باشی روون دەكاتەوە و ئەوانیتر تێكەڵ دەكات.