تاوانی ئەنفال، یەكێكە لە گەورەترین و ترسناكترین تاوانەكان، كە لە كۆتایی سەدەی بیستەم بەرامبەر بە گەلی كورد لە (22/2/1988 بۆ 6/9/1988) کرا، پرۆسەیەكی تاوانكاریی بەرنامە بۆ دارێژراوی (سیاسی ـ سەربازی) رژێمی بەعس بوو كە بە هەشت قۆناغ، لە شەش ناوچەی جوگرافیای جیاجیادا بەڕێوەچوو و بەو هۆیەشەوە (182) هەزار کەسی مەدەنی لە ژن، منداڵ، گەنج و پیر، لە بیابانەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق لە دەیان گۆڕی بە كۆمەڵدا زیندەبەچاڵ كران.
تەنها لە رۆژی (14/4/1988)دا، زیاتر لە (20) هەزار ژن و منداڵ ڕاپێچی بیابانەکان کران و لەناوبران.
لەم پرۆسە تاوانكارییەدا، (4500) گوند و (24) ناحیە و (٥) قەزا لە كوردستاندا لەگەل زەویدا تەخت كران.
تاوانی ئەنفال و گۆڕە بەكۆمەڵەكان
22 ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعسدا تێدەپەڕێت و تائێستا تەنها نزیكەی (1745) روفاتی ئەنفالكراوان لە گۆڕی بەكۆمەڵ دەرهێنراونەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە (چەمچەماڵ، دوكان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان) بەخاك سپێردراون، بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
1ـ (256) روفات لە گۆڕێكی بەكۆمەڵدا لە سنووری پارێزگای نەینەوا دۆزرانەوە و لە رێوەسمێکدا لە (17/1/2008) لە دوكان بە خاك سپێردران.
2ـ (187) روفات لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ناوچەی (الحیدریة) لە پارێزگای نەجەف، لە (14/4/2014) لە گۆڕستانی (دێ بنە) لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بە خاك سپێردران.
3ـ (106) روفات كە بەهۆی برسێتی، تینوێتی و نەخۆشییەوە لەناو زیندانی سەربازگەی دووبزدا كە تایبەت بوو بە زیندانیكردنی ژنان و منداڵان، گیانیان سپارد بوو، لە رۆژی (11/4/2010) لە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەخاك سپێردران.
ئەم (106) روفاتە، لە (104) منداڵ و دایكێكی دووگیان بە کۆرپەکەی ناو سکییەوە پێكهاتبوون و لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێم بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق دەرهێنرانەوە، لە پارێزگای هەولێر سامپڵی ئێسكیان لێوەگیرا بە مەبەستی پشكنینی(DNA).
4ـ (730) روفات لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ناوچەی مەهاری لە پارێزگای نەجەف، كە لە رێوڕەسمێکی گەورە و شایستەدا، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری وڵاتان، لە (29/5/2012) لە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ بەخاك سپێردران.
5ـ (158) روفات لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی چیای حەمرین لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە (12/12/2012) لە گۆڕستانی (دێ بنە) لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە خاك سپێردران. لەناو ئەو (158) روفاتەدا، (2) روفاتیان ناسنامەیان پێبوو و بەپێی ناسنامەكانیان دەركەوت كە خەڵكی گوندێكی نزیكی قەزای چەمچەماڵن، هێنرانەوە و لە (6/3/2014) لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ بەخاك سپێردران.
6ـ (56) روفات لە نزیك قەڵای نوگرەسەلمان لە پارێزگای سەماوە، لە (12/6/2014) لە گۆڕستانی (دێ بنە) لە گەرمیان بە خاك سپێردران.
7ـ (80) روفات لە گۆڕێكی بە كۆمەڵدا لە سەربازگەی تۆپزاوە دۆزرانەوە، لە (8/9/2013) لە گۆڕستانێكی سەربازگەی تۆپزاوە، بە خاك سپێردران.
8ـ (172) روفاتی ئەنفالكراوان سەرجەمیان ژن و منداڵ بوون و گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە بیابانی (تل شێخە) لە سەماوە دۆزرانەوە، لەلایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەڵدرایەوە و لە (21/2/2024)دا لە گۆڕستانی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە خاك سپێردران.
لە رۆژی (22/12/2024) خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە بیایانی (تل شیخە) لە سەماوە، دۆزینەوەی گۆڕێكی بە كۆمەڵی راگەیاند، روفاتی (153) ئەنفالكراوی تێدابوو، ئێستاش روفاتەکان لە پزیشكی دادی بەغدایە، لەقۆناغی وەرگرتنی نموونەی ئێسكدان بۆ پشكنین و تائێستا نەگەڕێنراونەتەوە.
چی كراوە بۆ گۆڕی بە كۆمەڵ؟
لە ساڵی (2006)، پەرلەمانی عیراق یاسای ژمارە (5)ی بۆ پاراستنی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عیراق دەركرد، ئەم یاسایە ژمارە بە (13) لە ساڵی 2015دا هەمواركراوەتەوە، هەموو لایەنەكانی تایبەت بە گۆڕی بە كۆمەڵی رێكخستووە.
بەپێی یاساکە، بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت بە پاراستن و دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عیراق دامەزرێنرا، لە هەمانكاتدا لەناو وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەت دامەزراوە بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕی بەكۆمەڵ و ستافێكی راهێنراوی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕی بەكۆمەڵی بۆ پێكهێنراوە.
بە هەوڵی تیمەكانی ئەم دوو بەڕێوبەرایەتییە، لە رابردوودا (1745) روفاتی ئەنفالكراوان لە گۆڕی بە كۆمەڵ دەرهێنراون و گەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
روفاتی ئەنفالكراوان و پشكنینی (DNA)
تائێستا ئەو روفاتانەی گەڕێنراونەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەپێی ناسنامە و ئەو بەڵگانەی لەناو گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا دۆزراونەتەوە، بڕیاری شوێنی بەخاك سپاردنیان دراوە، كە خەڵكی چ ناوچەیەكن، یاخود بەركەوتەی كام قۆناغی ئەنفالن؟ بۆیە گەڕێنراونەتەوە بۆ ئەو ناوچەیە، بە نموونە:
ئەو (730) روفاتەی بیابانی مەهاری لە پارێزگای نەجەف، چەند ناسنامەیەكی تێدابوو، كە خەڵكی ناوچەی قەرەحەسەن و گوندەكانی سنووری چەمچەماڵ بوون، بۆیە لە چەمچەماڵ بەخاك سپێردران. لەو (172) روفاتەی ژن و منداڵەكان، زیاتر لە (20) ناسنامەی تێدابوو، كە خەڵكی سنووری ناحیەی ئاغجەلەر بوون، واتا بەركەوتەی قۆناغی چواری ئەنفال بوون، بۆیە لە چەمچەماڵ بەخاك سپێردران.
هەرچی بۆ ناسینەوەی روفاتەكانە، تائێستا پرۆسەكە بەو شێوەیە بووە كە دوای جیاكردنەوە و هەڵگرتنەوەی روفاتەكان لەناو گۆڕەكان و بردنی بۆ پزیشكی داد لە بەغدا، لەوێ نموونەی ئێسك لە روفاتەكان وەردەگیرا، كۆدێكی تایبەت بە روفاتەكە دادەنرێت، بە مەبەستی پشكنین بۆ ناسینەوەیان و دواتر كۆدەكە لە تابووتەكان دەدرێت و پاشان لەكاتی بەخاك سپاردنیان ئەو كۆدە لە كێلی سەر گۆڕەكانیان دەدرێت، مەبەست لێی هەركاتێك پشكنینی (DNA) بۆ كەسوكارییان كرا، بەو كۆدەدا بناسرێنەوە.
ئەگەرچی پشكنینی (DNA) یەكێك بووە لە داواكارییە رەوا و پێویستەكانی كەسوكاری ئەنفالكراوان، تا بە ئێسك و پروسكی كەسوكاریان شادببنەوە، بەڵام بۆ یەكەمجار وەرگرتنی زانیاری و نموونەی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان چووە بواری جێبەجێكردنەوە، تائێستا شەش قۆناغ کراوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
لە (17/2/2024) بۆ یەكەمجار وەرگرتنی زانیاری نموونەی خوێن لە هەڵمەتێكی نیشتمانیدا راگەیەندرا و تیمێكی پسپۆڕی نیشتمانیی تایبەت كە پێكهاتبوون لە (بەشی پزیشكی دادی بەغدا، بەڕێوبەرایەتی پاراستنی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و بێسەروشوێنان) و كۆمسیۆنی نێودەوڵەتی ونبووان ـ ICMP، بە هاوئاهەنگیی نووسینگەی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، دەستیانکرد بە بەڕێوەبردنی پرۆسەی كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی نموونەی خوێن لە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان.
شوێنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییە بۆ وەرگرتنی زانیاری و وەرگرتنی نموونەی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان بۆ یەكەمجار لە بەڕێوەبەرایەتیی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ بوو، بەم شێوەیە:
1ـ (17/2/2024 بۆ 22/2/2024) هەڵمەتەكە بۆ ماوەی (5) رۆژ بەردەوام بوو، لەبەرئەوەی لە (21/2/2024) بەبۆنەی هێنانەوەی روفاتی (172) ئەنفالكراوی ژن و منداڵ كە لە گۆڕستانی بەڕێوەبەرایەتی مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بەخاك سپێردران، تیمەكە كارەكانیان لەو رۆژەدا راگرت و بۆ رۆژی دواتر بەردەوام بوون.
2ـ لە (3/3/2024 بۆ 8/3/2024) بۆ ماوەی شەش رۆژ، ئەم تیمە نیشتمانییە رۆیشتن بۆ گەرمیان لەوێ دەستیانكرد بە وەرگرتنی زانیاریی و وەرگرتنی نموونەی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان.
3ـ لە (1/12/2024 بۆ 4/12/2024) بۆ ماوەی چوار رۆژ ئەم تیمە رۆیشتن بۆ كۆیە سەر بە پارێزگای هەولێر و دەستكرا بە وەرگرتنی زانیاریی و وەرگرتنی نموونەی خوێن لە كەسوكاری ئەنفالكراوان.
4ـ لە (24/11/2024 بۆ 28/11/2024) بۆ ماوەی پێنج رۆژ، ئەم تیمە نیشتمانییە لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، زانیاری و نموونەی خوێنیان لە كەسوكاری ئەنفالكراوان وەرگرت بۆ جاری دووەم.
5ـ لە (6/2/2025 بۆ 13/2/2025) بۆ ماوەی هەشت رۆژ، ئەم تیمە نیشتمانییە، لە قەزای كۆیە، زانیاریی و نموونەی خوێنیان لە كەسوكاری ئەنفالكراوان وەرگرت بۆ جاری دووەم.
6ـ لە (16/2/2025 تا 20/2/2025) ئەم تیمە هاتنەوە بۆ چەمچەماڵ، زانیاری نموونەی خوێنیان لە كەسوكاری ئەنفالكراوان وەرگرت، وا بڕیارە بۆ جاری سێیەم لە مانگی شەشی ئەمساڵدا بگەڕێنەوە بۆ چەمچەماڵ و بۆ ماوەی (10)رۆژ هەمان کار بکەنەوە.
لە ئەنجامی ئەم شەش قۆناغەدا، تیمەكان لە چەمچەماڵ، كۆیە و كەلار، (33) رۆژ لە كاردابوون و لەو ماوەیەدا فۆڕمیان بۆ زیاتر لە 2500 ئەنفالكراو پڕكردووەتەوە و نموونەی خوێنیان لە زیاتر لە 2250 كەسوكاری ئەنفالكراوان وەرگرتووە.
سەردانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان
لە (7/1/2025) لەگەڵ بەشێك لە نووسەران و كەسوكاری ئەنفالكراوان و رێكخراوەكانی بواری ئەنفال، چووین بۆ بینینی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕێكی بە كۆمەڵی ژن و منداڵ، لە بیابانی (تل شیخە) لە سەماوە، وێڕای دووری و شەكەتی رێگە، بەڵام دیمەنی گۆڕی بە كۆمەڵ زۆر تاقەت پڕوكێن بوو، ئەوەی لە نزیكەوە نەیبینێ، هەرگیز بە نووسین ناتوانێت گەورەیی ئەو ستەمەی لە میللەتی كورد كراوە بگەیەنێت. لەوێ دەزانیت دوژمنانی كورد چەند رقیان لە كوردە، چەند دڵڕەق و بێبەزەیی بوون. ئەمانە بە ئۆتۆمبێلی سەربازی هێنراون و لەو رێگا دوورەوە تا ئێرە، دەبێت چەندە تینوێتی و برسێتییان چەشتبێت؟، كە چاویان بەم بیابانە چۆڵە كەوتبێت چ هەستێکیان لەلا دروست بووبێت؟!
دەبێت كاتێك ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان گەیشتبێتنە سەر چاڵە ئامادەكراوەكان، لە تینوێتی و برسێتی و ماندوێتی رێگەدا دڵخۆش نەبووبێتن بە وەستانی ئۆتۆمبێلەكان؟!
گۆڕەكە درێژییەكەی نزیكەی (17) مەتر بوو و پانییەکەشی (5،2) مەتر بوو، بە شۆفڵ هەڵكەندرابوو، نزیكەی (30) مەتر لەولاترەوە، ئەو گۆڕە هەڵدراوەیە بوو كە ساڵی (2019) روفاتی (172) ژن و منداڵی تێدا دەرهێنرابوو. (50) مەتر ئەولاتر، تیمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان گۆڕێكی دیكەیان دەستنیشان كردبوو بۆ هەڵدانەوە، ئەندامانی تیمەكە وتیان دوو گۆڕی دیكەشمان لەم نزیكانە دەستنیشان كردووە، واتا ئێستا سێ گۆڕی بە كۆمەڵ ئامادەیە بۆ هەڵدانەوە.
قەوانی گولـلەی كڵاشینكۆفەكان لەسەر لێواری چاڵەكان مابوونەوە و بەشێكی قەوانەكانیش كەوتبوونە ناو چاڵەكەوە، دیمەنێكی زۆر ئازاربەخش بوو بۆ ئێمە، منداڵەكان چۆن باوەشیان بە دایكیاندا كردبوو.
قووڵیی گۆڕەكە نزیكەی یەك مەتر دەبوو، لەبەرئەوە لەگەڵ داپۆشینەوەیدا بە شۆفڵ، كەلـلەسەری چەند دانەیەكیان ورد ببوو، دیاربوو قورسایی تایەی شۆفڵەكە كەلـلەسەرەكەی ورد كردبوو.
لە كاتی گەڕانەوەمان، كاتێك سواری ئۆتۆمبێلەكە بوومەوە، وێنەی میلی كیلۆمەتری ئۆتۆمبێلەكەم گرت، لە بیابانی (تل شیخە)ـەوە بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفال لە قەزای چەمچەماڵ، (718) كیلۆمەتر دوور بوو.
یەكێك لە گرفتەكان ئەوەیە كە شێوازی هێنانەوەی روفاتەكان زۆر درەنگ كەوتووە و ئەگەر پەلە نەكرێت و لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراقدا، خێراتر هەنگاو نەنرێت، ئەوا لە چەند ساڵی ئایندەدا دەیان گۆڕی بەكۆمەڵ بۆ هەتاهەتایە لەناو دەچێت.
*بەڕێوبەری مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ
دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە سەماوە