پەنجا ساڵ شكۆمەندی: ژنان كۆڵەكەیەكی بەهێزی یەكێتین

11:58 - 2025-05-26
له‌تیف نێروه‌یی
92 خوێندراوەتەوە

(2)
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و لە روانگەی بڕوابوونی یەكێتییەوە بە تایبەتی هەڤاڵ مام جەلال بە ماف و توانای ژنان، ئەم حزبە پانتاییەكی تایبەتی گۆڕەپانی خەباتی خۆی تەرخانكرد بۆ ژنان و لەو قۆناغە دژوارەدا ئەركێكی زۆر مەترسیدار كەوتە سەرشانی تەوارە نیشتمانپەروەرەكانی وڵات، بۆیە لە هەموو وێستگە جیاوازەكانی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی، خەباتی نهێنی ناو شارەكان، قۆناغی دوای راپەڕین تا دەگات بە ئێستا، ژنان كۆڵەكەیەكی بەهێزی خەباتی هەمەلایەنەی یەكێتین. لێرەدا ئاماژە بە هەندێک رەهەندی خەباتی ژنان لەناو یەكێتیدا دەدەین:
*لە سەردەمی خەباتی نهێنی و گەیاندنی نامەی رێكخستن بۆ ناوچە رزگاركراوەكان، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاریی و نامە لەناو شار و تەنانەت بڵاوكردنەوەی پەخشنامە، بەشێكی زۆر لە تەتەر و هەڵگرانی نامە نهێنییەكان ژنان بوون و دەیان لەو تێكۆشەرانە بە نامە نهێنییەكانەوە دەستگیرکراون و ئەشكەنجە دراون.
*بەشێكی زۆر لە ژنان كە كوڕەكانیان یان هاوسەرەكانیان پێشمەرگە بوون، بەهۆی كوڕ و هاوسەرەكانیانەوە زیندانی دەکران و ئەشكەنجە دەدران.
*بەشێكی دیكەی ژنان كە كوڕ و هاوسەرەكانیان پەیوەندییان بە هێزی پێشمەرگەوە دەكرد، ئەركی بەخێوكردنی خێزانەكانیان دەكەوتە سەرشانی ژنان و رۆڵی باوكایەتیشیان دەبینی.
*بەشێكی دیكەی ژنان كە لەگەڵ هاوسەرەكانیاندا روویان دەكردە ناوچە رزگاركراوەكان، دەبوونە ئامانجی بۆردومان و پەلامارەكانی سوپای ئەوسای رژێمی بەعس و دەیان ژن بوونەتە قوربانی.
*هەروەك نابێ رۆڵی ژنان لە ناوچە رزگاركراوەكاندا لە خزمەتی هێزی پێشمەرگە بە هەند وەرنەگیرێت.
*هەندێك لەو تەوارە ئازایانە، شانبەشانی پیاوان ئەركی برینپێچی و پزیشكییان بۆ رزگاركردنی ژیانی پێشمەرگە تەرخان دەكرد.
*هەندێك لەو ژنە كەم وێنانە، مامۆستای شۆڕش بوون و ئەركی پەروەردە و فێركردنی منداڵانی ناوچە ئازادكراوەكانیان لە ئەستۆ بوو.
لە بەرامبەر ئەو رۆڵ و ئەركەی كە لەسەر شانی ژنان بووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تایبەتی هەڤاڵ مام جەلال بە بەردەوامی پشتگیریی لە خەباتی ژنان دەكرد و هانی دەدان، بۆیە ژنان لەناو ریزەكانی یەكێتیدا لە چەندین بواردا پێشەنگی ژنانی كوردستان بوون لەوانە:
*یەكەم رۆژنامەوان و وێنەگری جەنگیی ژنێكی شۆڕشگێڕ بوو كە لە شاخەكانی كوردستان شانبەشانی برا پێشمەرگەكان لە بەرەكانی شەڕ و بۆردوماندا دیمەنی شەڕەكانی تۆمار دەكرد ئەو ژنە شۆڕشگێڕە هەڤاڵ (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بوو.
*پەروەردەكردنی چەند قەڵەمێكی ئازا و بوێر لەناو ژنانی شاخ و دەركردنی گۆڤاری (تەوار) كە تایبەت بوو بە ژنان.
*دروستكردنی رێكخراوی یەكێتیی ژنان لە سەردەمی خەباتی شاخدا.
*لە دوای راپەڕین پێكهێنانی هێزێكی بە دیسپلینی پێشمەرگە تایبەت بە ژنانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەرگری لە كوردستان.
*یەكەم ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبێكی كوردستانی كە ژن بوو هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
*یەكەم ژنە حاكمی كورد لەلایەن یەكێتییەوە دەستبەكار بوو.
*یەكەم سەرۆكی پەرلەمان كە بۆ ماوەی زیاتر لە (5) ساڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كردبێت، خانمە هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
*یەكەم پارێزگاری پارێزگایەكی كوردستان كە ژن بێت، هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
*یەكەم ژنە قایمقامی كورد هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
*یەكەم سەرۆكی زانكۆ لە هەرێمی كوردستان كە ژن بێت هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
*یەكەم سەرۆكی شارەوانی لە ناوەندی پارێزگایەك كە ژن بێت، هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
*یەكەم كەناڵی ئاسمانی كوردی كە بەرپرسەكەی ژن بێت، كەناڵێكی یەكێتی بووە و بەرپرسەكەی هەڤاڵێكی ژن بووە.
*یەكەم حـــــزبی كوردستانی كـــــــە بڕیـــــــــــاری دابێت 25 %ی سەركردەكانی ژن بن، یەكێتی بووە.
هەموو ئەم یەكەمانە و چەندانی دیكە، بەڵگەی ئەو راستییەن كە ژنان لەناو ریزەكانی یەكێتیدا پێگەیەكی بەهێزیان هەیە و لە بەرامبەریشدا، یەكێتی متمانەی تەواوی بە ماف و تواناكانی ژنان هەیە و لەدوای پێنجەمین کۆنگرەی یەكێتیش، یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە سەرپەرشتیی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی تەرخانكرا بۆ چۆنییەتی پشتگیریكردنی ژنان لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتی و پاراستنی مافەكانیان، وەك هەمیشەش یەكێتی وەك بەشێك لە جەستە و بیری سۆشیال دیموكرات بەردەوام دەبێت لەسەر پشتگیریكردن لە ژنان و هەوڵەكانی یەكێتی بەو ئاراستەیە دەبێت كە پانتایی پاراستنی مافی ژنان تەنها لەناو ئۆرگانە حزبییەكاندا قەتیس نەكرێت، بەڵكو لەناو هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵدا رەنگبداتەوە و بچەسپێت.

وتارەکانی نوسەر