(3)
پێكەوەژیان وەك چەمك و تێگەیشتن، لە گشتگیرترین پێناسەیدا بریتییە لە كۆمەڵە خەڵكێك، كە بەشێوەیەكی ئاشتیانە و ئارەزوومەندانە لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا بەیەكەوە بژین و رێز لە بیروباوەڕ و ئایدیا و دابونەریت و كەلتور و زمانی یەكتر بگرن، بەبێ ئەوەی (رەگەز، ئایین، مەزهەب، نەتەوە، زمان، زاراوە، ناوچە و..هتد) ببێتە هۆكاری جیاكاری و بەریەككەوتن.
یەكێتی، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، خوێندنەوەیەكی ورد و بابەتیانەی هەبووە بۆ واقعی پێكهاتەكانی جڤاكی كوردستانی و گرنگیدان بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی كردووەتە ناونیشانی خەبات بۆ لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكان، لەو پێناوەشدا هەمیشە لەو بڕوایەدا بووە كە جێبەجێكردنی دروشمە سەرەكییەكەی (مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كوردستان و دیموكراسی بۆ عیراق)، پێویستی بە قووڵكردنەوەی بنەمای پێكەوەژیان هەیە و بەبێ فەراهەمكردنی ئەو بەهایەش لە هەرێمی كوردستان و لە هەموو عیراقدا، بەربەستی گەورە لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو دروشمەدا دروستدەبێت. لەو پێناوەشدا یەكێتی، پرسی پێكەوەژیانی كردووەتە بەشێكی گرنگ لە فەلسەفە و ستراتیژیەتی خۆی و لەسەر ئەو بنەمایەش نەخشەڕێگایەكی بۆ پێكەوەژیان داڕشتووە، كە لەسەر دوو كۆڵەكەی سەرەكی دەوەستێت، ئەوانیش:
یەكەم: پێكەوەژیانی سیاسیانە.
دووەم: پێكەوەژیانی پێكهاتەكان.
لەدایكبوونی یەكێتی و پێكهاتەی یەكێتی وەكو نیمچەبەرە، لەلایەكەوە پێكەوەژیانی سیاسی و فرەحزبی لەگەڵ خۆیدا هێنا و لەلایەكی دیكەوە كەشێكی ئازاد و دیموكراتیانەی ناوخۆی حزبیی رەخساند، كە سێ دیدگا و جیهانبینیی جیاوازی سیاسی لەناو یەك حزبدا و لەپێناوی یەك ئامانج پێكەوەژیانێكی سیاسیانە فەراهەم بكات. بۆیە دەكرێ بڵێین لەگەڵ لەدایكبوونی یەكێتی، پێكەوەژیانی سیاسیانە لە باشووری كوردستانیش لەدایكبووە.
-لەلایەكی دیكەوە پێكهاتەی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی رەنگدانەوەی گرنگیدان بە پێكهاتەكانی پێوە دیارە، چونكە:
-دوو هەڤاڵی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی لە پێكهاتەی كوردانی فەیلی بوون.
-هەڤاڵێكی دەستەی دامەزرێنەر لە ماڵباتێكی دیاری دەڤەری هەورامان بووە.
-هەڤاڵێكی دیكە لە ماڵباتێكی كرمانجی و سەر بە پارچەیەكی دیكەی كوردستان بووە.
-هەڤاڵێكی ئەندامی سەركردایەتیش لە ماڵباتێكی دیاری كوردانی ئێزدی بووە، كە یەكەم جار بوو كوردێكی ئێزدی لە باشووری كوردستان ببێتە ئەندامی سەركردایەتیی حزبێكی كوردستانی.
بەم فۆرمە نوێیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان مۆدێلێكی فرەحزبی و پێكەوەژیانی سیاسی، شانبەشانی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان، ئاوێتەی یەكتری كرد. بەمەش ئەو راستییە دووپاتدەكرێتەوە كە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی سیاسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان، تەواوكاری یەكترن و هەر لایەنێكی سیاسی بڕوای بەپێكەوەژیانی ئاشتیانە و دیموكراتیانەی هێز و لایەنە سیاسییەكان نەبێت و زەمینە بۆ ئەو مۆدێلە پێكەوەژیانە مەیسەر نەكات، ئەستەمە بتوانێت زەمینەیەك بۆ پێكەوەژیانی ئاینی و نەتەوەییەكان مسۆگەربكات، كە یەكێتی توانی هەر زوو مۆدێلی پێكەوەژیانەكە لە سایەی چەپكە گوڵەكەی هەڤاڵ مام جەلال جێبەجێ بكات، بۆیە هەر زوو لە خەباتی شاخ و پاشان لە خەباتی شاریش، خەڵكێكی زۆر لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە دەوروبەری یەكێتی كۆبوونەتەوە و متمانە بە یەكێتی دەبەخشن. باشترین بەڵگە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقە، كە یەكێتی وەكو كورد زۆرترین كورسی بەدەستهێناوە و خاوەن 10 كورسییە لە پارێزگاكانی (نەینەوا، كەركوك، سەڵاحەدین، دیالە) و 4 ئەندام لەو 10 ئەندامە لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانن، كە دەكاتە %40ی رێژەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پشكی یەكێتی، بەمشێوەیە:
-لە پارێزگای نەینەوا یەكێتی؛ دوو كورسی بەدەستهێناوە.
یەكێكیان لە ئاینی ئێزدییە و هەڤاڵی دووەمیش لە پێكهاتەی كاكەیی.
-لە پارێزگای كەركوك لەو 5 هەڤاڵەی كە سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، هەڤاڵێكیان لە پێكهاتەی كاكەیی-یە.
-لە پارێزگای دیالە لە خانەقین ئەندامەكەی فراكسیۆنی سەوز لە پێكهاتەی عەرەبە، كاندیدێكی پێكهاتەی عەرەب لە دەڤەری خانەقین كە سنووری ماددەی 140ی دەستووری عیراقە و ململانێیەكی توند لەسەر ئەو دەڤەرە هەیە، بتوانێت لەسەر لیستی یەكێتی متمانە بەدەستبهێنێت، ئەوە ئەو راستییە دووپاتدەكاتەوە كە یەكێتی پرسی پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی كردووەتە بەشێك لە ستراتیژی خۆی و بە كردەوە كاری لەسەر كردووە و بەردەوامە لەسەر پتەوكردنی گیانی پێكەوەژیان و پێكهاتەكانیش متمانەیەكی زۆریان بە یەكێتی هەیە و لە دەوروبەری یەكێتی كۆدەبنەوە، بەوەش خۆشحاڵن كە زۆرترین پێكهاتە ئایینییەكان لە سنووری دەڤەری سەوزن و ئازادانە رێوڕەسمە ئایینییەكانی خۆیان بەڕێوەدەبەن و زۆرترین پەرستگای ئایینیی جۆراوجۆریش هەر لەو سنوورەیە و هیچ ئایینێك رێگریی لێناكرێت و رێز لە بیروباوەڕیان دەگیرێت، هەروەك لەم سنوورە هیچ لایەنێكی مەسیحی و توركمانی سكاڵایان تۆمارنەكردووە لەسەر دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاریان، ئەمەش بەرهەمی چەپكە گوڵەكەی هەڤاڵ مام جەلال-ە كە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لەسەر هەمان رێباز بەردەوامە و ئێستا بۆردێكی تایبەت بە خزمەتكردنی پێكهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەكانی یەكێتی، كە لە نوێنەرانی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی (ئێزدی، كاكەیی، توركمان، مەسیحی، عەرەب) پێكدێت، وەكو ئۆرگانێكی گرنگ و پردێكی پەیوەندی لەنێوان یەكێتی و پێكهاتەكاندا، خزمەت دەكات.
لەڕووی میدیاییشەوە، یەكێتی؛ كەناڵێكی ئاسمانی لە كەركوك تەرخانكردووە بۆ پێشكەشكردن و بڵاوكردنەوەی هەواڵ و بەرنامە و چالاكیی هونەری و كەلتوری بە زمانی هەر چوار پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كەركوك و بەكردەوە خزمەت بە پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتەكانی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان دەكات.