ئێستا لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی نامۆ بە کۆمەڵگەی کوردەواری، بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و یاسای رێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵیی و بێ لانەکاندا بەدی دەکرێت، ئەویش بە شەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەکانە.
لە هەرێم یاسای رێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی و بێ لانەکان ژمارە (14)ساڵی (2022) هەیە و لە (24) ماددە پێکهاتووە.
لە کۆتایی یاساکەدا هاتووە، لەپێناو پاراستنی ئاژەڵان و رێکخستنی شێوازی مامەڵەکردن لە گەڵیاندا، رێکخستنی ئەو بوارانەی لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمدا رێکنەخراون و بۆ چەسپاندنی کەلتوری ئاژەڵدۆستی، ئەم یاسایە دەرچوێندراوە.
ماددەی (7)ی یاساکە بە چەند خاڵێک باس لە ئازاردانی ئاژەڵ و باڵندەکان دەکات، کە ئێمە ئەم چەند دانەیەمان مەبەست بوو دیاریمان کردووە:
یەکەم: ئەم کردارانە دەرهەق بە ئاژەڵە ماڵی و بێلانەکان قەدەغەیە:
1-هەر رەفتارێکی بە ئەنقەست ببێتە هۆی ئهشكەنجەدانی ئاژەڵ یان زیان پێگەياندنی.
2-سازدانی شەڕ لە نێوان ئاژەڵێک و ئاژەڵێکی دیکە یان پەلەوەرێک و پەلەوەرێکی دیکەدا، بە شێوەیەک ببێتە مایەی زیان پێگەياندن یان کوشتنی یەکێکیان.
3-بڵاوکردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی تایبەت بە کردارەکانی هاتوو لەم بڕگەیەدا لە دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
دووەم: هەر کەسێک یەکێک لەو کردارانەی هاتوو لە بڕگەی (یەکەم)ی ئەم ماددەیە، دەرهەق بە ئاژەڵی ماڵی یان ئاژەڵی بێلانە بکات، بە پێ بژاردنێک کە لە 250 هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە یەک ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.
لە ماددهی (17)ی ئەم یاسایەدا مافی سکاڵا تۆمارکردنی داوە بە چەند لایەنێکی تایبەتمەند کە دەتوانن سکاڵا لەسەر ئەو کەس و دەزگا راگەیاندنانە تۆمار بکەن کە ئەو سەرپێچییانە دەکەن.
کۆمەڵە و رێکخراوە تایبەتمەندەکانی پاراستنی ئاژەڵان و چالاکوانانی بواری ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزیی، دەتوانن دەربارەی هەر سەرپێچییەک لە حوکمەکانی ئەم یاسایەدا، سکاڵا تۆمار بکەن.
بە مافی خۆمانی دەزانین، لە ئێستا بە دواوە، وەک رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، لە رێگەی پارێزەر و بەشی یاساییمانەوە، هەر کەس و دەزگایەکی راگەیاندن، ئەو دیاردە نەشیاوانە دەرهەق بە ئاژەڵ و باڵندەکان بڵاوبکەنەوە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەین و دەبێت لە بەرامبەر ئەو کارەیاندا سزا بدرێن.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکەین، سکاڵا لەسەر ئەو کەس و کەناڵ و دەزگا راگەیاندنانە تۆمار بکەن کە وێنە و ڤیدیۆی بە شەڕدانی ئاژەڵ و باڵندەکان بڵاودەکەنەوە، کە لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکاندا گۆڕەپانی تایبەت بەو کارە هەیە، بانگەشەی بۆ دەکرێت و دواتر لە کەناڵەکانی راگەیاندندا نمایش دەکرێت، پێویسته ئەو شوێنانە دابخرێن.
*سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە