جوانكاری یان تەنها رێژەی سەوزایی؟

10:01 - 2024-03-31
مەعروف مەجید
102 خوێندراوەتەوە


كاتێ چالاكوانان و رێكخراوە ژینگەییەكان، بۆ هەڵكەندنی درەختێك یاخود سووتاندنی، یان فڕێدانی پاشماوەیەك قسە و رەخنەمان دەبێت، هەندێک پێیانوایە بێویژدانین و چاومان جوانییەكانی شارەکان نابینێت و هەندێکیان جوانكردنی شەقامەكان و فراوانكردن و هەڵكەندنی درەختەكانیان پێ باشترە لە رێژەی سەوزایی.
بچووككردنەوەی شەقامەكان و زیادكردنی رێژەی سەوزایی، سیمای شارستانی و پێشكەوتنە نەك بە پێچەوانەوە، بەڵکو دەبێت لە بری فراوانكردنی شەقامەكان، ئێمە حكومەت ناچاربكەین گرنگی بە هۆكاری گواستنەوەی گشتی بدات، گرنگی بە دامەزراندنی میترۆ و شەمەندۆفێر لە نێوان شارەكاندا بدات، نەك تەنها بێت شەقامەكان فراوان بكات لەسەر حسابی کەمکردنەوەی سەوزایی و سروشت، بەبیانووی زۆر بوونی ئۆتۆمۆبێلەوە.
ئەرێ لە كوێی جیهاندا هەبووە، لە كۆی چوار پارێزگا، دوو ملیۆن ئۆتۆمبیل هەبێت؟ واتە بۆ هەر خێزانێك دوو ئۆتۆمبێل؟! بۆ هەر سێ هاووڵاتی بە هەموو تەمەنەكانەوە، ئۆتۆمۆبێلێكی بەربكەوێت؟
ئێمە دەزانین، مەترسییە ژینگەییەكان لە داهاتوودا نەك هاووڵاتی و حكومەت، بگرە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش ناتوانن چارەسەری بكەن. ئێستا کە گرفتێك خۆمان بتوانین چارەسەری بكەین، بۆچی لە داهاتوودا پەنا بۆ خەڵكی دیکە ببەین؟
كاتێک بەنموونە دەڵێین سلێمانی شاری رۆشنبیرییە، دەبێت حكومەت و خەڵكەكەشی لە شوێنەكانی تر جیاواز بن و نابێت هەندێ كار قبووڵ بكرێت كە دڵنیاین لە داهاتوودا گەورەترین زیان بەر شارەکە و خەڵکەکەشی دەکەوێت.
ئێستا گرفتە ژینگەییەكان وەكو  زۆربوونی ئۆتۆمبیل، موەلیدە، پاشماوەی فڕێدراوی مادە پلاستیكییەكان، دوکەڵی كارگەكان، راوكردنی نایاسایی، تێكەڵبوونی ئاوەڕۆ بەناو رووبارە سازگارەکان، دابەزینی ئاوی ژێرزەوی، بوونی خواردن و خواردنەوەی كوالێتی نزم و دەیان بابەتی تر گەورەترین مەترسین لەسەر ژینگەی هەرێمی كوردستان. ئەمساڵ نا چەند ساڵێكی تر لێكەوتەكانی ئەو مەترسییانە لەسەر ژیان و تەندروستیی هاووڵاتیان دەردەكەوێت، ئەوكات دەبێت لە بری یەك نەخۆشخانەی هیوا، لە هەموو شار و شارۆچكەیەك نەخۆشخانەیەکی وەک هیوا بونیات بنرێت، ئەو كات هەموو ماڵێك نەخۆشێكی شێرپەنجەیان دەبێت و ئینجا بۆمان دەردەكەوێت بوونی بینای بەرز و جوانكاریی شەقامەكان و یوتێرن و بەرزە پرد هەمووی خۆشگوزەرانی نەبوون، بەڵکو بەشێکی دەبنە مەینەتی بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوومان.

*سەرۆكی رێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

وتارەکانی نوسەر