50 ساڵی زێڕین، پڕ لە داستان و خەباتی بەردەوام

11:09 - 2025-05-29
چێنەر شەرعی
225 خوێندراوەتەوە

لە رۆژگارە تاریکەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئاشبەتاڵ، گوڵێك سەردەردێنێ لە کۆتا رۆژەکانی وەرزی بەهار، وەك ئەوەی ململانێ بکات لەگەڵ سروشت و ئومێد دەبەخشێت و ژیان دروستدەکاتەوە و پێمان دەڵێت بەردەوامی هەیە لە خەبات و تێکۆشان، ئەو گوڵە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
لەو دەمەیدا کە هەرەس بە خەبات و شۆڕشی گەلی کورد هێنرا و هیچ ئومێدێك نەمابوو بۆ سەربەخۆیی گەلێکی ستەمدیدە، حزبێکی سیاسی بە ئایدیۆلۆژیایەکی سەردەمییانە لەدایكبوو بۆ کۆتاییهێنان بە حوکمی تاكڕەوی و رووبەڕووبوونەوەی رژێمی فاشیستی دیکتاتۆریی بەعس کە چەندین ساڵ بوو مافی گەلی کوردی پێشێل دەکرد و ئاوات و ئامانجەکانی لەناو دەبرد.
بۆیە دەڵێم لەدایكبوون، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستکراوی هیچ هێز و لایەنێکی دەرەکی نییە و نەبووە و لە پێویستی رۆژگارێكدا هاتۆتە مەیدان کە گەلی کوردی قارەمان پێویست بوو خۆی رێکبخاتەوە و ئیدی کۆتایی بە جەور و ستەمی سەر ئەم گەلە بهێنرێت.
لەگەڵ لەدایكبوونیدا، بانگەوازی یەکڕیزی و تەبایی کورد درا و شانە و رێکخستنە نهێنییەکان بە وردی و خوێندنەوەیەکی دروست دوای ساڵێك بڕیاری هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشیان دا.
لەبیری نەکەین ئەو شۆڕشە کۆمەڵێك شۆڕشگێر و قارەمان و تێکۆشەر کردیان بە سەرکردایەتی و رابەرێتی سەرۆک مام جەلال کە توانیان لەناوەوە و دەرەوەی وڵات خەباتی فکری و هێز و بازووی چەکداری بەرپابکەن و ببنە سەرمەشق بۆ کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کورد و مافەکانیان بەدیبهێنن و سەرکەوتن و سەربەخۆیی بەرجەستە بکەن لەلای هەر تاکێك.
لە قۆناغی ناوشاریشدا، خەباتی مەدەنیانە و دروستکردنی دامودەزگاکانی حکومەتە خۆماڵییەکەی خۆمان و پەرلەمان و بەڕێوەچوونی یەکەم وێستگەی دیموکراسیی کورد کە بووە هەوێن و بناغەی دانانی حکومەتی کوردستان.
ئازادکردنی ناوچەکانی تری کوردستان و هەڵبژاردن و کابینە یەك لەدوا یەکەکانی حکومەت و چاکسازی و ئاوەدانی و دەرکردنی چەندین یاسا و هەموارکردنەوەیان لە پەرلەمان و لۆبیکردنی کورد لە رێگەی نوێنەرایەتییەکانی یەکێتی خۆی و حکومەت و دەستکراوەکردنی دەزگاکانی راگەیاندن و سەربەخۆییان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دروستبوونی چەندین حزب و بەرە و لایەن و جووڵانەوە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بوو.
قۆناغی پاراستنی خاكی نیشتمان و لە باوەشگرتنی تاکەکانی کۆمەڵگە و چەندین خزمەتگوزاریی و ئاوەدانی، کاری لەپێشینەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە کە هەمیشە پێشەنگ بووە لە کار و چالاکی و خەبات بۆ ئاشتی و ئاوەدانی و دیموکراسی و تەبایی و گیانی لەخۆبوردوویی، بۆیە دەبێت لەپێناوی گەلەکەمان و پەرۆشیی بۆ پارێزگاریی ئەو ئەزموونەی دروستکراوە، باش و باشتری بکەین، هەر ئەوەش بووە کاروانی 50 ساڵ خەبات و تێکۆشانی گەیاندووەتە ئەمڕۆ.

وتارەکانی نوسەر