پەیوەندی نێوان نەتەوە و کەلتور چییە؟
لە دێر زەمانەوە هەندێک هێمای شادی و دڵخۆشی لە ئاهەنگەکاندا بەکارهێنراوە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و ژێردەستەیی لەیاد چوونەتەوە، هەروەها چەندین رێوڕەسمی کەلتوری وجودیان هەبووە.
هەموو نەتەوەیەک خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی، نەتەوە ژێردەستەکان کەلتورەکەشیان دزراوە یان هەوڵدراوە بگۆڕدرێ و موتۆربە بکرێ بە کەلتوری نەتەوەی زاڵ یا سەردەست.
کورد دێرینە و کەلتورێکی دێرین
دوژمنەکان کورد هەوڵی زۆریان داوە بۆ لەناوبردنی و سەپاندنی کەلتوری خۆیان. نموونەیەک کە شایەنی ئەوەیە هەمیشە باس بکرێت، بەهۆی سەدان ساڵ ژێردەستەیی و قەدەغەکردنی جەژنی نەورۆزەوە، بەشێکی زۆری ئەو دابونەریتانە لەیادکراون، تەنانەت کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە یادکرا بەهۆی رێگریی و کۆسپ دروستکردنەوە.
پیرەمێردی شاعیر و منەوەر بە کردنەوەی ئاگر لە مامەیارە ئەو نەریتەی هێنایەوە باشووری کوردستان. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە زۆرێکی تری ئەو داب و نەریت و هێمایانە زیندوو بکرێنەوە و پەرەیان پێبدرێت.
سانکس گڤین و زیادکردنی نەرێتی دیکە
زۆرێک لە وڵاتان کە خاوەنی کەلتورێکی دێرین نین، لە هەوڵی دروستکردنی نەریت و کەلتوری تایبەت بە خۆیاندان و تێیدا سەرکەوتوو بوون. بۆ نموونە ئەمریکا کە لەسەر دەستی کۆچەری نەتەوە جیاوازەکان دروست بووە، هەوڵیاندا داب و نەریت و جەژنی تایبەت بە خۆیان هەبێت و بەو ھۆیەشەوە چەندین جەژن و بۆنەیان دروستکرد.
رۆژێکیان ناونا «سانکس گڤین» و کردیان بە دەستپێکی ئاشتەوایی نێوان سپی پێست و سوورپێستەکان. ئەم جەژنە چەندین نەریتی جیاوازی بۆ زیادکرا و ساڵانە یاد دەکرێتەوە.
هەروەها دروستکردنی جەژنێک بە ناوی ‘هێلەوین کە تێیدا روخساری خۆیان رەنگ و بۆیە دەکەن و هەوڵی ترساندنی یەکتری دەدەن و رۆژی ‘ڤالانتاین کە تێیدا خۆشەویستەکان گوڵ و دیاری دەبەخشنە یەکتری.
لە نەبوونی نەریت و کەلتورەوە
ئەمریکای چەندین دەیە پێش ئێستا، خاوەنی ھیچ مێژوو کەلتور و داب و نەریتێک نەبوو، هەربۆیە چەندین ئەفسانە و قارەمان و جەژنی تایبەت و کەلتوری تایبەت بە خۆی دروستکرد. ئێستا ئەو کەلتور و جەژنانەی ئەوان لە تێکڕای جیهاندا بڵاوبۆتەوە.
داب و نەریتی ناوازە
گەلی کورد پێویستی بە داتاشین و دۆزینەوە و دروستکردنی ھیچ داب و نەریت و جەژنێک نییە. مێژووی هەزاران ساڵەی ئێمە پڕە لە داب و نەریتی ناوازە، ئەوەی لەسەر ئێمە پێویستە، دووبارە زیندووکردنەوە و بەرز راگرتیانە.
لە داب و نەریتی کوردەواریدا لە بری گوڵی سوور، سێوی مێخەکڕێژ لە نێو خۆشەویستاندا پێشکەش بە یەکتریی کراوە. سێو لە هەموو کەلتور و ئاینزاکاندا هێمای تەندروستی و خۆشەویستییە.
مێخەک بەدەر لەوەی بۆنێکی خۆشی هەیە، لەزۆر بواری تەندروستی وەک چارەسەری کوردەواریدا بەکاردەهێنرێت.
ئەرکی نەتەوەیی و زیندووکردنەوەی نەریتەکان
بەداخەوە کە دەبینین لە زۆرێک لە ئاهەنگی زەماوەندی ئێستادا، لاساییکردنەوە و کۆپیکردنی کەلتوری تورکی و عەرەبی بەدیدەکرێت کە مایەی نیگەرانییە، ئەمەش بەهۆی ئەو فیلمە دۆبلاژکراوانەوەیە کە شەوانە میوانی هەموو ماڵێکی باشووری کوردستانن.
داگیرکەرانی کوردستان لە رێگەی ئەم فیلمانەوە کەلتوری خۆیان دەخزێننە نێو مێشک و هەڵسوکەوتمانەوە، ئەوەتا دەبینین لە ئاهەنگی زەماوەنددا، بووک پشتێنی سووری بۆ دەبەسترێت لەلایەن براکەیەوە وەک هێمایەک بۆ کچبوونی، کە ئەم نەریتە نامۆیە بە کەلتوری کوردەواری و نەریتێکی تورکیایە.
هێما کەلتورییەکانی کوردەواری
کەلتوری میللەتی کورد زۆر لە کەلتوری میللەتەکانی دەوروبەرمان دێرینتر و دەوڵەمەندترە، چونکە لە کەلتوری ئێمەدا تارایەکی سوور دراوە بەسەر بووکدا و ئاوێنە و جامێک ئاو و قورئانی لە پێش دانراوە و شەکر یان برنج کراوە بەسەر هاوسەرەکاندا کە ئەمانەش هێمای تایبەتیان هەبووە. بۆنموونە ئاوێنە هێمای پاکی و بێگەردییە، ئاو هێمای روون و رەوانییە، قورئان هێمانی پیرۆزییە و لە هەموو بۆنەیەکدا هەبووە وەک ئاماژەیەک بۆ خواپەرستی و پارێزراوبوون. شەکر و برنجیش ھیمای رزق بوون بۆ ئەو دوو هاوسەرە نوێیە.
بێگومان نەریتی کوردەواریی زۆرمان هەیە، بەڵام من لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە جەژنی نەورۆز و زیندووکردنەوەی ئەو هێمایانە بدەم کە سەدان ساڵ پێش ئێستا لەسەر سفرەی کورددا هەبوون.
لە هەموو جەژنێکدا کۆمەڵێک خۆراک هەن کە خوانی پێ دەڕازێنرێتەوە، لە چەژنی رەمەزاندا خواردنی شلەی قەیسی یەکێکە لەو نەریتانە لە نەورۆزیشدا سماق، سرکە، مۆم، سیر، سەوزە، سێو، ماسی رەنگاوڕەنگ، هێلکەی بۆیەکراو، ئاوێنە، شیرینی و پارە و زۆرێکی تر لەسەر خوانی جەژنی نەورۆز دانراون و ماڵەکانیان پێ رازێنراوەتەوە. هەریەک لەم شتانە هێما و سیمبولێک بوون بۆ بابەتێک.
یەکەم رۆژی بەهار لای ئێمە رۆژی نەورۆزە لە تێکڕای جیهاندا بە دەستپێکی ژیان دادەنرێت، ئەم یەکەم رۆژی دەستپێکە هەر نەتەوە و بە شێوەیەک جەژن دەگێڕێت. بەڵام تێکڕای نەتەوەکان هێما و سیمبول بەکاردەهێنن بۆئەوەی ساڵی نوێیان بە شێوەیەکی باش دەستپێبکەن و ئاواتەکانیان لە ساڵی نوێدا بێتە دی.
رازاندنەوەی خوان
هێمای ئەو خۆراکانەی خوانی نەورۆز و ماڵەکانی پێ رازێنراوەتەوە، بریتین لە سماق، واتا تام و چێژی ژیان، سرکە واتا ئۆقرەگرتن و کامڵبوون، سیر بۆ پارێزراو بوون لە وزەی نەرێنی ، سەوزە وەک دەستپێکی ژیانێکی نوێ، ماسی هەمیشە هێمای سەروەت و سامان بووە، هێلکە هێمای وەچەی زۆرە، ئاوێنە ھیمای پاکی و بێگەردی، ئاو هێمای روونی و مۆم و رووناکی ئاگر وەک بەگژداچوونەوەی تاریکی.
هەموو ئەمانە ئێستاش بەشێوەی جیاواز لە بۆنەکاندا بەکار دەهێنرێن، بەڵام لەسەر سفرە و خوانی نەورۆز و رازاندنەوەی ماڵەکان نین.
ئاهەنگی نەورۆز بێجگە لە کردنەوەی ئاگر و گێڕانی ئاهەنگ بەدەوریدا، دەبێت هاوکات بێت لەگەڵ رازاندنەوەی ماڵەکان و خوانی نەورۆزدا.
شانازییکردن بە کەلتورەوە
کورد دەبێت شانازیی بە مێژوو و کەلتوری هەزاران ساڵەیەوە بکات و خۆی لە کەلتوری دوژمنانمان بەدوور بگرێت، لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتنانەدا، دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ گشتاندنی کەلتوری کوردی و ناساندنی بە هەموو تاکێک و رزگاربوونی یەکجارەکی لە فەوتان و نەجات بوون لە دەستی داگیرکەران.
نوێکردنەوە و ناساندنی بە تازە پێگەیشتوان و ئەو نەوەیەی دوور بووە لە ژیانی لادێ و گوندەکان، چونکە زۆربەی کات لەناو گوندەکاندا رەسەنایەتی پارێزراوتر بووە و بە هاتنە شارو تێکەڵبوون بە کەلتوری شار ئەو بۆنە و نەریتانە ونبوون.
بە خێرایی گواستنەوە و پاراستنی کەلتورە کوردەوارییەکان، هۆکاری گرنگن لە رێگەی تەکنۆلۆژیاوە بپارێزرێن کە نەک تەنها بە خۆمانی ئاشنا بکەینەوە، بەڵکو بە خەڵکی بیانی و نەتەوەکانی تریشی بناسێنین.
لێرەدا مەبەستم بوو ئەوە روونتر بکەمەوە کە کورد پێویستی بە دروستکردنی وەهمی کەلتور نییە، زیندووکردنەوە و پەرەپێدانی کەلتور و دابونەریتی دێرینی خۆی بەسیەتی بۆ ناساندن و ئامادەبوونی لەناو کەلتوری ناوچەکە و جیهاندا.