وردتر

عیراق دوای كشانەوەی سەدرییەکان

10:38 - 2022-06-28
لەشکر حەمە ساڵح
413 خوێندراوەتەوە

بارودۆخی ئێستای عیراق، بارودۆخێكی هەستیارە. هەم لە رووی ئەمنییەوە؛ هەمیش لە رووی سیاسییەوە. كشانەوەی فراكسیۆنی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران بارودۆخێكی تازەی هێناوەتە ئاراوە، لایەنەكان دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ ئەم رەوشەدا بگونجێنن و لەم رووەشەوە پێشكەوتنی بەرچاو هاتۆتە ئاراوە، ئێستاش پرسی سەرەكی ئەوەیە، حكومەتی نوێ بەمزووانە پێكدەهێنرێت یان پرۆسەكە درێژە دەكێشێت؟
لە راستیدا كشانەوەی سەدرییەکان، بەو جۆرە و لەو كاتەدا مشتومڕی سیاسی، تەنانەت دردۆنگی ئەمنی و نیگەرانی كۆمەڵایەتیشی هێناوەتە ئاراوە. هەموان دەپرسن ئەم كشانەوەیە بۆچی و چ ئامانجێكی هەیە؟ ئەدی لێكەوتە و كاریگەرییەكانی چۆن و چی دەبن؟ لێ بەشێكی زۆری دەستەبژێری سیاسی عیراق خۆیان لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەدزنەوە و دەیانەوێت لەگەڵ بارودۆخە تازەكەدا خۆیان بگونجێنن و پشكێكی زیاتر و گەورەتریان لە كێكی حكومەتی نوێ دەستبكەوێت.
لێكدانەوە و سیناریۆی جیاواز بۆ هەنگاوی داهاتووی رەوتی سەدر و خودی سەید موقتەدا سەدر دەخرێتەڕوو، بەڵام هەموویان وەك ئەگەر و سیناریۆ دەمێننەوە تا ئەو كاتەی روون دەبێتەوە بەجدی بەنیازی چییە؟
 لە كاتێكدا و بەپێی ئەزموونی ساڵانی رابردوو دەركەوتووە كە سەید موقتەدا سەدر یەكێك لەو سیاسەتمەدارە ئایینیانەیە كە كەمتر دەتوانرێت هەنگاوی داهاتووی پێشبینی بكرێت، یان وەك دەوترێت، ناتوانرێت دەستی بخوێنرێتەوە. بەڵام ئیتر چی روودەدات؟
ئەمڕۆ هێزی سەرەكی عەرەبی شیعەی عیراق لە گۆڕەپانەكەدا، كە دەكاتە هێزی سەرەكی ناو پڕۆسەی سیاسیی ناو دامەزراوەكان، بەتایبەتی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەراندا، چوارچێوەی هەماهەنگییە كە لە ژمارەیەك هێز و لایەن پێكدێت و پەیڕەوكردنی بنەمای تەوافوق و رێكەوتنی لایەن و پێكهاتەكان خاڵی سەرەكی كۆكردنەوە و یەكدەنگیانە و لانیكەمی روئیایەكی هاوبەشیان هەیە بۆ قۆناغی داهاتووی عیراق، بەڵام ئایا ئەم چوارچێوەیە دەتوانێت چی بكات؟ دەتوانێت حكومەتێكی بەهێز و گونجاو بۆ ئەم قۆناغە دروست بكات؟ دەتوانێت نیگەرانی و دابەشبوونی لایەن و پێكهاتەكانی دەرەوەی خۆی بڕەوێنێتەوە و لانیكەمی پڕۆژەیەكی گشتگیر (كە ماف و داخوازی زۆرینەی خەڵك و لایەنەكانی تێدا بێت) بۆ كۆكردنەوەی هەموان و دامەزراندنی حكومەتێكی كارا بخاتەگەڕ؟
لە راستیدا، ئەمە دیوێكی مەسەلەكەیە و بەشێوەیەكی پراكتیكیش چوارچێوەی هەماهەنگی هەنگاوەكانی دەستپێكردووە، بەڵام دیووەكەی تری مەسەلەكە رەوتی سەدر و خودی موقتەدا سەدرە! ئەو رەوتەی بەبێ ئەوەی بەشداریی رەسمی و بەرپرسیارێتی سیاسی لەسەرشان بێت بەشێكی زۆری پۆست و بەرپرسیارێتی هەستیار و گرنگی ئەم قۆناغەی عیراقی لەلایە و وەك هەمیشەش كارتی جوڵاندن و بزوواندنی شوێنكەوتووە ئایینی و سیاسییەكانی لە دەستدا ماوە!
بۆ كورد، ئەم قۆناغە هەستیارە! قۆناغی پێشوو كە لە ژێر ناوی (زۆرینەی نیشتمانی) دا خەریك بوو كورد بەر داری گۆڵەكە بكەوێت، گرنگە خۆی رێكبخاتەوە، خوێندنەوەی وردتر و ژیرانە تری هەبێت، نەبێتە بەشێك لە ئەجێندای هیچ لایەن و گرووپ و زۆرینەیەك، جگە لە ئەجێندای نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی كە مەرج و بنەما و ستراتیژ و ئەولەویەتاكانی روون و رەوانە.

وتارەکانی نوسەر