کۆمەڵگەی کوردی لە نێوان دوو کەلتوری نێشتەجێبووندا

10:04 - 2025-06-16
هێمن عەزیز محەمەد
209 خوێندراوەتەوە

لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا، کۆمەڵگەی کوردی لە هەرێمی کوردستان، لە بواری کەرتی نیشتەجێبوون، فراوانبوونێکی بەرچاوی لە شارەکاندا بەخۆیەوە بینییوە. کە خۆی لە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و شوێنی بازرگانی مۆدێرندا دەبینێتەوە، ئەم جۆرە نوێیە لە شێوازی یەکەی نیشتەجیبوون و باڵەخانەی بازرگانی ، بووە بە هەڵبژاردەیەکی پەسەندکراو لای چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەرفراوان. لە بەرامبەردا، گەڕەکە میللی و تاڕادەیەک گەڕەکە ئاساییە کۆنەکان، کە پێش ئەم پێشکەوتن و گۆڕانکارییە بوونیان هەبووە، ئێستاش ماون و هەزاران خێزان تێیدا دەژی و  لەناوخۆیاندا مێژووییەکی زیندوویان هەیە، کە تێیدا  پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەلتورییە ناوخۆییەکانی خۆیان تاڕادەیەکی زۆرباش، پاراستووە. 
ئەم دووانە شارستانییە، لە نێوان کۆمپلێکسەکانی نیشتەجێبوونی رێکخراو و گەڕەکە میللی و ئاساییە تەقلیدییەکاندا، دەرگا بەڕووی شیکارییەکی ئەنترۆپۆلۆجیکی گرنگدا دەکاتەوە سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شارنشینی لەسەر شێوازی ژیان، هۆشیاری بەکۆمەڵ و شوناسی کەلتوری لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
ئەگەر باس لەژیان لەناو گەڕەکە میللیەکان بکەین، رۆحێکی کۆمەڵایەتی لە بۆشاییەکی تەسکدا خۆی وێنا دەکات، کە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە پێکەوەگرێدراوەکان ناسراون و تاڕادەیەکی زۆر کەلتوری باوی تێدایە، کەلتورێکی نەریتییە و ئەگەر گونجاندن هەبێت لەگەڵ کەلتوری خۆسەپێنی مۆدێرندا، ئەوا زۆر شەرمنانەیە، کە تێیدا دراوسێ و سنووری ماڵەکان نزیکن لە رووی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتییەوە، پەیوەندییەکە تارادەیەکی زۆر توندوتۆڵە. لێرەوە پەیوەندی رۆژانە  وەک خێزانێکی فراوان دەردەکەون.
 لەم گەڕەکانەدا ژیانی رۆژانە واتا و مانای هاوبەشی هەیە لە خۆشی و ناخۆشی، قەیرانەکان، تەنانەت لە وردەکارییەکانی ژیانی  رۆژانەشیاندا. منداڵەکان پێکەوە لە کۆڵانەکاندا یاری دەکەن، گەورەکانیش لە بەردەم ماڵەکاندا گفتوگۆ دەکەن و پەیوەندییەکان تارادەیەکی زۆر لە فۆرمە کۆنەکەی پەیوەندی رووبەڕوودایە، کاسە و دراوسێییەتی بەهای خۆی لەدەست نەداوەو بوونی هەیە، پیاوانیش لە چارەی کێشەکان هاوکار و ئامادەن. 
لەڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆجییەوە، گەڕەکە کۆنەکان وەک پارچەیەکی کەلتوری زیندوو دەبینرێت، کە تێیدا نەریتی گرووپ و چیرۆکەکانی یادەوەریی کۆمەڵایەتی رەنگدەداتەوە. بەهایەکان لەڕێگەی پەیوەندییە رۆژانەییەکانەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێنەوەو ئاگاییەکی کەلتوری کۆمەڵایەتی دروست دەبێت، کە تاکەکان بە شێوەیەکی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشەوە پێکەوە دەبەستێتەوە  
کۆمەڵگە و یەکە نیشتەجێبوونە نوێیەکان، کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و سەردەمیانەن، بەڵام  کۆمەڵگەیەکی تەنیایەتی رێکخراون. ئەم کۆمەڵگەیانە وەک مۆدێلێکی بینای سەردەمیانە و مۆدێرن دەرکەوتوون، کە تێیدا هەموو جۆرە خزمەتگوزاریەکی خۆشگوزەرانی بۆ تاکەکانی نێو کۆمەڵگەکە دابین دەکات، لەوانە :خزمەتگوزاریی ئاسایشی و چەندین چالاکی تەرفیهی و شوێنی سەوزایی زۆر بۆ حەوانەوە و خۆشگوزەرانی تێدا پێشکەش دەکەن، سەرەڕای ئەو هەموو خزمەتگوزاریانەی کە هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا رۆح و شێوازێکی  تەنیایی و تاگەرایی کۆمەڵایەتی دروستبووە. بەربەستی دیوارە بەرزەکان ئەم کۆمەڵگەیەی دابڕیوە لە کۆمەڵگە گەورەکەی شار، دەرگا و دەرچە ئەلیکترۆنییەکان بوونەتە بەربەست بۆ تێکەڵاوبوون و ئەم بەربەستە خۆی لە خۆیدا جۆرە کەلتورێکی بەرهەمهێناوە، کە لە سنووری کۆمەڵگەدا دایدەبرێت، لێرەوە دۆخێکی وا دروست بووە، کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لاواز و تەنانەت زۆر دابراو پچڕاون و رێبازی ژیانی تاکەکەسی و تێکەڵاونەبوون  پەرەبستێنێت و ئەم جۆرە لە کەلتورە، باڵادەست بێت، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەرێگەی گروپ چات و تۆڕەکۆمەڵایەتییە ئەلکترۆنییەکانەوە ببەسترێت. 
 لەم کۆمەڵگایانەدا، دراوسێکان بە دەگمەن یەکتری دەبینن. منداڵەکان زۆربەی کات لە ناو ماڵەکانن یان لە شوێنە داخراوەکاندا یاری دەکەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان فەرمین و زۆرتر لە رووداوە فەرمییەکاندا سنووردار دەبن. ئەم کۆمەڵگەیانە بە بۆچوونی ئەنترۆپۆلۆجستەکان، جۆرە کەلتورێکی بەرهەمهێناوە کە پێیدەڵێن کەلتوری نزیکی کۆمەڵایەتی و کەلتوری شار و کۆمەڵگەی نوێ، کە ئەم جۆرە لە ناونانەی لێدەنێن لەلایەن دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگە نێشتەجێبوونە نوێیەوە، کە لەسەر جیاکاریی چینی و پشت بەستن بە کەلتور و رەفتار و پەیوەندی کۆمەڵایەتی هاوشێوە و نزیک لە یەک لەسەر بناغەی پیشە یان سەرمایەی مادی زۆر، هەندێکجار سەرمایەی کۆمەڵایەتی و رەمزی و زۆرجاریش لاسایی کردنەوە و بەرهەمهێنی چینی دابراو  کە دروست دەبێت پێکهاتووە  
لەئێستادا کۆمەڵگەی کوردی لە نێوان ئەم دوو کەلتوری کۆمەڵایەتیی هاوبەشدا دەژی، کەلتوری گەڕەکی میللی و ئاسایی،  کە لەسەر نزیکی و یادەوەریی کۆمەڵایەتی بونیادنراوە، کەلتوری کۆمەڵگە نوێیەکان کە بەرەو تەنیایەتی و جیابوونەوەی کۆمەڵایەتی ئاراستەکراوە. ئەم دوو فۆرمە لە ژیان گوزەراندن، جۆرێک لە  مەترسی دروست دەکات لە پێکهاتنی ناسنامە و پاراستنی پێکهاتەی کۆمەڵگەدا، بە تایبەتی بۆ نەوەی نوێ، کە لە ژینگەیەکی جیاواز لەوەی دایک و باوکیان گەورەبوون.
توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆجستەکان باس لەوە دەکەن، کە باڵەخانە تەنها شێوەیەکی فیزیکی نییە، بەڵکو ئامرازێکی کەلتورییە کە ئاگاییی مرۆڤ رێکدەخات. لێرەوە گۆڕینی فۆرمی ژیان، لە گەڕەکی میللییەوە  بۆ کۆمەڵگە نیشتەجێبوونی نوێ، گۆڕانێکە لە سیستەمی بەهاکان، پەیوەندییەکان، تەنانەت تێڕوانینەکان لەسەر ژیانی هاوبەش لە کۆمەڵگەدا.  کاتێک گۆڕانکاری دەبێتە پێویستییەکی ئامادە لە کۆمەڵگەی شارستانی، دەبێت رەچاوی  کەلتوری  کۆمەڵگە بکەین. پێویستە بۆشایییەکی کۆمەڵایەتی دروست نەکرێت و  رێگە بە پەیوەندییە کۆمەڵاییەتیە تەندروستییەکان بدرێت. 
پلاندانانی شار پێویستە هاوسەنگی لە نێوان مۆدێرنیزم و ناسنامە، بەتایبەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بهێڵێتەوە و رێگە بە کەلتوری گشتی بدات، کە خۆی لە ناوەڕاستی باڵەخانە مۆدێرنەکاندا دەرببڕێت.  پێویستە لە پلانی فراوانکردنی شاردا، بۆچوونی کەسانی پسپۆری لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی بەهەند وەربگیرێت، سوود لە ئەزموون و بیرکردنەوە و رای ئەوان وەربگیرێت لە دروست بوون و فراوان بوونی ئەو شوێنانەی کە بۆ نیشتەجێ بوون دادەنرێن.. 
لە کۆتاییدا، دەتوانین بڵێین، کە شێوازی نیشتەجێبوون رەنگدانەوەی شێوازی ژیانە،  کۆمەڵگەی کوردی پێویستی بە نزیکبوونەوەی باڵەخانە نوێیەکان هەیە، کە رێز لە تایبەتمەندییە کەلتورییەکانی بگرێت و بۆشایی نێوان مرۆڤ و هاوسەنگی لە نێوان نەریت و نوێکاریدا بەرجەستە بکات.
*ماستەر لە ئەنترۆپۆلۆجیای کەلتور

وتارەکانی نوسەر