رۆڵی مامۆستا لە دروستبوونی کەسایەتی خوێندکاردا

10:11 - 2025-06-25
هێمن عەزیز محەمەد
95 خوێندراوەتەوە

هێمن عەزیز محەمەد*

کەسایەتی و بوونی مامۆستا لە پۆلدا، رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە داڕشتن و دروستبوون و چۆنیەتی بیرکردنەوە و کەسایەتی خوێندکاردا، هەروەها وەڵامدانەوەی خوێندکار بۆ فێربوون و پەروەردە. وێنەی مامۆستا تەنها لە رواڵەتی دەرەکیدا سنووردار نییە، بەڵکو شێوازی پەیوەندیکردن و دەنگ و زمانی جەستە و شێوازی پێشکەشکردنی بیرۆکە  و مەعریفە و زانست، بەها و نەریتە جوانەکانی کۆمەڵگە  لەخۆدەگرێت. هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی کەسایەتی خوێندکار هەیە، کە لەڕێگەیەوە، یان زانیارییەکان بە قووڵی وەردەگرێت یان رەتیاندەکاتەوە. لەڕووی رەهەندە دەروونییەکانەوە، کاتێک خوێندکار مامۆستایەکی متمانە بەخۆبوو و هاوسەنگ لە بیرکردنەوە و رەفتارکردندا دەبینێت، هەستی رێزگرتن و قەدرزانی لای خوێندکار پەرە دەسێنێت. هەستدەکات مامۆستا شایەنی ئەوەیە شوێنپێی بکەوێت و رێزی لێبگیرێت، بۆیە بە وردی گوێی لێدەگرێت و کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی دەکات و  هانی دەدات بۆئەوەی باشتر زانیاریەکان وەربگرێت. هەروەها گەیاندنی پەیام و بیرۆکەکانی بەڕوونی، هەستێکی ئارام دەگەیەنێتە خوێندکار لەناو ژینگەی خوێندنگەدا. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ یارمەتیدانی و کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، کاتێک رووبەڕووی کێشەیەک دەبێتەوە، بتوانێت زاڵبێت بەسەریدا و بتوانێت بە شێوەکی لۆجیکی و ئەقلانی چارەی بکات و هەوڵبدات زاڵبێت بەسەریدا و توانای داهێنەرانەی خوێندکار و بیرکردنەوەی شیکاریانەی، بەرز بکاتەوە.
لەڕووی رەهەندە مەعریفیەکانەوە، مامۆستا لەڕێگەی هاندان و پەیڕەوکردنی شێوازی نوێی پەروەردە و فێرکردن لەوانەکانیدا، جا بە بەکارهێنانی میتۆدەکانی وانەوتنەوە بێت، کە وەکو ئامڕازێکی کاریگەری سەردەمیدیانە و لەرێگەی ئەو شێوازانەی کە ئاستی فێربوون لای خوێندکار بەرزدەکەنەوە، دەتوانێت کاریگەریی راستەقینەی هەبێت. لەهەمانکاتیشدا  دەبێت مامۆستا بتوانێت پرسیاری گونجاو لای خوێندکاران بوروژێنێت و هانییان بدات بۆ بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و گەڕان بەدوای وەڵامی قووڵتردا.

 

مامۆستا کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەرخوێندکار، لە دروستبوونی رەفتار و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەدا

لەڕێگەی گواستنەوەی بابەتی زانستی و مرۆڤایەتی، کاتێک مامۆستا دەیەوێت ئەو زانیاریانەی هەیەتی، بە پەرۆشە پەیامەکانی خۆی بگەیەنێت، ئەمەش لەڕێگەی زۆریی زانیاری و پڕ مەعریفەیی مامۆستا دەبێت. دواجار ئەم پرۆسەیە جۆرێک لە  متمانە و ئەو هەستە بۆ خوێندکار دەگوازێتەوە، کە مامۆستا وەکو نموونەیەکی باڵای پەوەردە و زانین دابنێت. لێرەوە پرۆسەی هاندان بریتی دەبێت،  لە دروستکردنی مەعریفەیەک و وا لە  خوێندکار دەکات، پرۆسەی فێربوون گرنگ و شایەنی سەرنج بێت لای. بەم شێوەیە خوێندکار هاندەدات بۆئەوەی بتوانێ لە دروستبوونی کەسایەتی و هەروەها بەرزکردنەوەی لایەنی مەعریفیدا، شیکردنەوە و وردەکارییەکان کاریگەری هەبێت لەسەر وەڵامدانەوەی بۆ واقعی ژیان.
دیوێکی تری ئەم بابەتە کە گرنگی خۆی هەیە، رەهەندە کۆمەڵایەتییەکانە، کە مامۆستا رۆڵێکی زۆر کاریگەری هەیە، چونکە پێگەی مامۆستا لە کۆمەڵگەدا وێنەیەکی ئەرێنی هەیە و ئەمەش بۆخۆی وا لەخوێندکار دەکات بەهۆی کاریگەریی فێربوونی، فیدباکێکی بونیاتنەر لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. ئەم کارلێکە هەستی بەشداریکردن و لێپرسینەوە لە خوێندکاراندا دروست دەکات، کە ئەمەش بەشێکی گرنگە لە دروستبوونی کەسایەتی، هەرئەمەش هانیان دەدات بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان و ئاڵوگۆڕی ئازادی و بیرۆکەکان. لێرەوە مامۆستا کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەرخوێندکار، لە دروستبوونی رەفتار و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەدا. ئەگەر مامۆستا کار لەسەر گەیاندنی بەها باڵا و ئەتەکێتی گشتی بکات، ئەوا خوێندکار ئارەزووی لاساییکردنەوەی ئەم رەفتارە دەکات و پەرەیپێدەدات و تێڕوانینێکی ئەرێنی و بەرپرسیارێتی لا دروستدەکات.
مامۆستا دەتوانێت وێنەی ئەرێنی خۆی بەرزبکاتەوە و کاریگەرییەکانی چالاک بکات لەسەر خوێندکاران و کەسایەتییان و هەروەها تاکەکانی کۆمەڵگە لەڕێگەی ئەمانەی خوارەوە:
1 - بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن و سەردەم، وەک پێشکەشکردن و ڤیدیۆی کارلێک، بۆ قووڵکردنەوەی تێگەیشتن و هەمەچەشنکردنی شێوازەکانی فێربوون.
2- بەکارهێنانی ئامڕازەکانی روونکردنەوەی جۆراوجۆر بە تێکەڵکردنی روونکردنەوەی زارەکی و بینراو و پراکتیکی، کە باس لە شێوازە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی خوێندکاران دەکات.
3 - هەڵسەنگاندن و فیدباکی بەردەوام لەڕێگەی هەڵسەنگاندنی دەستبەجێ و ئەرکە بچووکەکانەوە، خوێندکار هەستدەکات کە چاودێرییەکی بەردەوام هەیە، کە پاڵپشتی گەشەسەندنی هزرییەکەی دەکات.
لە کۆتاییدا روونە کە ئەو وێنە زەینییەی ، بوونی مامۆستا لە پۆلدا لە خودی ناوەڕۆکی ئەکادیمی لە داڕشتنی بیرکردنەوەی خوێندکاردا چەندە گرنگە، بەهەمان شێوەش مامۆستا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی کەسایەتی خوێندکار لە چوارچێوەیەکی دەروونی و مەعریفی و کۆمەڵایەتیدا، کە رێگە بۆ بەدەستهێنانی پەروەردەیەکی کاریگەر دروستدەکات. پێویستە دامەزراوە پەروەردەییەکان، گرنگی بە راهێنانی مامۆستایان بدەن نەک تەنها لە لایەنە تایبەتمەندەکانەوە، بەڵکو لە تواناکانی پێشکەشکردن و پەیوەندیکردن و دروستکردنی پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ خوێندکاران. ئەمەش رۆڵی مامۆستا وەک بیرمەند و بونیاتنەری نەوەی خوێندەوار و پێشەنگەکان بەرز دەکاتەوە.

*توێژەری کۆمەڵایەتی

 

مامۆستا دەتوانێت وێنەی ئەرێنی خۆی لای خوێندکار بەرزبکاتەوە

وتارەکانی نوسەر