کەلتوری خۆراک دەروازەیەکی نوێ بۆ تێگەیشتنی مێژوو لە روانگەی ژیانی رۆژانەوە دەکاتەوە، خۆراک وەک تاکە پێویستییەکی جەستەیی لێی ناڕوانرێت، بەڵکو وەک سیمبولێکی کۆمەڵایەتی و کەلتوریی پڕ مانا هەڵوێستەی لەسەر دەکرێت.
هەربۆیە (ماسیمۆ مۆنتاناری Massimo Montanari)، یەکێک لە دیارترین مێژوونووسانی خۆراکی ئەوروپا، لە ساڵی 2004 دا، کتێبە گرنگەکەی (خۆراک کەلتورە Food is culture)ی بڵاوکردەوە، بۆئەوەی تێگەیشتنێکی نوێ دەربارەی پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ خۆراکدا ئاشکرا بکات، شوێنێک بۆ ئەم بوارە لە چوارچێوەی کایە دانپێدانراوەکانی مەعریفەی مێژووی کەلتورییدا بکاتەوە.
تیۆر و میتۆدیی کتێبەکە
لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، توێژینەوە مێژووییەکان گۆڕانکارییەکی ریشەیی ئیپیستمۆلۆژیان بەسەردا هات، ئەویش ئەو گواستنەوەیە بوو، کە لە رووداوە سیاسییە گەورەکانەوە بۆ وردەکارییەکانی ژیانی رۆژانەی تاک و کۆمەڵەکان روویدا، کە هەر یەک لە قوتابخانەی ئانالزی فەرەنسی و توێژینەوە کەلتورییەکان و بونیادگەریی و پۆست - بونیادگەریی بەشدارییان لە دامەزراندنیدا کرد.
لە نێو ئەم ناوکۆیەدا (توێژینەوەکان سەبارەت بە خۆراک) وەک ئامرازگەلێکی میتۆدیی نوێ سەریان هەڵدا، کە پێشنیاری نزیکبوونەوەی مێژوو لە رێگەی هەست و نەریتی خۆراک، سرووتەکانی خواردنەوە بۆ گوزارشتکردن لە بونیادە کۆمەڵایەتی و سیمبولییەکانی هەر سەردەمێکی کرد.
(مۆنتاناری) سەر بەم رەوتەیە، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی (مێژووی خۆراک) ناسراوە. نووسەر لە کتێبەکەیدا (خۆراک کەلتورە) کە بۆ چەندین زمانی جیاواز وەرگێڕدراوە، پێشنیاری خوێندنەوەیەکی مەعریفی بۆ خۆراک دەکات، کە روانگە خۆراکی یان ئابوورییەکەی تێپەڕێنێت، بۆ ئەوەی بیخاتە نێو جەرگەی گفتوگۆ کەلتوریی، ناسنامە، نەریت و یادەوەرییەکان.
لە سروشتەوە بۆ کەلتور
مۆنتاناری لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا، بیرۆکە ناوەندییەکەی خۆی دەخاتەڕوو، کە (سروشت ناخورێت)، بەڵکو دروست یان ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی شیاوی خواردن بێت. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە مرۆڤەکان، بەدرێژایی سەردەمەکان، بەو شتانە وازیان نەهێناوە، کە سروشت پێشکەشی کردوون، بەڵکو بەردەوام دەستکاریی ئەو شتانەیان کردووە، کە بەکەڵکی خواردن دێت، واتە لە داهێنانی شێوازی ئامادەکردن و پێشکەشکردن و پاراستنی. وەک دەڵێت: (خۆراک لە سروشتدا بە شێوەیەکی ئامادەکراو بوونی نییە، بەڵکو بەرهەمێکی کەلتورییە، بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتی و مەعریفییە دیاریکراوەکان دروست دەکرێت). هەموو پرۆسەیەکی چێشتلێنان و رەچەتە و تەکنیکێکی چێشتلێنان کەڵەکەبوویەکی کەلتورییە، ئێمە (گەنم) ناخۆین، نان دەخۆین، نانیش لە سروشتەوە راستەخۆ نەهاتووە، بەڵکو لە زنجیرەیەکی درێژی زانین و مومارەسەکردنەوە هاتووە.
لەگەڵ پەرەسەندنی بەکارهێنانی دانەوێڵە لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستدا، گەنم هەمیشە دانەوێڵەی بنەڕەتیی نەبووە، بەڵکو هەندێکجار بەپێی هۆکارە ئابووری و کەلتورییەکان بە جۆ یان گەنمەشامی جێگەی گیراوەتەوە. هەروەها (مۆنتاناری) ئاماژە بەوە دەکات، کە شێوازی چێشتلێنان هەمیشە بە چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەست بووە، بەو پێیەی چێشتخانەی ئەرستۆکراتی، چێشتخانەی جووتیاران نەبووە و ئەم جیاوازییە لە تام و کەرەستەدا، جیاوازییە لە ناسنامەدا.
چەمکی (چێشتخانەی نەتەوەیی) داهێنانێکی مۆدێرنە، واتە پەیوەستە بە بونیادنانی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، بۆ نموونە ئیتالیا پێش یەکگرتنە سیاسییەکەی چێشتخانەیەکی یەکگرتووی نەبووە، بەڵام دواتر نەریتە خۆراکییە نیشتمانییەکان (داهێنران)، بۆ ئەوەی هەستکردن بە یەکێتی و سەربەخۆیی دروستبکەن، ئەمەش وەک (ناسنامەی دروستکراو)
خۆراک وەک ناسنامە و جیامەندیی کەلتوریی
یەکێک لە بیرۆکە دیارەکانی مۆنتاناری لە کتێبەکەدا، ئەوەیە: (خۆراک ناسنامەکان دیاری دەکات). هەموو کۆمەڵێکی مرۆیی نەریتی خۆراکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە بە تێپەڕبوونی کات دەبنە نیشانەیەکی جیامەند و تایبەت بەخۆی. ئەم ناسنامەیە رەنگە شێوەیەکی نەتەوەیی، چینایەتی، یان ئایینی وەربگرێت. بۆ نموونە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، خواردنی گۆشت تەنها بە چینی خانەدانەکانەوە پەیوەست بوو، لە کاتێکدا جوتیاران لەسەر نان و شۆربا و سەوزە خواردن بەردەوام بوون. ئەم داب و نەریتانە دەبنە ئاوێنەیەک پەیوەندییەکانی دەسەڵات پیشان دەدەن.
نووسەر ئاماژە بەوە دەکات: «ناسنامەی خۆراکیی تەنها لە ناوەوە دروست نابێت، بەڵکو لە رەتکردنەوەی ئەویتریشدا دەردەکەوێت، واتە ئەوەی کە ئەویتر چی دەخوات». بۆ نموونە لە ئەوروپای مەسیحییدا هەندێک خواردن بە «جوولەکەیی» یان «ئیسلامیی» دادەنران بەمجۆرە دوورکەوتنەوە لێیان دەربڕینێک بوو، بۆ پەیوەندیدارێتی ئایینی و کەلتورییان. هەمان شت بۆ چینەکان دەگونجێت، دوورکەوتنەوە لە خۆراکە (میللییەکان) ئامرازێک بوو بۆ جیاکردنەوەی چینایەتی.
هەروەها کتێبەکە باس لەوە دەکات، چۆن چەمکی (چێشتخانەی نەتەوەیی) داهێنانێکی مۆدێرنە، واتە پەیوەستە بە بونیاتنانی دەوڵەتە نەتەوەییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، بۆ نموونە ئیتالیا پێش یەکگرتنە سیاسییەکەی چێشتخانەیەکی یەکگرتووی نەبووە، بەڵام دواتر نەریتە خۆراکییە نیشتمانییەکان (داهێنران)، بۆ ئەوەی هەستکردن بە یەکێتی و سەربەخۆیی دروستبکەن، ئەمەش وەک (ناسنامەی دروستکراو).
نەریتی خۆراک لە نێوان یادەوەریی و داهێناندا
(مۆنتاناری) دەڵێت ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین (نەریت)، مەرج نییە میراتێکی وەستاو بێت لە رابردوودا، بەڵکو بەرهەمێکی دینامیکییە، لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا دەگۆڕێت. وەک دەڵێت: (خۆراکی نەریتی داهێنانێکی بەردەوامە. بەردەوام دادەهێنرێتەوە، بۆ ئەوەی کۆن دەربکەوێت).
ئەو نموونەی خواردنەکانی (ریزۆتۆ و مەعکەرۆنی) دەهێنێتەوە، کە ئێستا بە هێمای ناسنامەی ئیتاڵی دادەنرێت، هەرچەندە هەندێکیان کاریگەریی عەرەبی و ئیسپانی و فەرەنسییان لەسەرە. ناوبراو پێیوایە ئەو خواردنانە (ئیتاڵیی رەسەنن)، مێژوویەکی دوور و درێژی ئاڵوگۆڕی کەلتوریی و مێژوویی دەشارێتەوە. خوان تەنها شوێنێک نییە بۆ خواردن، بەڵکو فەزای بەرهەمهێنانی یادەوەریی بەکۆمەڵ و داڕشتنی گێڕانەوەی نیشتمانی و نەتەوەیی و چەسپاندنی بەها کەلتورییەکانە.
خواردن و دەسەڵات
(مۆنتاناری) لە چەند بابەتێکدا لەوە رادەمێنێت، چۆن کۆنترۆڵکردنی خۆراک هەمیشە ئامرازێک لە ئامرازەکانی دەسەڵاتی سیاسی بووە. لە کۆمەڵگە دەرەبەگایەتییەکاندا (دەعوەتکردن و ئەو بۆنانەی کە خواردنی تێدا دروست دەکرا) بۆ نیشاندانی باڵایی پێگەی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرا، لەکاتێکدا لە سەردەمی نوێ تۆڕەکانی دابەشکردنی خۆراک بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و ئاڕاستەکردنی بەکاربەریی بەکاردەهێنرێت.
ناوبراو، پێیوایە پەیوەندییەکانی خۆراک لە رەهەندە رەگەزیی و چینایەتییەکانیاندا پەیوەندیی دەسەڵاتن، ژنان سەرەڕای رۆڵی سەرەکییان لە چێشت لێنانی ماڵەوەدا، بەڵام لە کایەی گشتی چێشتلێنان لە چێشتخانە پیشەییەکانی دەرەوە دوور خرانەوە، کە هەتا سەدەی بیستەم لەلایەن پیاوانەوە قۆرخ کرابوون.
بەرەو مێژوویەکی تازە لە رێگەی هەستەکانەوە
کتێبەکەی (مۆنتاناری) کرانەوەیەکی میتۆدییانە دەنوێنێت، بۆ فراوانکردنی بازنەی کایەی مێژوونووسیی، واتە بۆ لەخۆگرتنی (مێژووی هەستەکان)، کە لە حەز و بۆن وەک ئامرازگەلێکی تێگەیشتن لە یادەوەریی و کۆمەڵگە دەکۆڵێتەوە. دواتر (کەلتوری ماددی)، واتە دەفر و چێشتخانە و بازاڕ و کتێب دەبنە ئامرازی ئەرشیفی، کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی مێژوویی بخوێنرێنەوە.
هەربۆیە خۆراک دەتوانێت گێڕانەوەی شوناسە نەگۆڕەکان هەڵبوەشێنێت و مەودای ئاڵۆزیی ئاڵوگۆڕی کەلتوریی نێوان گەلان نیشان دەدات. بەم شێوەیە مۆنتاناری ئەو بیرۆکەیە دەچەسپێنێت، هەر پاروویەک کە دەیخۆین، بەرهەمی مێژوویەکی دوور و درێژ و ئاڵۆزە لە هەڵبژاردن و دانوستان و دەسەڵات و داهێنان.
لە کتێبەکەدا، سەرلەنوێ پەیوەندییەکانمان بە مێژووەوە لە رێگەی خۆراکەوە پێناسە دەکاتەوە، ئەوە دەسەلمێنێت، خواردن تەنها چالاکییەکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو رووداوێکی سیمبولیی و مێژوویی و کەلتورییە. ئەو چێوەیەکی ئیپیستمۆلۆژیی پێشکەش کرد، کە وامان لێدەکات لە رێگەی ئەوەی لەسەر (خوان) پێشکەش دەکرێت، کۆمەڵگە، دەسەڵات، ناسنامە و یادەوەریی بخوێنینەوە.
سەرچاوە:
Massimo Montanari, Food is Culture, translated: Albert Sonnenfeld, Colombia University Press, New York, 2006.
هەموو خۆراکێک مێژوویەکی هەیە