وێنە راستەقینەکەی خۆمان

10:34 - 2022-07-02
رۆزا دڵشاد مەریوانی
423 خوێندراوەتەوە

لە ماوەی پێشوودا تەماشای زنجیرەیەکی کۆریم دەکرد باس لە دوو خوێندکار دەکات لەسەر ژیانی نێو خوێندنگە و وەکو دوو هەرزەکار فیلمێکی دۆکیومێنتاری تۆمار دەکرێت و بڵاودەکرێتەوە، دوای 10 ساڵ هەمان پرۆدیوسەر بڕیار دەدات دووبارە دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە وەکو دوو گەنج فیلمێکی دیکەی دۆکیومێنتارییان لەبارەوە بکات، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لای من دوای ئەو ماوەیە کاتێک پرۆدیوسەرێکی گەنج رادەسپێردرێت ئەو کارە بکات و تەماشای ئەو گرتە و ڤیدیۆیانە دەکات پێش مۆنتاجکردن بۆی دەردەکەوێت ئەوەی تۆمار کراوە زۆر جیاوازە لەوەی بڵاوکراوەتەوە و ئەوەش پاڵنەر دەبێت بۆی دووبارە فیلمێکیان لەبارەوە بکات، چونکە بێگومان تەنیا ئەو لایەن و دیمەنانە دەرخراوە کە خۆیان مەبەستیان بووە، ئەمە نموونەیەکی بچووکە لە کۆی ژیان بە گشتی کاتێک خەڵکی تەنیا ئەو وێنە و دیمەنانە دەبینن کە خۆمان مەبەستمانە و بەردەوام لە هەوڵی ئەوەداین ناشیرینییەکانی ژیانمان بشارینەوە و تەنیا جوانیی و خۆشییەکان نیشان بدەین، هەموو نەخۆشین بە تەنیا دەرخستنی جوانییەکان تەنانەت ئەوەمان بۆ منداڵەکانمان گواستۆتەوە و دەمانەوێت ئەوانیش لە شێوە و دۆخێکدا وێنە یان ڤیدیۆ بگرن کە جوان و بێ عەیب بن، بۆیە زۆرجار ئەگەر لە چاوی خەڵکییەوە تەماشای ژیانی خۆمان بکەین ئیرەیی بە خۆمان دەبەین کە چ ژیانێکی خۆش و بێ خەوش دەژین.
لە ناخماندا رەنگی داوەتەوە
هەر لە منداڵییەوە کاتێک وێنەمان دەگیرێت پێمان دەوترێت بۆ وا گرژ و مۆنیت دە پێبکەنە! ئەوە لە ناخماندا رەنگی داوەتەوە و دونیای گریمانەکراویش ئەوەندەی دیکە دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە کەمجار هەیە جورئەتی ئەوەمان هەبێت بێ فلتەر وێنەیەک بگرین نەبا ئەگەر بە کامێرای ئاسایی وێنەکەمان گرت ناڵێم ناشیرین، بەڵکو ئاسایی و سروشتی دەرکەوین، نامانەوێت ئەوەی بە چاو دەبینرێت لە وێنەکانماندا دەرکەوێت و هەوڵدەدەین نەک تەنیا جوانییەکانمان بگرە جوانتر لە خۆمان دەربکەوین، وەکو پەتایەک وایە و هەموو دەمانەوێت لە تەمەنی خۆمان جوانتر و گەنجتر دەربکەوین، بۆیە کاتێک ئەکتەرێک یان گۆرانیبێژێک وێنەیەکی سروشتی خۆی بێ فلتەر بڵاودەکاتەوە زۆرجار هێرشی دەکرێتە سەر کە بۆ بەو جۆرە دەرکەوتووە، وامان لێهاتووە بێ جیاوازی بەرگەی ناشیرینییەکانی خۆمان و چواردەوریشمان ناگرین و سووکایەتی بە یەکتری دەکەین، هەموو ئەو ژیانە خەیاڵیی و ناسروشتییەی نێو دونیای گریمانەکراو دەژین و بیرمان دەچێتەوە ژیان خۆی وەکو ئەوەی هەیە بە جوانیی و ناشیرینییەکانییەوە بژین، بۆیە هەر یەکێکمان وەکو ئەو فیلمە دۆکیومێنتارییەی نێو دراماکە ئەگەر خەڵکی پێش مۆنتاجکردن لە ژیانمان وردبنەوە دەبینن ژیانێکی راستەقینە دەژین ژیانێک پێویست ناکات هەمیشە وەکو بەردەم کامێراکان پێبکەنین دەکرێت زۆر بە خراپیی بگرین و زۆریش پڕ بە دڵ پێبکەنین، چونکە کۆی ژیان بەو شێوەیەیە.
جوانترین وێنە
چەند ساڵێک پێش ئێستا کاتێک لە جێیەکی زۆر خەمباردا وێنەگرێکی پرۆفێشناڵ وێنەیەکی گرتم داوای نەکرد تەنیا زەردەخەنەیەکیش بکەم، بەڵکو لەو ساتەدا ئەو هەموو هەستەی لە ناخمدا هەڵقوڵابوو لە روخسار و چاومدا لە وێنەکەدا رەنگیداوەتە بێ هیچ جوانکاری یان فلتەرێک هەتا ئەم ساتەش ئەو وێنەیە جوانترین و واقیعیترین و سروشتیترین وێنەی منە تۆمار کرابێت، بۆیە هەمیشە هەوڵدەدەم کەمترین وێنە و ژیانی خەیاڵیی و دروستکراو لەسەر خۆم و خێزانەکەم بڵاوبکەمەوە، ئەو ژیانەی هەمە بە خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە بۆ خۆمی هەڵدەگرم و بەشێکی زۆر کەمی وەکو یادگاریی بڵاودەکەمەوە، هەروەها دەکرێت وێنەیەک بێت خۆمان بین بە هەموو جوانیی و ناشیرینییەکانمانەوە و تەنیا زەردەخەنەیەکیشمان نەکردبێت.



وتارەکانی نوسەر