هەگبەی ژن

یادکردنەوە لە دروشمێکدا

12:50 - 2022-03-24
کنێر عەبدوڵڵا
508 خوێندراوەتەوە

گەر گوزەرێک بکەین بەنێو دروشمەکانی یادکردنەوەی 8 ی مارس لە هەرێمی کوردستاندا، دیارترینیان خۆی لەیەک دروشمدا دەبینییەوە کە بریتی بوو لە «نا بۆ کوشتنی ژنان» یان « فێمێنیساید رابگرن» کە ئامانج لێی دەربڕینی ناڕەزایەتی ئەم قۆناغەی رێکخراوەکانی ژنان بوو سەبارەت بە ئەو رەشەکوژییەی رووبەڕووی ژنان بۆتەوە، تەنها لەبەر ئەوەی ژنن.
بوونی ئەو دروشمە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی رێژەی کوشتنی ژنان، سەرەڕای بوونی یاسا و کارکردنی رێکخراوەکانی ژنان لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاکی کوردی کە ئەرکی سەرەکی رێکخراوەکان لەوەدا بەرجەستە دەبێت، هۆکاری کوشتنی ژنان ئەگەرچی بەگشتی خۆی لە پاراستنی شەرەفی خێزان یان بنەماڵە و هەر پاساوێکی تردا دەبینێتەوە، بەڵام هیچ رەوایەتیی و بیانوویەک نابێتە پاساو بۆ کوشتنی مرۆڤ لەلایەن کەسێکی ترەوە، زۆربەی کەیسەکانی کوژراون یان خۆیان دەکوژن بەگشتی پەیوەندیدارە بەوەی کچان دەیانەوێت رای خۆیان هەبێت لەسەر ژیانی خۆیان بەتایبەت کاتێک شوو دەکەن، واتە دەربڕین و پێداگیریکردنی کچانە بۆ شووکردن بەو کەسەی دەبێتە هاوبەشی ژیانیان، ئەمەش سەرەتاییترین مافی هەموو مرۆڤێکە کە لەرێی یاسا، شەرع و ماف و بنەما مرۆییەکانەوە رێپێدراوەو سروشتییە.
هۆکاری گەیشتن بەو بڕیارەی ژن بکوژرێت لە لایەن پیاوێکی خێزانەوە یان دەرەوەی پەیوەندیدار بە نەریت و زهنیەتێکی پیاوسالاری کە ئەنجامی پرۆسەیەکی پەروەردەیی جیاکاری رەگی داکوتاوە و درێژەی هەیە و ئەو عەقڵیەتەی باوەڕی وایە ژن مرۆڤ نییە و تەنها سەرچاوەیەکە بۆ خۆشی و وەچەخستنەوە! ئەم بیرکردنەوە شەڕەنگێزییە، جگە لە سڕینەوەی مرۆڤایەتی و گەشەنەکردنی کۆمەڵ هیچی تر بەرهەمناهێنێت و بگرە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ کۆی مرۆڤ و خێزانەکان، ئەرکی هەموانە رێی لێ بگرن و هەمووان پێکەوە بە گژیا بچینەوە.
کرداری کوشتنەکە دەرئەنجامە کاتێک کۆتایی بەژیانی مرۆڤێکی بێتاوان و بگرە قوربانیدا دێت، بەڵام ئەوەی پێویستە بکرێت چییە؟ بە بڕوای من بەدەر لەوەی گرنگە هەوڵ و تواناکان چڕتر بکرێتەوە بۆ بەرگرتن لە کوشتنی ژنان و سەروەری یاسا بەرقەرار بێت و لە هەمان کاتدا حکومەت و پەرلەمان و راگەیاندن و سەرجەم لایەنە بەرپرسەکان پلان و ستراتیج و بەرنامەی هاوبەش و هاوئاهەنگیان هەبێت بۆ بنەبڕکردنی ئەو کێشەیە، بەشێوەیەک کوشتنی مرۆڤێک ژن بێت یان پیاو ببێتە هێڵی سوور، گرنگە لە دوای کاری کوشتنەکەوە بەتەواوی تیشک بخرێتە سەر بکوژەکە، بەشێوەیەک هێندە باسی لێوە بکرێت چ بکوژەکە و چ کارەکەی پێی هەستاوە قێزەون بکرێت و بخرێتە ژێر باس و بەردەم هەمووان تا ببێتە وانە و عیبرەتێک بۆ بەردەم تاکەکانی کۆمەڵ، وێڕای باسکردنی هەموو ئەو لایەن و کەسانەی لە پشت پشتیوانی بکوژەکەوەن، چونکە ئەوەی تێبینی دەکرێت کەناڵەکانی راگەیاندن هێندەی تیشک دەخەنە سەر قوربانی و وێنە و باسکردن لەسەری چڕ دەکەنەوە، کەمتر خۆیان لەقەرەی بەسەرهات و ژیان و وێنەی بکوژەکە دەدەن و باسی لێوە دەکەن.

وتارەکانی نوسەر