دانوستان رێگەچارەیەکی ئاشتییانەیە کە بەبێ زیانی گیانی و خوێنڕشتن و کاولکاری، دەتوانێت چارەسەری کێشەگەلێکی سیاسی، ئابووری، ئایینی و کۆمەڵایەتی بکات، ئەوەش هۆکارێکە بۆئەوەی کە لەسەر ئاستە جیاوازەکانیدا بە رێگە چارەیەکی عەقڵانی و پەسەند هەژمار دەکرێت.
هەڵبەت دەبێت ئاماژە بۆ ئەو راستییەش بکەین کە مەرج نییە دانوستان تەنها لە نێوان دوو لایەندا بێت، بەڵکو دەشێت چەند لایەنێک بچنە دانوستانەوە بۆ پرسێک، هەروەها هەندێک جار روودەدات لایەنە بەشداربووەکانی دانوستانێک لەسەر ناو و شوێن و کات و تەوەری دانوستانەکە ناکۆک دەبن، ئەوەش لەکاتێکدا روودەدات کە لایەنێکی دانوستانەکە جددی نەبێت یان خواستی ئەوەی نەبێت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەو پرسە بدات.
لە ئەدەبیاتی سیاسیی کورددا وتەزایەک هەیە دەڵێت: «کورد لەسەر مێزی گفتوگۆ دۆڕاوە» ئەگەرچی مەرج نییە ئەوە راست بێت، بەڵام بەرەنجامی شکستی چەند بارەی دانوستانەکانی کورد و دەوڵەتە سەردەستەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەو وێنایەی لە زەینی تاکی کورددا بۆ دانوستاندن نەخشاندووە، ئەمەش پاڵنەرێکە بۆئەوەی هاووڵاتیانی کوردستان، بەچاوی گومان و ترسەوە لەهەر هەنگاوێکی دانوستاندن بڕوانن لەهەر بەشێکی کوردستاندا، بەتایبەتی کە لانیکەم لەم 100 ساڵەی دواییدا هیچ کاتێک هیچکام لەم دەوڵەتانە بۆ پێدانی بچووکترین مافی کورد بەخواستی خۆیان هەنگاویان نەناوە.
لە رۆژگاری ئەمڕۆدا لە سێ بەشی کوردستان دانوستاندن هەیە، یەکەمیان لە باشووری کوردستانە کە وەک دیفاکتۆیەکی تاڵ لە ئەدەبیاتی سیاسیی عیراقی نوێدا ناونراوە دانوستانی بەغدا و هەولێر، لە باکووری کوردستان جۆرێک لە دانوستان بەڕێوەدەچێت کە لایەنی تورکیا ناویناوە پرسی کۆتاییهێنان بە تیرۆر و تەنانەت ئامادە نییە خودی پرۆسەکەش وەک پرۆسەی دانوستان یان پرۆسەی ئاشتی ناوزەد بکات کە ئەمەش نەک لەسەر ئاستی کوردستان بەڕوونی ئومێد بەخش نییە، بەڵکو تائێستا هیچ کاردانەوەیەکی ئەرێنی لە شەقامی باکووری کوردستانیشدا دەرنەکەوتووە، سێیەم پرۆسە، بریتییە لە دانوستانەکانی نێوان عەبدی و جۆلانی کە تائێستا تەنها لایەنی کوردی زیاتر پێداگرە لەسەری و پەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر بەگشتی و بەتایبەتیش ژەنەرال عەبدی بە روونی و بێ پێچ و پەنا ئامانج و هەنگاوەکان و خاڵەکانی بۆ میدیاکاران ئاشکرا دەکەن، کە بەدڵنیاییەوە هیچکام لەو خاڵانەی پەیوەستن بە لایەنی سیاسی و سەربازی و ئاسایشەوە، تائێستا رێککەوتنی کۆتاییان لەسەر نەکراوە و هەر لایەنێک بە گوێرەی خواست و بەرژەوەندیی خۆی خوێندنەوەی بۆ دەکات، وەک ئەوەی لە دوایین دیداری ژەنەڕاڵ عەبدی لەگەڵ کەناڵی ئەلحەدەس ئاماژەی بۆ کرد، بەتایبەتی لەبارەی پرسی چەک و دامودەزگا ناوەندییەکان. ئەوەی زۆر جێگەی نیگەرانییە بۆ کورد ئەوەیە کە میدیای ئەو وڵاتە و تەنانەت دەسەڵاتی راگوزەری جۆلانی-یش ئامادەنین پرۆسەی دانوستانەکە وەک پرۆسەی دەسەڵاتی ناوەند و هەرێمیکی لامەرکەزی یان فیدراڵی و خۆبەڕێوەبەری بناسێنن، بەڵکو هەوڵی ئەوە دەدات ئەوەندەی بۆی بکرێت پرۆسەکە بەکەسی بکات و بە دانوستانی نێوان عەبدی و جۆلانی یان دیمەشق و هەسەدە ناوی ببات، ئەوەش لە ناواخنیدا هەڵگری مەبەستێکی شارەوەی دوژمنکارانەیە کە بریتییە لە حەزێک کە لە سۆنگەی دەسەڵاتخوازییەوە سەرچاوەی گرتووە و موتوربەیە بە عەقڵی ناوەندەگەرایی و بەکەم زانینی ئەوانی تر، کە هەرگیز نایەوێت ئەو خەوە ناخۆشەی دەربارەی بوونی هەرێمێکی زۆرینە کوردی لە سوریا بەناوی ئیدارەی خۆسەرەوە و کورد تێیدا فەرمانڕەوایە، بکاتە ئەمری واقیع و دانی پیادابنێت، لەبەرئەوە تا ئەوکاتەی لەژێر گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا دەسەڵاتی راگوزەریی جۆلانی تەنگەتاو نەبێت، ناکرێت چاوەڕێی وەرچەرخانی ئەرێنی بکرێت لە عەقڵی سیاسیی ئەو دەسەڵاتە و ئەوانی تریشدا.