یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، لە 100 ساڵی رابردوودا ئەوە بووە کە لەناو هاوکێشەی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیی زلهێزەکاندا جێگەی نەبووە یان خواستەکانی تەریب نەبووە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەوان، هەمیشە پێگەی دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستانیش باڵاتر و بەهێزتر بووە، بەوەش کورد نەیتوانیوە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بەدەستبێنێ و خەباتەکەی دەکرێت وەک خولانەوە بووبێت لە ناو بازنەیەکی داخراودا، بەڵام رەنگە تەنها باشترین نموونەی بەرهەمی خەباتی کورد وەک دەستکەوت، راپەڕینی ساڵی 1991 بووبێت و بەدوایدا لەگەڵ بەهاری عەرەبیدا، سەرهەڵدانی رۆڵی دیاری کورد بێت لە رۆژئاوا، کە هەردووکیان تا ئێستا لە برەودان و بەردەوامن.
زۆرجار لێرە و لەوێ و تەنانەت لە ناوەندە ئەکادیمییەکانیش دەبیستین باسی ئەوە دەکرێت لە ئایندەدا رەنگە روسیا یان چین یان هەر دەوڵەتێکی تر، ببێتە جێگرەوەی رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی، ئەمە رەنگە وەک تەکتیک بۆ ئەو دەوڵەتانەی کە ململانێی سیاسی و ئابوورییان لەگەڵ خۆرئاوادا هەیە کارێکی عاقڵانە بێت و بتوانن لەپێناوی بە بازاڕکردنی ماددەی خاو و هاوردەکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانیان وەک جێگرەوەیەک، پەیڕەوی ئەو سیاسەتە بکەن بۆ ماوەیەکی کاتی، بەڵام بۆ ئەو گەلانەی هێشتا لە قۆناغی رزگاریی نیشتمانیدان، هەر وەرچەرخانێکی سیاسی بە ئاڕاستەیەکی تردا، کارێکە پێویستیی بە دیراسەکردنێکی ورد و بابەتی هەیە.
زەحمەتە گەلێک کە هێشتا لە هەوراز و نشێوی ژێردەستەیی رزگاری نەبووە، هەوڵێکی لەو چەشنە بدات. لە رابردوودا کورد چەند جارێک هەوڵیداوە پەیوەندیی لەگەڵ روسیای لە هەرسێ قۆناغی پێش یەکێتیی سۆڤیەت و سەردەمی ئەو یەکێتییە و دوای رووخانیشی لەگەڵ روسیای نوێ ببەستێت، بەڵام هیچی لێنەهاتۆتە بەرهەم، چونکە ئەوەی یەکێتی سۆڤیەت بانگەشەی بۆ دەکرد دەربارەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلان و سەربەخۆیی، بۆ کورد ئەمەی نەدەویست، روسەکان کوردیان تەنها لەو کاتانەدا بیرکەوتووەتەوە کە دەوڵەتانی سەردەستی کوردستان لە خزمەت بەرژەوەندییەکانیاندا نەبوون، ئەگەرنا نەک پشتیوانیی کوردیان نەکردووە، بەڵکو گوشاری زۆریشیان لەسەری دروست کردووە تاوەکو کۆتایی بە خەباتی چەکداریی بهێنن.
دەکرێت هەوڵەکانی شێخ مەحمود و سمکۆ و قازی محەمەد و بارزانی و ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان پەندێکی باشبن بۆ تێگەیشتن لە شێوازی مامەڵەی روسیا بەرامبەر بە کورد. چینیش سەرباری ئەوەی کە یەکێکە لەوڵاتە گەورەکان لەڕووی هێزی مرۆیی و پیشەسازی و سەربازییەوە، بەڵام لەوەتەی وەک هێزێکی کاریگەر هاتۆتە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ئەوەندەی بە شوێن بازاڕ و سەرچاوەی وزەدا وێڵە، هێندە خۆی لە قەرەی کێشەکان نادات و دەستێوەردانی سەربازی ناکات.
سیاسەتی دەرەکی چین لەسەر کۆمەڵێک بنەما وەستاوە کە بریتین لە سەربەخۆیی و ئاشتی و رێزگرتنی دوولایەنە لە سەروەریی خاکی یەکتر و دەست وەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکتر و پاراستنی بەرژەوەندیی هەردوولا و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و.....هتد.
سیاسەتی چین بەرامبەر دۆزی فەلەستین سیاسەتێکی روونە، لەگەڵ بانگەشەی رەوایەتی داواکانی فەلەستینییەکانە و دژی داگیرکاریی ئیسرائیلە، بەڵام پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆشی دەپارێزێت لەگەڵیدا.
سەبارەت بە ئێرانیش سیاسەتێکی جێگری نییە، لەلایەک دژی سەپاندنی سزایە بەسەر ئەو وڵاتەدا و بە یەکێک لەسەرچاوەکانی وزەی دەزانێت بۆ کەرتی پیشەسازیی وڵاتەکەی و چەندین کۆمپانیای چینی لەو کەرتەدا لە ئێران وەبەرهێنان دەکەن، بەڵام ناچێتە ململانێ سەربازییەکانەوە لەگەڵ هەر وڵاتێکی تر.
لەبەرئەوە دەکرێت بووترێت، بەرژەوەندیی کورد لەگەڵ سیاسەتی ئەو دەوڵەتانەدا دێتەوە کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی نەخشەی سیاسی ئیقلیمی هەیە، نەک ئەوەی بەرژەوەندییەکانیان پەیوەست بێت بەو نەخشە سیاسییە جێگیرەوە کە 100 ساڵە چەسپاوە.