كاتێك خەڵكی رووت و برسیی فەرەنسا راپەڕین و گەیشتنە بەردەم كۆشكی ڤێرسای، خەمی یەكەمیان برسێتی بوو، ئینجا هەژاری و نەداری و باج و خەراج و كێشە و بابەتەكانی تری ژیان. شاژنە ماری ئەنتوانێت خێزانی لویسی 16 پادشای فەرەنسا لەوكاتەدا لە شیرین خەودا بوو، لە غەڵبە غەڵب و دەنگی میللەتی برسی لە خەوەكەی رابوو، بە چاوی خەواڵووەوە پرسیاری كرد:
ئەو دەنگە دەنگە چییە؟ بۆ بێدەنگیان ناكەن؟
خەدەمی حەرەم: خاتوون ئەوە خەڵكی برسیی فەرەنسان هاتوون بڵێن: نان نییە بیخۆین؟
ماری ئەنتوانێت: جا با بڕۆن كێك بخۆن!
قورسایی و نەگبەتی ئەم رستەیە لەوەدایە گوایە بیرمەندی گەورە جان جاك رۆسۆ پوختەی شۆڕشی فەرەنسای ساڵی 1789 لەم رستەیەدا كۆكردووەتەوە و دایڕشتووە. ماری خەڵكی مەملەكەتی نەمسا بوو، وەك باس دەكرێت جوانیەكەی بێوێنە بووە، بەدرێژایی ژیانی لە ناز و نیعمەت و كۆشكی شاهانە نەهاتووەتە دەرەوە، هەرچی وتبێت، هەرچی ویستبێت، بە نووكە پەنجەیەك بۆی كراوە، چیرۆكی شوكردنی ئەم شاژنە بە شای فەرەنسا زۆر لە چیرۆكەكانی ئەم خۆرهەڵاتەی خۆمان دەچێت. لە رۆژی بووكێنیدا كە تەمەنی 14 و دەستگیرانەكەی 15 ساڵان بوون، لەسەر سنووری خاكی نەمساوە بەبێ جلوبەرگ، بەپێی پەتی دێتە ناو خاكی فەرەنسا و هەر كە دەگاتە ئەمدیو سنوور داوای تەرازوویەكی گەورە دەكات، لەتای تەرازووەكەدا دادەنیشێت و دەڵێت لای دووەمی تەرازووەكەم بۆ پڕبكەن لە زێڕ، ئەگینا دەگەڕێمەوە، ئەوانیش هێندەی سەنگ و قورسایی خۆی زێڕی بۆ پڕ دەكەن، بەڵام بەوەش قایل نابێت، دەڵێت: دەبێت گەماڵەكەشم بێتە باوەشم، هێندەی سەنگی ئەویش زێڕم دەوێت، بەناچاری سەنگی سەگەکەشی بۆ دەكەن بە زێڕ، ئەوسا دادەبەزێت و جلوبەرگە فەرەنسییەكانی لەبەردەكات.
ئەم شاژنە كە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دەستگیر دەكرێت، لە یەكەمین شەویدا لەزیندان لە حاڵەتێكی زۆر دەگمەندا هەموو پرچی سپی دەبێت و تائێستا ئەو نەخۆشییە بە ناوی ئەوەوە ناودەبرێت.
خاتوونی نان و كێك بە بڕیاری شۆڕش لە ساڵی 1793 فرمانی كوشتنی بۆ دەردەچێت و لەژێر ئامێری (ملپەڕ)دا سەر و ملی لە لاشەی جیادەكەنەوە.
چیرۆكی نان و شۆڕشی برسییەكان، فەلسەفەیەكە، دەزانن بۆچی ماری و لویسەكان لێی تێناگەن؟ چونكە هەرگیز برسی نەبوون، چڵكن نەبوون، هەرگیز بێ جلوبەرگ نەبوون، بەڵام زۆر بێدەرپێ بوون، هەرگیز بە ئازاری نەخۆشی و خەمەوە شەوێك سەریان نەخستوەتە سەر سەرین، هەرگیز لە زمانی هەژاران و لە گەڕەكی هەژاران نەژیاون، هەرگیز بێمووچە و بێئاو و بێكارەبا نەبوون، هەرگیز زەمەن و قەدەر شەقازلەیەكیان لە بنگوێیان نەداوە تا لە خەوەنوچكە رایانچڵەكێنن، هەرگیز دایك و باوكیان داركاری و فەلاقەیان نەكردوون، هەرگیز لەسەر سفرە و خوان دەستیان بۆ پاروی شەرم نەبردووە، هەرگیز بۆ ئایپاد و لابتۆپ و ماین و مایباخ نەگریاون، هەرگیز هەڕەشەی مردنی برسێتییان لەسەر نەبووە، هەرگیز سەیری ئاسمانیان نەكردووە و بڵێن: دەی ئیتر بەس نەبوو!؟
بۆیە ئەگەر لە زمانی برسی و هەژار تێنەگەن، لۆمەیان مەكەن، كە خەڵك داوای نان بكات، ئەوان بڵێن: دەبڕۆن كێك بخۆن.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.