رۆژانە لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە، ھەواڵی ژن کوشتن دەخوێنینەوە، یان گوێمان لێی دەبێت لە شار و ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان، ھەرکەس و لایەن و ژن کوژە، بەجۆرێک باسی ھۆکارەکانی دەکات، راستییەکەی لای من ھیچ ھۆکار و پاساوێک بۆ ژن کوشتن نییە، چونکە ئەوە ژیان کوشتنە و ھەمووی رەتدەکەمەوە.
کۆمەڵگەی خێڵەکی ھەمیشە ناتەبایە لەگەڵ یەکسانی و دادپەروەریی نێوان ژن و پیاو، بەڵکو ژن وەکو مرۆڤی پلە دوو دەبینێت، ئەوە لێدانە لە ئازادی، بەھای مرۆڤ، یەکسانی، ھەروەھا توانا و خەونەکانی ژنان ژێر پێ دەخات کە ئەوەش کۆمەڵگە زیاتر دوادەخات.
ژن، کە نیوەی زیاتری کۆمەڵگەیە، لەبری چەسپاندنی توانا و خەونەکانی، دەبێت دەرفەتی کاری پێ بدرێت، دەبێت زەمینەی بەدیھاتنی خەونەکانی بۆ بڕەخسێنرێت، باشتریشە خێزان و کۆمەڵگە سوود لە تواناکانی بۆ پێشخستنی زیاتر لێ وەربگیرێت.
چۆن وا دەکرێت لە جیاتی ژن کوشتن، سوکایەتی، چەوساندنەوە و توندوتیژیی بەرامبەر ژن، دەرفەتی راستەقینەی بدرێتێ، ئەمە ئەرکێکی ھەمەلایەنە و کاری زۆری دەوێت، لانیکەم دەتوانین سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین بۆئەوەی لە بەڵای ژن کوشتن رزگارمان ببێت.
ئەرکی سەرەکی لەسەر دەسەڵاتی سیاسییە، ئەو دەتوانێت زۆر کار بکات، بۆ نموونە: توندکردنی زیاتری سزاکانی ئەو کەسانەی ژن دەکوژن، بنیاتنانی پەروەردەیەکی یەکسانیخواز، رەتکردنەوەی جیاوازییە جێندەرییەکان، بەشداریپێکردنی زیاتری ژنان لە دەسەڵات و سوودوەرگرتن لە تواناکانیان.
ژن ئەگەر دەرفەتی بدرێتێ، رۆڵی گرنگی دەبێت لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا، دەتوانێت منداڵ و خێزانی تەندروست پەروەردە بکات و بنیاتی بنێت.
خێزانی تەندروست بنەمای دروستکردنی کۆمەڵگەی تەندروستە، ئەوەش گرەنتی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە.