رۆچوون و مایەپووچیی لە رەوشتدا

11:26 - 2022-07-07
هێڤار محەمەد عومەر*
508 خوێندراوەتەوە

ئاساییە کاتێک گوێمان لە وشەی مایەپووچی دەبێت، بیرمان بۆ لای کۆمپانیایەک یان بازرگانێک یان سەرمایەدارێک بچێت، ئەم مانایە بسەلمێنین بە ژمارەوە کە بڵێین بە هۆی چەند هۆکارێکەوە لایەنێک یان کەسێک تووشی مایەپووچی بۆتەوە و هەرەسی هێناوە یان هەر وەکو لە یاساکانی کۆمپانیاکان و بازرگانی و مەدەنیدا هاتووە، چەند رێکار و رێوشوێنێک بە تایبەتی بۆ ئەو کەس و لایەنانە دیاریکراوە کە تووشی مایەپووچی دەبنەوە، یان خۆیان لە رووی کۆمەڵایەتی و یاسایی و ئابوورییەوە رایدەگەیەنن کە رووبەڕووی ئەم حاڵەتە بوونەتەوە، ئەمەش بە ئاشکرا زۆربەی کات لە کەناڵەکانی راگەیاندنی جیهانی و ناوخۆیی و سۆشیال میدیاوە دەبینین کە یەکێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان یان یەکێک لە سەرمایەدارەکان جیهانی یان ناوخۆیی مایەپووچیی خۆی رادەگەیەنێت و کاریگەرییە دارایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە هەندێک جار دەگاتە ئاستی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان چەند وڵاتێک لە رووی سیاسییەوە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێ کە سەرنجی خوێنەری بۆ رابکێشم مایەپووچیی دارایی نییە، بەڵکو مایەپووچی ئەخلاقییە.

پرەنسیپەکانی ئەخلاق
بێگومان هەر یەکێک لە ئێمە بەپێی بیروباوەڕی تایبەت بە خۆی تەعریفی پرەنسیپەکانی ئەخلاق دەکات و لەو گۆشەیەوە دەڕوانێتە ئەم بابەتە، بەڵام سروشتی مرۆڤ و ژیان و ناوەڕۆکی ئەو فەزا کۆمەڵایەتییەی کە تیایدا دەژین لە چوارچێوەی بوونماندا، چەند بنەمایەکی بۆ دیاریکردووین کە لێی بکۆڵینەوە و بەرپای بکەین و بیکەین بە رێسا و یاسا و لانەدەین لەم هێڵانە بۆئەوەی بەبێ ئەخلاق ناونەبرێین، بەڵام کام ئەخلاق؟ 

ئایین و مرۆڤ و تاک و کۆمەڵگە و خاک و نیشتمان و زانست و پیشە و ئەدەب و هۆز و رۆشنبیریی، ئەمانە هەموو لە بازنەی ئەخلاقدا دەسووڕێنەوە و گەشە دەکەن، بەپێی قۆناغ و رۆژگار و زەمەن، چەرخی ژیان لە پێشکەوتندایە و هەمیشە ئەخلاقی مرۆڤ چڕتر و وردتر دەبێتەوە تا ئەو رادەیەی کە بنەماکانی ئەخلاقی گشتی و بنەماکانی ئەخلاقی کەسێتی بوون بە بەشێکی قورس لە ژیانی رۆژانەمان و بوون بە بەرگێکی پیرۆز کە دەبێت هەموو ساڵێک خۆمانی پێ داپۆشین، داپۆشین هەڵبەت لە رووی جلوبەرگ و ستایل و دیزاینەوە نا، بەڵکو داپۆشینی عەقڵ و فیکر و ویژدان کە دەبێت و پێویستە دانەماڵرێین لەم بنەما ئەخلاقییانە.

مایەپووچبوونی ئەخلاقی
مایەپووچبوون لەم رووەوە سەختترین و قورسترین و کاریگەرترین مایەپووچ بوونە کە مرۆڤ و کۆمەڵگە رووبەڕووی دەبێتەوە و لێکەوتەی نێگەتیڤی زۆر خراپی هەیە لەسەر بوون و ژیانمان، بەتایبەتی کاتێک کار دەکرێت بە شێوازێکی بەرنامە بۆداڕێژراو بۆ شێواندنی تاک و کۆمەڵگە و لەباربردنی ئەو بەها ئەخلاقییانەی کە مرۆڤ بەدەستیهێناوە.
ناکرێت خۆمان بە نا بەرپرس بزانین لە ئاستی ئەم جۆرە کردار و رەفتارانەدا کە ژیانی خۆمان و دەوروبەر و ئایندەمان دەخاتە ژێر پرسیار و مەترسییەوە.
بەرەو کوێ هەنگاو دەنێین و چی لە پشتی ئەم هەنگاوانەمانەوە هەیە کە وایکردووە تەنیا لەپێناوی حەز و ئارەزووی خۆمان و تێرکردنی ناخە شاراوەکانی خۆمان لە هیچ شتێک سڵنەکەینەوە و خۆمان بە پاڵەوان و جەنگاوەر و خەباتگێڕ و سەرمایەدار و پەروەردگار لە قەڵەم بدەین؟
بۆیە هەر یەکێک لە ئێمە پێویستە بەرپرسانە بێینە مەیدان و عەقڵ و لۆژیک بەکاربهێنین و هەنگاو و سەنگ بەجێبێنین .

رۆچوونی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجی
رۆچوون تەنیا لە خاکدا نییە لە رووی زانستی جیۆلۆجی و جوگرافیاوە، بەڵکو رۆچوون لە رووی سایکۆلۆجی و سوسیۆلۆجییەوە لە تاک و کۆمەڵگەدا، زۆر ترسناکە کاتێک تاک یان کۆمەڵگە روو لە رۆچوون دەکات و دەخزێتە نێو بازنەی شەڕ و حەز و ویست و خواستی نا ڕەوا و نا ئەخلاقی، چونکە ئەمە بە دوای خۆیدا نەوەیەکی نەڕەواخواز و نا ئەخلاق خواز و فیکر لاواز بەرهەم دەهێنێت و دەبێتە بار بەسەر شانی مرۆڤایەتی و زیانەکەشی هەر خۆمان دەگرێتەوە.
 ژینگەی سەردەمییانەی پڕ لە ئەخلاق، واتای ئەوە نییە کە بگەڕێینەوە و کۆنەپەرستانە بژین، بەڵکو ژیانێکە کە بەهای ئەخلاقی و ویژدانی تێدایە، چونکە پێشکەوتن بە داڕمانی ئەخلاقی و لاساییکردنەوەی گەلانی تر لە هەموو هەڵسوکەوتیاندا بێ جیاوازیی لە نێوان  باش و خراپدا پێی ناوترێت پێشکەوتن، بەڵکو ئەوەیە کە دەبێتە مایەی پوکانەوەی گەلەکەمان.

* پارێزەر 

وتارەکانی نوسەر