فلاش فیکشن

11:25 - 2022-07-19
محەمەد كەریم
479 خوێندراوەتەوە

70

دوژمن

لوولەی دەمانچەكەی دەخاتە ئاستی گوێم: «هەڵسە قارەمان، رۆژگارت تەواو بوو، ئیتر من بە ئیسراحەت لێی دەخەوم.» كە سەیری دەمانچەكەی دەكەم، گاڵتەی تەواویشم لێنایەت، چونكە بیری چووە میل بهێنێتەوە. لەسەر دەم خۆم داوە بەسەر سیسەمەكەمدا، دەستی راستم لە ژێر سەرینەكەمدایە، دەمانچەكەم لەسەر پێیە و لەناو دەستمایە. بستی بەقەرز نادەم، وەكو پاڵەوانی فیلمێكی پۆلیسی، بەیەك جووڵە، دەكەومە سەرلا و چوار گوللەی پێوە دەنێم، بۆڕەیەكی لێوەدێت و لەسەر كومبارەكەی تەنیشت سیسەمەكەم دەكەوێت، پاش لنگەفرتێیەكی كەم لە جووڵە دەكەوێت.
گیانم بەوەیە ژن و مناڵەكانم لە ماڵ نین، دەنا بە بینینی خوێنی ئەم جانەوەرە زەندەقیان دەچوو. ئێستا زۆر ئاسانە بەرەبەیان كومبارەكەی تێوە دەپێچم و وەها سەرەونگومی دەكەم سەد ساڵی تریش كەس نەیدۆزێتەوە. ئەوە من باسی چی دەكەم؟ وا دەزانم تۆش وەكو من دەیناسیت. ئەمە دوژمنە نادیارەكەمە. پاش ئەوەی هەر حەوتمان بە گرت دەدا، ئەوان لە سێدارە دەدرێن و من دەمێنمەوە، كاتێك ئەوان
بەرەو پەتی سێدارە و منیش بەرەو زیندان دەڕۆم، هەر شەشیان توند توند دەستم دەگوشن و دەڵێن: «كە ئازاد بوویت تۆڵەی ئێمەت لە بیر نەچێتەوە.» ئازاد دەبم، گەنجێكی بێئەزموون و كاڵ، ئاخر چۆن دەتوانم سیخوڕێكی رێوی بكوژم و تۆڵە بكەمەوە. كێشەكە ئەوەیە نایناسم و هەرچەند دەكەم ناتوانم سۆراخی بكەم. لەم هەرای بەدواداچوونەدا جەنابی هەست دەكات و لە هێلانەكەی هەڵدەفڕێت، خۆی ون دەكات. بۆ نەگبەتی ئەو دەزانێت من سۆراخی دەكەم. بۆیە دەیەوێت وەكو تاكە شایەتی ئەم تاوانەی منیش تەواو بكات، ئیدی خۆی وتەنی بە ئیسراحەت لێی بخەوێت.
ماوەیەكە دەزانم دوای پانزە ساڵ، ئینجا ئەو سۆراخی من دەكات. لە راستیدا نازانم چۆن پارێزگاریی لە خۆم بكەم. ناشمەوێت كەس ئاگادار بكەمەوە، نە پۆلیس و نەكەس، خۆم دەدەمە دەست قەدەر و حەزەر، ئەمشەو بیرم دەچێت دەرگای ژوورەكەم دابخەم بۆیە ئاوا رێك دێتە سەر سەرم.
لەپڕ خەبەرم دەبێتەوە، ئۆخەی خەو بوو. سەیری مۆبایلەكەم دەكەم، دەچێتە سەر فەیسبووك.  وێنەكەی دەبینم خەتێكی رەشی لێدراوە، سەیرە بەبێ ئەوەی قەت دیبێتم هەمان وێنەی خەونەكەمە.

وتارەکانی نوسەر