لە پەنجەرەی پەروەردەوە

کۆمێنت

10:08 - 2022-07-26
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
877 خوێندراوەتەوە

دیواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە رۆژگاری ئێستاماندا لەهەموو دیوارێ زیاتری لەسەر دەنووسرێت، ئەو دیوارە دیوارێکی ئاسایی نییە تەنها لە روویەکەوە ببینرێت و کەسانێکی کەم رێیان تێبکەوێت بیخوێننەوە، بەڵکو دیوارێکی تەواو ئاشکرایە و چی لەسەر بنووسرێت تۆماردەکرێت و دەبینرێت و رووی ئەودیوی ناوەوەی ئادەمیزاد ئاشکرادەکات، مرۆڤی پەروەردەکار لە هەموو کەس زیاتر گرنگە بزانێت ئەم دیوارە چۆن بەکاردەهێنێت، ئەوەی لەم زەمەنەدا دەگوزەرێت ئەگەر بەچاوێکی تێبینیەوە لێی بڕوانین، لە رووی دەروونزانی و پەروەردەیی دروستەوە لێکدانەوەی بۆ بکەین کارەساتێک دەبینین هەرچی بەهاو پەیامی پەروەردەییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە،  ناکرێت لە ژێر هیچ پاساوێکدا، بەناوی هیچ نوکتە و قسەیەکی خۆش کەسێک کە کاری پەروەردەکردنی نەوەیەک بێت بابەتێک بنووسێت لەگەڵ ئاکارو رەوشتی پەروەردەییدا نەگونجێت، بەداخەوە ئەبێت درک بەو حەقیقەتە بکرێت چۆن دەبێت مامۆستایەک، بەڕێوەبەر، یان هەر کەسێکی تری بواری پەروەردەیی لە پەڕەو ئەکاونتە بێ بنەماو ناوزڕێن و بێ بەهاکاندا بنووسێت، چونکە ئەمە دووجار کەسی پەروەردەکار دەخاتە ژێر پرسیارەوە، یەکەم، پەروەردەکاری دروست چ کارێکی بە بەدواداچوونی ئەو پەڕانە هەیە کە بە ئاشکرا دیارن ناپەروەردەیین، دووەم پەروەردەکار چۆن دەبێت بە نووسینی سەرنج و کۆمێنتەکانی لەخودی ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکە خراپتر بنووسێت، لێرەدا رۆڵ و ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆر گرنگە بیری لێ بکرێتەوە، هیچ مرۆڤێک لەم سەردەمەدا ناتوانێت پەیامێکی پەروەردەیی بگەیەنێت بە نەوەیەک ئەگەر خۆی سەرمەشقی ئەو پەیامە پەروەردەییە نەبێت بە گوتار و بەکردار، ئێستا منداڵ و گەورە و خوێندکار رۆژانە سەرقاڵی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانن، بەڕاستی ناکرێت کەسی پەروەردەکار بەشێوازێکی پێچەوانە لە سەرنجەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەربکەوێت، پابەندبوون بە بنەما و روخسارە پەروەردەییەکان لە دەرکەوتندا پێویستیەکە دەبێت لەلایەن وەزارەت و بەرپرسیارێتی پەروەردەوە بەجدی کاری لەسەر بکرێت، نووسینی کۆمێنتێک تەنها ریزکردنی چەند وشەیەک نییە، بەڵکو پەیامە و دەگەیەنرێت، بگرە کاریگەریشی لە واقعی تیا ژیاو گەلێ زیاترە، بەوپێیەی تاکی ئێستا بەشی زۆری کاتەکانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بەسەردەبات، رەنگە باس لە ئازادی و رای تایبەتی تاک بکرێت، بەڵام لە پەروەردەدا بیری ئازاد پێچەوانەی پەروەردە بوونی نییە ئەگەر رەفتارە ئەرێنیە پەروەردەییەکان بخاتە بەرمەترسی کاری ناپەروەردەییەوە. لە رووی سایکۆلۆجیەوە ئەگەر سەرنجە ناپەروەردەییەکان لێک بدرێتەوە، دەرخەری ئەوەدەبن ناخی سەرنج نووسەکە چەند پڕ گرێ و گڵۆڵە بەجۆرێک خودی کەسەکە خۆی پێویستی بە چارەسەر هەبێت، چ جای ئەوەی بتوانێت ئاڕاستەی پەروەردەی نەوەیەک بکات کە بە تەواوەتی لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی لەناوچوونی بەهاو گەنجینەی جوانی پەروەردەییدایە، چونکە لە هەر کۆمەڵگەیەک بەهاو نەریت و رەفتارەکان پێچەوانە بوونەوە، واتا زۆرینە جنێو تەشهیر و وتەی بێمانای پێ باشتر بوو لە رێنمایی و وتەی پڕپەند و ئاڕاستەکاری پەروەردیی ئەوا ئەو کۆمەڵگەیە لە دۆخێکی زۆر ناهەمواری پەروەردەییدایە، هەنگاوی یەکەم ئەبێت کاربکرێت چۆن چەمکە هەڵەکان لە راستەکان جیابکەنەوە، چۆن جارێکی تر حەقیقەتە پەروەردەییەکان لە پەروەردەکاری راستەقینەوە بگەیەنرێت بە نەوەکان بەجۆرێک کە بە بڕواو متمانەوە نەوەکان وەریبگرن و پەیڕەوی بکەن، بۆیە کۆمێنتەکان گرنگن، دەبێت بزانرێت چۆن دەنووسرێن.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی 


وتارەکانی نوسەر