لە خۆشەویستی گرنگترە

10:25 - 2022-07-30
رۆزا دڵشاد مەریوانی
546 خوێندراوەتەوە

*دەزانیت لە هەر پەیوەندییەکی مرۆییدا گرنگترین فاکتەر چییە؟ بۆ بە پتەویی مانەوەی جا هەر جۆرە پەیوەندییەک بێت پەیوەندی سۆزداری و خۆشەویستی بێت یان هاوڕێیەتی و خێزانیی و هەر جۆرە پەیوەندییەکی دیکە بێت؟
- بێگومان ئەوە ئاسانترین و سادەترین پرسیارە و وەڵامەکەی دیارە خۆشەویستی بنەمای پتەویی و مانەوەی هەر جۆرە پەیوەندییەکە.
فاکتەرێکی گرنگە
*بەداخەوە وەڵامەکە نەخێرە، راستە خۆشەویستی بنەما و فاکتەرێکی گرنگە لە هەر پەیوەندییەکدا و ئەگەر کەسێکت خۆش نەوێت ناتوانی لەگەڵی بەردەوام بیت، بەڵام لە خۆشەویستی گرنگتر هەیە ئەویش دەزانی چییە؟ بێگومان متمانەیە!
- باوەڕ ناکەم راستە متمانە گرنگە، بەڵام بە رای تۆ لە خۆشەویستیش گرنگترە؟!
* بەڵێ متمانە گرنگترە سادەترین نموونەش ئەوەیە ئەگەر متمانەت بە کەسێک بێت زۆر ئاسان دەتوانیت خۆشتبوێت، بەڵام زۆرجار کاتێک خۆشەویست یان هاوڕێیەکت متمانەت لە دەستدەدات چیتر ناتوانیت خۆشتبوێت، واتا خۆشەویستی ئەو کاتە تەواو دەبێت کە متمانە نامێنێت، چەندجار لە ژیاندا دووچاری ئەوە بووین کاتێک لە هاوڕێ یان کەسێکی خۆشەویستمان دوورکەوتوینەتەوە و وەکو دوو غەریبەمان لێهاتووە دوای ئەوەی لە هەڵوێستێکەوە متمانەمان پێی نەماوە، چونکە دوای ئەوە چیتر ناتوانین وەکو دوو مرۆڤەکەی جاران رەفتار بکەین و شتێک لەنێوان ئەو دوو مرۆڤەدا دەشکێت و جارێکی دیکە چاک نابێتەوە.
- تۆ باسی هاوڕێیەتیت کرد ئایا پەیوەندی نێوان دوو خۆشەویست یان پەیوەندی نێوان ژن و مێردیش بە هەمانشێوە تێیدا متمانە لە خۆشەویستی گرنگترە؟

پەیوەندی سۆزداری
*بێگومان راستە هیچ پەیوەندییەکی سۆزداری ئەگەر لەسەر بنەمای دیکەی وەکو پارە و بەرژەوەندی یان حەزو ئارەزووی سێکسی بونیاد نرابێت بەبێ خۆشەویستی لەگەڵ تەواو بوون یان تێرکردنی ئەو حەزانەدا ئەو پەیوەندییەش کۆتایی دێت ئەگەر خۆشەویستییان بۆ یەکتر نەبێت، بەڵام ئەگەر متمانە نەبێت و خۆشەویستی هەبێت ئەو پەیوەندییە لاواز و بێ بناغە دەبێت و زۆر بە ئاسانی دادەڕمێت و کۆتایی دێت، بەڵام کاتێک کەسێک لە چەندین دۆخدا بۆت دەسەلمێنێت و وات لێدەکات بە تەواوەتی متمانەی پێبکەیت و هەمیشە پشت و پەنات دەبێت ئەگەر پێشتر خۆشیشت نەویستبێت بە تێپەڕبوونی کات و بێ ئەوەی هەست بەخۆت بکەیت دەبینیت خۆشتدەوێت.
ناتوانێت بەردەوام بێت
بەڵام لە پەیوەندی سۆزداریی یان ژن و مێردایەتیدا لەسەر بنەمای خۆشەویستی بونیادنرابێت و لایەنێکیان متمانەی ئەوی دیکە بدۆڕێنێت چەندە کەسی بەرامبەر خۆشیشی بوێت ناتوانێت لەگەڵیدا بەردەوام بێت یان لەکاتی بەردەوامبوونیان پێکەوە لەبەر هەندێ هۆکار ئەو کاتە پەیوەندییەکی لاواز و پڕ کێشە دەبێت، نموونەش خیانەتە، چونکە وانەزانیت کاتێک ژنێک بە هۆی خیانەتەوە لە پیاوێک جیادەبێتەوە مەسەلەکە هەر کرداری خیانەتەکە خۆیەتی نەخێر، لەوە گرنگتر ئەوەیە ئەو ژنە ناتوانێت جارێکی دیکە متمانە بەو مرۆڤە بکاتەوە و چەندە خۆشیبوێت کە متمانە نەبوو وەکو ئەوە وایە خۆشەویستیت کەڕەتی سفر کردبێت، بۆیە زۆر گرنگە لە پەیوەندییەکانماندا ئاگاداری ئەوەبین متمانە لەدەست نەدەین بۆ مانەوەی خۆشەویستانمان، چونکە هەر کاتێک کەسێک متمانەی لەدەست دا دوای ئەوە هەرچییەک بکات و بڵێ بەڕاستیشی بێت دەکەوێتە ژێر گومان و پرسیارەوە و زۆر زەحمەتیشە متمانەی یەکێک بەدەستبێنیتەوە کە پێشتر لە دەستتداوە.
-قسەکانت تا رادەیەک کاری تێکردم، بەڵام شتێکت لەبیرچوو زۆرجار ئەو خۆشەویست یان هاوڕێیەی لە دۆخ یان هەڵوێستێکەوە متمانەت لە دەستدەدات، ئەوە هەر لە سەرەتاوە شایەنی ئەو متمانەیە نەبووە کە تۆ پێتداوە و پێویست بووە بە ئەزموونێکدا تێپەڕبیت تاوەکو راستیی ئەو کەسەت بۆ دەربکەوێت.      

وتارەکانی نوسەر