دواڕۆژەكانی بابلۆم بینی

06:27 - 2022-03-27
ئالان رەئوف
550 خوێندراوەتەوە


ئەم جیهانە خۆی بەڵایە‌ كەچی دەمانەوێت بسرەوین، ئەم ژیانە مەرگەساتە‌ و هێشتا دەمانەوێت پێبكەنین.
ئەم نووسینەم دەربارەی شانۆیی دواڕۆژەكانی بابلۆ، سەرنج ‌و تێبینی خۆمە لەسەر دیوە جوانەكانی ئەم نمایشە، بێگومان ئەم نمایشە بەدەر نییە لە رەخنە ‌و كەموكورتی، وەك هەر بەرهەمێكی تری هونەری دەكرێت لە زۆر رووەوە ئەم نمایشە رەخنە ‌و خوێندنەوەی تر هەڵبگرێت، بەڵام من تەنها ئەو لایەنانە دەخەمە روو كە چێژی پێ بەخشیم.
بۆ ماوەی سەعات ‌و نیوێك لە هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی نمایشی دواڕۆژەكانی بابلۆم بینی، ساڵانێكی زۆرە نمایشێكی لەم چەشنە ‌و ستایلەم نەبینی بوو. نمایشێك گێڕانەوەی بەسەرهات ‌و نەهامەتی ‌و تراژیدیا و چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی ‌و سیاسی لە بەرگێكی كۆمێدیدا روونتر بڵێم كۆمیدیایەكی جاد و پەنجە خستنە سەر زام ‌و برینەكانی كۆمەڵگە لە رێگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتی دوارۆژەكانی بابلۆوە.
ئەم نمایشە كۆمەڵێك ئەكتەر ‌و هونەرمەندی لاو بەرجەستەیان دەكرد یەكێكە لەو هەوڵانەی لەپاڵ نمایشەكانی كۆڕی شانۆی با ‌و هەندێك هەوڵی تر ئومێدبەخش ‌و دڵخۆشكەرە سەرباری جیاوازی ستایلی نمایشەكان.
لە دواڕۆژەكانی بابلۆدا ئێمە كۆمیدیای جادمان بینی نەك كۆمیدیای مەهزەلە‌ و گاڵتەجاری، ئێمە بەبێ ئەوەی خۆمان بۆ پێكەنین ئامادەكردبێت پێدەكەنین، بەڵام كارەكتەرەكان لەناخیاندا قوڵپیان دەدا بۆ نەهامەتی ‌و دەردەسەرییەكانی ژیان. زمانێكی سادە جووڵەیەكی ئاسایی، موزیك ‌و گۆرانی حەزین دیكۆرێكی واقیعی ئەو فەنتازیایە بوو نمایشەكەی بەرجەستە کردبوو، ئاوێتەبوونی موزیك‌ و گۆرانی لەگەڵ نواندندا یەكێكی تر بوو لە خەسڵەتەكانی ئەم نمایشە، بەوەش بە دیوێكی تردا ئەم نمایشە نزیك دەبووەوە لە ستایلی (شانۆی ئاهەنگسازی) هونەرمەندی گەورەی مەغریبی عەبدولكەریم بەرشید كە بە درێژایی ماوەی نمایشەكە بە گۆرانی ‌و موزیك بە حەی لەسەر شانۆ ئامادە دەبوو شان بەشانی بەڕێوەچوونی رووداوەكان ئەكتەرەكان هەرخۆشیان گۆرانیان دەچڕی.
ئەم نمایشە توانی چێژ ببەخشێتە بینەری شانۆ گەر وانەبێت ئەو هەموو بینەرە رۆژانە ئامادەی نمایشەكە نەدەبوون یەكێكیش لە خەسڵتە زیندووەكانی هەموو كارێكی هونەریی چێژ بەخشینە بۆیە بابلۆ چێژی پێ بەخشین.

وتارەکانی نوسەر