لە زامی دێرین بۆ عەزمی مەتین

10:25 - 2022-08-03
ستران عەبدوڵڵا
493 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا  

لە قەتلوعامی موکریانەوە. تا راگوێزانی عوسمانلی. لە کوشتار و گەمارۆی دەرسیم بۆ راگوێزانی ستالینی بەرەو سەحرای ئاسیای ناوەڕاست. کتێبە زبر وزەرد و روشاوەکانی مێژوو قەید و تۆماری خوێنی بە مەرەکەب سپاردووە.
لە خنکانی ھەڵەبجە و سەردەشت بەڕێگای جینوساید ، بەرەو ئەنفالی 182ھەزار زامی سەحرای سەماوە. لە وێستگەی بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان بۆ وێستگەی قاچاخی رۆبۆسکی. دیرۆکێکی ترس و برسی لە پشتمانەوە و یەکی دی لەتەنیشت و دەوروبەر. یەکی دی نزیکە لە شەنگال و یەکی دی ، خوا نەکەران، رووی لێمان دەبێت ئەگەر بە ژیری و سیاسەت و سەبر تەداروکی نەتەوەیی بۆ نەکەین.
ئەلبوومە رەشەکە نووسیویەتی: ئەگەر ماشێنی جەنگی سوپای دەوڵەت پشوو بدات و سیاسەتی رەسمی لەسەدەی بیستویەك شەرم لە پەلاماری مۆدێرن بکات، ئەوا دەسڕێژی شەقاوەکانی تیرۆر و داعش لەسەر خەتن تا وەکالەتی ئەرکی دۆزەخی جێبەجێ بکەن.
شەنگال فەرمانی ژمارە 73 یە و  پەرتی و کەرتی نیشتمان و نەتەوەش  زامێکی قووڵ و دەردێکی بۆماوەییە کە «توبی شەعبی» نەیتوانی چارەی بکات، بەڵام زانستی ھاوچەرخ چارەی دەکات ئەگەر رەچەتەکەی پەیڕەو بکەین کە دەنکێ حەپی برایەتی و کەوچکێ دەرمانی تێفکرینی جەماعییە لە دواڕۆژی وڵاتی نیشتەنی نێوان دووزێی ئەنفال و قەتلوعام.

شەنگال بۆیە قەوما چونکە جوگرافیای فەراغی ئەمنی وایە کەس خۆی ناکاتە خاوەنی، تەعریب و راگوێزانی میراتی نەفرەتی بۆیە ماوە چونکە فەراغی دەستووری لە عەھدی دەستووری موئەقەتەوە بۆ ئەمڕۆی دەستووری جێبەجێنەکراوی غەزەبلێگیراوی بەر ھەوای شەعبەویەت ناھێڵێ داد و ھەق و چەکوشی ئینساف بریار بدات.
ئەنفال بۆیە وەك قەدەری ئەزەلی لێھاتووە چونکە  تەماحی دونیای زائیل نامانپەرژێنێتە سەر مەحکەم کردنی دینگەی نەتەوەییمان. 
ھیچ ناخۆشی و نەخۆشی و تەنگانەیەك وا دیزاین نەکراوە کە بۆ بەرگی کوردی لێقەوماو و کوردستانی گەمارۆدراو پەراوەکرابێت و دوورابێت. گشتی ئەم دەرد و خەمە راست نییە و ھەمووی دەستکردی زوڵم و زۆری بەشەری تەماعکار و غەوارە  و قەوماوی بندەستی و شپرزەیی و دەستەوەستانییە. راپسکانی ژیری و رابوونی زەین روونی و   تەگبیری پێکەوەیی لێکدانەوە و را و رێگا جیاوەزەکانی گەرەکە. ئەوە تاقە دەرمانە تا نەزیفی بەسەرھاتەکانی زام و خەم رابگرین و لە نوقتەیەك بیپێچینەوە. تا تەقویمی یادی مەرگەساتی لە شوێنێ بوەستێ و  چیتر مۆنۆمێنت و یادنامە و ئەمنەسوورەکان و تازێخانەکانمان فراوانکردن و گەورەکردنیان نەوێت.
یادەکان بۆ ئەوە باشن دوای کوڵی گریان دەستەیەك ئیرادە و دەسکێك وزەی  بەتینی بۆ بخوازین

وتارەکانی نوسەر