دیاری حهمه سهعید
پارەی رێگەوبان و چۆنێتی خەرجكردنی
چەند ساڵێكە لە كاتی تۆماركردنی یەكەمجاری ئۆتۆمبیل یاخود لە كاتی نوێكردنەوەی ساڵانە یان گۆڕینی خاوەندارێتیدا، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ چەند بڕێك پارە وەردەگیرێت؛ ئەگەر كۆبكرێتەوە و حساب و لێكدانەوەیەكی وردی بۆ بكرێت داهاتێكی زۆر و باشە و دەكرێت هەر لەو بوارەدا خەرج بكرێتەوە!
دیارە پێشتر هەندێك بڕە پارە جێگیر بوون و هەر لە شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبیلەكان وەردەگیرا، بەڵام چەند ساڵێكە، بەتایبەتی لە دوای قەیرانی دارایی لە ساڵانی دوای 2015 و 2016 بڕە پارەكان زیاتر و جۆراوجۆر بوون، وەك پارەی ژینگە و رێگەوبان و .. هتد، بەڵام ئەوەی مایەی تێبینی و مشتومڕە، چۆنێتی خەرجكردنەوەی ئەو داهاتەیە! ئایا بەڕاستی لە بواری ژینگە و رێگەوباندا خەرج دەكرێت یان وەك داهاتەكانی تری هاتوچۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت؟ ئایا بەڕاستی ئەو پڕۆژە و كارانە كامانەن لە پارەی داهاتی رێگەوبان و ژینگە بۆ ئەو دوو بوارە تەرخانكراون؟
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە بارەی بڕی داهاتی هاتوچۆ لە پارێزگا و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان بەشێوەی ساڵانە بڵاودەكرێنەوە پێناچێت پارەی ژینگە و رێگەوبان حسابێكی جیاواز بێت بەڵكو هەمووی داهاتەكان پێكەوەن و پۆلێن نەكراون و بەسەر بەش و بوارەكاندا دابەش نەكراون، واتە ئەو پارە و داهاتەی بەناوی ژینگە و رێگەوبان و هیترەوە لە شۆفێران و خاوەنی ئۆتۆمبیلەكان وەردەگیرێت تێكەڵاوی داهاتی تر دەبێت، بۆ نموونە تێكەڵاوی ئەو داهاتە دەبێت كە لە دروستكردنی تابلۆی نوێی ئۆتۆمبیل یان سزای سەرپێچی شۆفێرێك، دیارە خەرجكردنەكەشی هەر بەتێكەڵاوی دەبێت!
واتە؛ كاتێك بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ بەشێوەی ساڵانە داهات رادەگەیەنن و بەشێكی بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل و پێداویستی تری بەڕێوەبەرایەتییەكە هەر لە داهاتی خۆی تەرخان دەكەن، لەوانەیە بەشێكی ئەو پارەیەی بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێك یان بەشێك یان بەڕێوەبەرایەتییەكی هاتوچۆ یان فەرمانگەكانی تری وەزارەتی ناوخۆ تەرخان كرابێت، لەو پارەیە بێت كە بەدرێژایی ساڵ لە شۆفێران و خاوەنی ئۆتۆمبیلەكان بەناوی ژینگە و رێگەوبان و گوایە بۆ چاكردنی ژینگە و رێگەوبانەكانی كوردستان وەردەگیرێت، بەڵام دواجار دەدرێتە ئۆتۆمبیلی نوێ نەك رێگەیەكی پێ چاك بكرێت یاخود پڕۆژەی لە بواری ژینگەدا پێ جێبەجێ بكرێت.
لە راستیدا، لە زۆربەی وڵاتانی جیهان باج و رسوماتی جۆراوجۆر هەن، هەر لە بواری ژینگە و رێگەوبانەوە تا دەگاتە باج و رسومات لەسەر كڕینی پێداویستی و سووتەمەنی و دەیان و سەدان بواری تر، بەڵام بێگومان ئەو داهاتی باج و رسوماتە بەشێوەیەكی زانستی و بەو جۆرەی بەفیعلی لەو بوارەدا سوودی هەبێت؛ خەرج دەكرێت. واتە؛ زۆریش بگەڕێیت نابینیت داهاتی باج و رسوماتی ژینگە و رێگەوبان بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ئەفسەرانی هاتوچۆ یان نۆژەنكردنەوەی قولەی چاودێری و پشوودانی ئەفسەران و كارمەندانی هاتوچۆ تەرخان بكرێت، دەكرێت ئەو خەرجیانە لە خەرجی ئاسایی و داهاتەكانی تر و بودجەی ساڵانە تەرخان بكرێت.