پێشبینییەكانی مام بۆ داهاتووی یەكێتی

09:56 - 2022-08-04
شوان كەریم
445 خوێندراوەتەوە

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی هاووڵاتی كە لە ناوەڕاستی مانگی مارسی 2012 لە ژمارەكانی 814-815 دا بڵاوكراوەتەوە و تیایدا باس لە چەندین تەوەری پەیوەست بە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە دەكات و بە وردییش ئاماژە بە دۆخی ناوخۆیی و گۆڕانكارییەكانی ئەو دەمەی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدات و راشكاوانە پێشبینییەكانی بۆ داهاتووی یەكێتی دەخاتەڕوو .
مام جەلال لەو رێكەوتەدا كە هێشتا تێكچوونی باری تەندروستی بەرۆكی پێ‌نەگرتووە ، پێیوابووە كە یەكێتی لە نەبوونی خۆشیدا ئایندەیەكی باشی دەبێت. دەربارەی ئەوەی یەكێتی لەدوای مام جەلال چی لێدێت؟
لەوەڵامدا دەڵێت: لەگەڵ ئەو بۆ چوونەدا نیم كە پێی وایە یەكێتی واتە مام جەلال و مام جەلال واتە یەكێتی، هیوادارم یەكێتی رووەو گەشانەوەی زیاتر و دیموكراسی تر هەنگاو بنێت.
هەروەك ئومێد دەكات ئەو كەموكووڕی و كێشانەی كە لە سەركردایەتی مام جەلال دا هەبووە نەمێنێ‌ و چارەسەربن، رێنوێنی و ئامۆژگاریشی بۆ داهاتوو دەڵێت: یەكێتی دەبێت خۆی بكاتە پارتێكی راستەقینەی سۆسیال دیموكرات، پاشان بە دڵنیایی و بە بڕوایەكی پتەوەوە دووپاتی دەكاتەوە كە یەكێتی دەتوانێت بەردەوام بێت و بەرەو پێش بچێت  و دەڵێت: یەكێتی وەك هێزێكی گەورەی سەر گۆڕەپانی سیاسی دەمێنێتەوە و بێ ئاوڕدانەوە بۆ دواوە، بەرەو پێش دەچێت و گەشە دەكات .
ئەوەی لە بەشێكی ئەم چاوپێكەوتنەدا مەبەستی نووسینەكەمە بیخەمەڕوو، دیارترین پێشبینی و دووربینییەكان و كاریزمایی ئەو سەركردەیەیە كە بە فەلسەفەكانی بۆ داهاتووی یەكێتی دوای خۆی ئاماژەی پێداوە.
بێگومان خۆشبەختانە تەواوی داوا و پێشبینی و ئاواتەكانی كە لە خەمخۆرییەوە سەرچاوەی گرتووە لەپاش كۆچی دوایی خۆی، هاتۆتە دی و بەجێگرەوە و لێهاتوویی سەرۆكایەتیكردنی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی یەكێتی كەوتۆتە دەستێكی ئەمین، هەروەك تاكە سەرۆكێكی خەمخۆر و لێهاتووی دەرچوو لە خوێندنگەی زانستی سیاسی مام، بە ئاراستەكردنی یەكێتییەك كە زۆرترین گردی شەهیدان دوا مەنزڵگای قوربانی و شەهیدەكانێتی، رووە و گەشانەوەی زیاتر و گەڕانەوەی پێگە بەهێزەكەی لەسەر گۆڕپانی سیاسی و رێکردن بەسەر رێچكە دروستەكەی مام جەلال وەك سومبلی شۆڕشگێڕی و حكومڕانی تەندروست، بە سوودوەرگرتن لە وانەكانی فێربوونی كوردایەتی و خزمەتكردن و فەراهەمكردنی خۆشگوزەرانی و بەگەڕخستنی هەوڵەكانی لەپێناوی گەشەسەندن رووە و ئایندەیەكی روونتر و مسۆگەركردنی هاوسەنگی لە پرسە سیاسییەكانی هەرێم و بەغدا، باشتركردنی حاڵ و گوزەرانی خەڵك لە چوارچێوەی تەواوكردنی بەرنامە چاكسازییەكەی مام، بە گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەكان، ئاوێتە بە پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی بە مەرجی ئەوەی لەسەر چەپكە گوڵی سەركەوتنەكان خەومان لێنەكەوێت، هەموو یەكێتییە رەسەنەكانی دوێنێ‌ و ئەمڕۆ، پێكەوە بەرەو قۆناغی نوێ و گێڕانەوەی ئاستی بڵند و سەنگینی یەكێتییەكەی خۆمان ئێستا و داهاتووی لە ئەوسای بەهێزتر دەكەین. 

پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی بە مەرجی ئەوەی لەسەر چەپكە گوڵی سەركەوتنەكان خەومان لێنەكەوێت، هەموو یەكێتییە رەسەنەكانی دوێنێ‌ و ئەمڕۆ، پێكەوە بەرەو قۆناغی نوێ 

وتارەکانی نوسەر