کۆمێنت

10:16 - 2022-08-04
شیرین. ک
403 خوێندراوەتەوە

(17)

فرانكشتاین و مەریەم

رۆمانی (فرانكشتاین فی بغداد) نووسینی شاعیر و رۆماننووسی عیراقی ئەحمەد ئەلسەعداوییە كە  خاوەنی دە رۆمانی ترە، بەڵام ئەمەیان لە هەموویان بەناوبانگترە، چونكە خەڵاتی بووكەری عەرەبی پێبەخشراوە بۆ ساڵی 2014، سیازدە جار چاپكراوەتەوە و بۆ چواردە زمانی بیانی تەرجەمە كراوە.
لەبارەی رۆمانەكەوە نووسیوومە: (هەموو رۆژ دەمرین لە ترسی مردن، ئەمە ترسناكترین و رەشبینانەترین دێڕی ناو رۆمانەكەیە، ئەو رۆمانەی تۆمارێكی زەقی رۆژە خوێناوییەكانی ساڵانی 2005 بەدواوەیە كە شەڕی مەزهەبی لە بەغدا گەیشتبووە ترۆپك، رۆژانە لەسەر ئایین و مەزهەب و ناو و ناوبانگ و شوناس دانیشتوانی بەغدا دەكوژران، رۆماننووس زیرەكانە و شارەزایانە كاركتەری فرانكشتاینی تەوزیف كردووە بۆ بنیاتنانی رۆمانەكەی، كەسێتی مرۆڤی عیراقی سەردەمی پشێویی و شەڕی مەزهەبی بە فرانكشتین دەشوبهێنێ كە هەر پارچەیەكی جەستەی لە مرۆڤێكەوە وەرگیراوە و خۆی بوونەوەرێكی سەربەخۆ و شوناسی نییە، وەكو ئاماژەیەك بۆ پەرتبوونی كۆمەڵگەی عیراقی لە نێوان فرەمەزهەبی و ئاینی و ئەتەنیدا)
 رۆمانی (یا مریم)ی سینان ئەنتۆن كە رۆماننووس و شاعیر و ئەكادیمیستە و مامۆستای ئەدەبی عەرەبییە لە نیویۆرك، بەرهەمەكانی بۆ شازدە زمانی بیانی تەرجەمەكراوە و گەلێك خەڵاتی ئەدەبی جیهانی وەرگرتووە.
نووسیوومە: (رۆمانەكە لەسەر دوو دنیابینی جیاواز بنیاتنراوە، یەكەمیان كاركتەرێكە كە بەخاك و شوێنەوە لكاوە نایەوێت یادگارێكانی جێبێڵێت، كاركتەری دووەم لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی رزگار بكات لەو مەرگەساتەی بەغدا تێیكەوتووە بەرەو تاراوگە هەڵبێت، رۆمانەكە بە زمانێكی سادە و رەوان نووسراوە، رۆمانێكی پڕ یادگاریی جوانە لە زەمەنێكی دزێو و پڕ رووداوی خوێناوی، رۆمانەكە لە سەرەتاوە تا ساتی كۆتایی گەشبینانەیە، لە دواساتی رۆمانەكەدا شەڕانگێزیی و رق وكینە كوێرانە هەموو جوانی و گەشبینییەك دەكوژێت، یەكێكە لەو كارە ئەددەبییانەی باسی مەینەتییەكانی كەمایەتییە ئاینییەكانی عیراق دەكات بەتایبەتی دوای روخانی سەدام و سەرهەڵدانی هێزە ئیسلامییە توتدڕەوەكان..).

وتارەکانی نوسەر