لە پەراوێزی ژیاندا مەژین

09:44 - 2022-08-06
رۆزا دڵشاد مەریوانی
407 خوێندراوەتەوە

حەزدەکەم ئەمجارە باسی مردن بکەم!
-مردن! کەس هەیە حەزبکات باسی مردن بکات؟!
بەڵێ مردن، بەڵام مردن بەو شێوەیە نا کە تۆ بیری لێدەکەیتەوە بەوەی دەمریت و ژیانت کۆتایی پێدێت، بەڵکو بەو شێوەیەی بۆچی زۆربەمان لە مردن دەترسین و نامانەوێت زوو بمرین و ئەم ژیانە جێبێڵین.
-دەزانم ئەو باسانەم زۆر بیستووە کە نامانەوێت بمرین لەترسی ئەوەی کێ لەدوای خۆمان جێدێڵین. 

خەونەکانمان نەیەنە دی
نەخێر ئەو باسەش نا، دەمەوێت باسی ئەوە بکەم، بۆیە زۆربەمان لەمردن دەترسین لەوەوەیە دەترسین هەموو خەون و هیوا زۆر و گەورەکانمان پێش ئەوەی بێنەدی بمرین، بەشێوەیەک وامانلێدێت بەردەوام ژیان خۆی ناژین و چاوەڕێی بەدیهاتنی ئەو خەونانە دەکەین تا وایلێدێت لەپڕ یان بەشێوەیەکی لەسەرخۆ و بەئازار دەمرین بەبێ ئەوەی بەڕاستی ژیابێتین.
زۆرجار بیر لەوەدەکەینەوە ئەگەر لەپڕ ئەم ژیانە بەجێبێڵین چی روودەدات؟ لە راستیدا زۆربەمان خەم لەوە ناخۆین دەمرین و چیتر لەژیاندا نامێنین و هەروەها زۆرمان لەخودی مردن خۆی ناترسین، بەڵام خەم لەوە دەخۆین ئەو شتانەی لەم ژیانەدا بۆخۆمان یان بۆ منداڵەکانمان ویستومانە پێشئەوەی بەدەستی بێنین بمرین.
- راستە لە مردندا زۆرجار لەو شتانە دەترسین، بەڵام دەسەڵات چییە کە مردن هات بێ پرس دێت و هیچ شتێک ناتوانێت بیگێڕێتەوە؟

ناتوانین مردن دوابخەین
بەڵێ وایە منیش ناڵێم بتوانین مردن دوابخەین یان لێی رابکەین، بەڵکو ئەم ژیانەی هەمانە کورت بێت یان درێژ وەکو خۆی بژین نەک لە چاوەڕوانی بەدیهاتنی خەونە گەورەکانماندا لە پەراوێزی ژیاندا بژین، چونکە ناتوانم بەردەوام ژیانم دوابخەم تاوەکو ئەو ژیانەم دەبێت کە خۆم دەمەوێت بۆ نموونە ببم بە خاوەنی فڵانە ئۆتۆمبێل یان خانوو یان هەر شتێکی دیکەی ماددی و بابەتە بچووکەکانی مانای زیاتر دەدەن بە ژیان فەرامۆش بکەم و شەو رۆژ تەنیا خەریکی کار و پارە پەیدا کردن بم تا وایلێدێت تەماشا دەکەم ژیانم تەواو بووە و تەمەن رۆیشتووە و هەر ئەو ژیانە نەژیاوم کە ویستوومە و رەنگە بەو توانایەی هەمبووە لە رووی ماددییەوە بمتوانیایە خۆشترین ژیان لەگەڵ خێزان و منداڵ و خۆشەویستەکانمدا بژیامایە، زۆرکەس بیر لەوە ناکەنەوە، راستە رەنگە توانای ئەوەمان نەبێت پاریس و لەندەن ببینین و گەشت بە دونیادا بکەین بێگومان بتوانین ئەوە بکەین زۆرباش دەبێت، بەڵام لەهەمانکاتدا بۆ منداڵ و خۆشەویستانمان رەنگە ئەو کاتەی لەگەڵ تۆدا لە کافێیەک یان دوکانێکی نێو شار و وڵاتەکەی خۆماندا ئایسکرێمێک یان نانێکی بەیانیی لە رۆژی پشووەکەماندا وەکو خێزانێک دەخۆین خۆشترین و جوانترین سات بێت لە ژیانماندا، لەبەرئەوەیە دەبێت لە مردن بترسین و خەم بخۆین لەوەی لەو ساتە بچووک و خۆشییە سادانە بێبەش دەبین و ئەوانەی جێیاندێڵین بیرمان دەکەن، لەبەر ئەو ژیانەی بە هەموو توانای خۆمانەوە پێشکەشمان کردوون نەک لەبەرئەوەی نەمانتوانیوە لە تەلار و ئۆتۆمبێلی دوا مۆدێلدا بیانژێنین، دەبێت خەم لەوە بخۆین جارێکی دیکە نەتوانین ئەو هەموو خۆشەویستییەی لەناخماندایە بیاندەینێ و ژیانیان لەگەڵدا بەش بکەیت.

چاوەڕێ نەکەین
-قسەکانت راستە، دەبێت جگە لەو هەموو خەونە گەورەیەی لە ژیاندا هەمانە و بەدینەهاتووە لەهەمان کاتدا نابێت لەبیرمانبچێتەوە ژیان چەندە کورتە و واباشترە بەو توانایەی هەمانە بژین و چاوەڕێ نەکەین و لەپەراوێزی ژیاندا نەمێنینەوە و تا ئەوپەڕی توانامان بڕۆین و بەساتە بچووکەکان دڵخۆش بین و بژین، خەونە گەورەکانیش لەسووچێکدا هەڵبگرین رەنگە رۆژێک بێنەدی و رەنگیشە هەرگیز نەبن و ژیان هەر ئەوەندەی بەش پێ دابین.

وتارەکانی نوسەر