دوا نامەی دەرهێنەرە گەورەكەی عەرەب:

دایكە تۆ (هەشت) درۆت لەگەڵ كردم!

10:07 - 2022-08-06
مەریوان مەسعود
616 خوێندراوەتەوە

دەرهێنەری ناسراوی سوری، مستەفا ئەلعەقاد، كە هەموومان وەكو دەرهێنەری هەردوو شاكاری (ئەلڕسالە) و (عومەر موختار) دەیناسین، لە دوای مردنی دایكی نامەیەكی بۆ نووسی و وتی: دایكە تا لە ژیاندابووی لە رووم نەدەهات ئەم نامەیەت بۆ بنووسم، بۆیە بە شەرمەزارییەوە دوای مردنت نامەكەت بۆ دەنووسم.
نامەكەی بەم شێوەیە دەست پێدەكات: «دایكە، من وام زانی تۆ هەرگیز درۆم لەگەڵ ناكەیت، بەڵام دوایی بۆم دەركەوت هەڵەم»، بەڵكو دایكم هەشت درۆی لەگەڵ كردووم. درۆكانیشی ئەمانە بوون:
 درۆی یەكەم:
بەو پێیەی كە من تەنها مناڵی كوڕ بووم لە بنەماڵە هەژارەكەمان و لە ماڵی خۆشمان تاقانە بووم، خواردنی پێویستمان نەبوو بۆ هەمووان، بۆیە كاتێك دایكم بڕێك برنجی كەمی لێدەنا بۆ ئەوەی برسیەتیمان نەمێنێ‌، سەیرم دەكرد دایكم بەشەكەی خۆی دەدا بە من و برنجەكەی لە قاپەكەی خۆیەوە دەكردە قاپەكەی من و دەیوت: كوڕەكەم تۆ ئەو برنجەی منیش بخۆ، من برسیم نییە !. ئەمە درۆی یەكەمی بوو !.
درۆی دووەم:
كە من وردە وردە گەورە بووم دایكم دەچوو بۆ راوە ماسی لەو چەمەی لە نزیكمانەوە بوو، رۆژانە ماسیەكی دەگرت و دەیهێنا بۆ خۆی و بۆ من، تا رۆژێكیان سودفەی كرد دایكم دوو ماسی راو كردبوو، كە هاتەوەو حازری كردن، من خەریكی خواردنی ماسی یەكەم بووم و ئەویش لەپاڵەوە وردە ئێسقان و بەرماوەكەی منی دەخوارد و دەستی لە ماسی دووەم نەدەدا، منیش ماسیەكەی خۆیم بۆ دانا، كەچی گێڕایەوە بەردەم من و وتی: كوڕی خۆم ئەی تۆ نازانی من حەزم لە ماسی نییە، تۆ ئەوەشیان بخۆ !. ئەمەش درۆی دووەمی دایكم بوو !.
درۆی سێیەم:
كە گەورەبووم، و چووم بۆ قوتابخانە، لەبەر ئەوەی پارەی پێویستمان نەبوو بۆ خوێندن و جلوبەرگ و كتێب، بۆیە دایكم دەستی كرد بە ئیشكردن لەگەڵ دوكاندارێك كە جلی دەفرۆشت، بۆ ئەوەی دایكم جلوبەرگە ژنانەكان بەرێت و شەوانە ماڵ بەماڵ بگەڕێت و بیانفرۆشێت بە ژنانی گەڕەك. بەڵام سەیرم كرد جارێكیان لە شەوێكی باراناوی و ساردی زستاندا دایكم درەنگ كەوت، و منیش لەماڵەوە چاوەڕوانیم دەكرد و دواتر چووم بۆ شەقام و كۆڵانەكان بە دوای دا بگەڕێم، كاتێك سەیرم كرد بەم سەرماو سۆڵەیە لە گەڕەكەی ئەو بەرمان ماڵ بەماڵ لە دەرگا دەدات و كاڵاكانیان نیشان دەدات، منیش لە دوورەوە هاوارم كرد، دایكە وەرە با بچینەوە ماڵەوە درەنگە و دونیا زۆر ساردە ، وەرە سبەینێ‌ كاڵاكانت بفرۆشە، لە وەڵامدا دایكم بە زەردەخەنەوە وتی: كوڕەكەم من هیلاك نیم و وازم لێبێنە !. ئەمە درۆی سێیەمی دایكم بوو !.
درۆی چوارەم:
رۆژگار هات و رۆیشت، من تاقیكردنەوەی ئەخیر ساڵی خوێندنم بوو لە خوێندنگە، دایكم سوور بوو لەسەر ئەوەی لەگەڵم بێت و ئەوەبوو هات، من چووم بۆ ژووری تاقیكردنەوەو و ئەویش لە دەرەوە چاوەڕوانی دەكرد، ئەو كاتە گەرمایەكی تاقەت پڕوكێن بوو، ئەویش لەبەر ئەو هەتاوە گەرمە وەستابوو، كاتێك زەنگی كۆتایی تاقیكردنەوە لێیدا، و من هاتمە دەرەوە، یەكسەر یەك باوەشی زۆر بەهێزی پیاكردم و وتی ئینشائەڵڵا بە دەرەجەی باش و نەتیجەی باش، كە سەیرم كرد كوپێكی بەدەستەوە بوو، دیاربوو بۆ منی كڕیبوو، تا بێمە دەرەوە بیخۆمەوە، و منیش چونكە زۆر گەرما بوو یەكسەر كوپە شەربەتەكەم خستە سەر دەمم و دەمخواردەوە، لەو كاتە سەیرێكی دایكم كرد ئارەقەی رەش و شینی كردووەو تك تك لێی دەتكێتەوە، و منیش یەكسەر كوپەكەم بۆ راگرت و وتم دایكە بیخۆرەوە، لە وەڵامدا دایكم وتی: كوڕم تۆ بیخۆرەوە من تینوم نییە !. ئەمە درۆی چوارەمی دایكم بوو !.
درۆی پێنجەم:
كە باوكم وەفاتی كرد، دایكم ناچار بووم وەكو بێوەژن بژی، ئەو كاتە مامم دراوسێمان بوو، پیاوێكی دڵ پاك و باش بوو، هەموو كات هاوكاری دەكردین بۆ ئەوەی برسیمان نەبێت، بۆیە كاتێك دەرودراوسێ وەزعی ئێمەیان بینی كە رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت ئامۆژگاری دایكمیان كرد شوو بكاتەوە، بەتایبەت كە دایكم ژنێكی گەنج و جوان بوو، بەڵام ئەو هەمیشە ئەو بیرۆكەیەی رەتدەكردەوەو دەیوت: من پێویستیم بە خۆشەویستی كەس نییە !. ئەمەش درۆی پێنجەمی دایكم بوو.
درۆی شەشەم:
دوای ئەوەی من خوێندن و زانكۆم تەواو كرد و وەزیفەیەكی تاڕادەیەك باشم دەستكەوت، وتم ئێستا كاتی ئەوەیە كە دایكم پشوویەك بدات و ئیتر من ماڵ بەڕێوەبەرم، ئەو كات دایكم توانای ئەوەی نەمابوو جلوبەرگ بفرۆشێت ماڵ بەماڵ، بەڵكو هەموو بەیانییەك فەرشێكی نزیك بازاڕەكەی گەڕەكی خۆمانی رادەخست و سەوزەو میوەی دەفرۆشت، منیش كاتێك پێم وت دایكە واز لەو ئیشە بێنەو من بەشێكی مووچەكەم دەدەم بە تۆ و پشوو بدە، كەچی رەتیكردەوە و وتی: كوڕی خۆم مووچەكەی خۆت بۆ خۆت هەڵگرەو من پارەی پێویستم هەیە !. ئەمە درۆی شەشەمی دایكم بوو !.
درۆی حەوتەم:
دواتر لە پاڵ وەزیفەكەم، بەردەوام بووم لە خوێندن، تا توانیم بڕوانامەی ماستەر بەدەستبێنم و ئەمەش وایكرد كە مووچەكەم زیاتر بێت و ئەو كۆمپانیا ئەڵمانیەشی كە كارم بۆ دەكردن، هەلێكیان بۆ رەخساندم تا بچمە فەرعی سەرەكی كۆمپانیاكە لە ئەڵمانیا تا لەوێ‌ كار بكەم، ئەمەش هەستێكی ئێجگار خۆشی پێبەخشیم، و هەستم كرد خەونەكانم وردە وردە دێنە دی، كاتێك كە سەفەرم كردو لەوێوە پەیوەندیم بە دایكمەوە كرد، تا بیبەمە لای خۆم لە ئەڵمانیا، بەڵام دایكم نەیویست ببێتە بارگرانی بەسەرمەوەو وتی: كوڕی خۆم من ناتوانم لە غەریبی بژیم و وازم لێبێنە ! ئەمەش درۆی حەوتەمی بوو !.
درۆی هەشتەم:
پاشان، دایكم بە تەمەن گەورە بوو، بە كورتیەكەی پیر بوو، تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو، بۆیە پێویستی بە یەكێك بوو كە چاودێری بكات و ئاگای لێی بێت، منیش نەمدەزانی چی بكەم، چونكە من لە وڵاتێك و دایكم لە وڵاتێكی تر، بۆیە من وازم لە هەموو شتێك هێنا و هاتمەوە بۆ سەردانیكردنی، كاتێك هاتمەوە بینیم نەشتەرگەرییەكی گەورەیان بۆ کردووە لەسەر سیسەمەكەی كەوتووەو كە منی بینی بەم دەردەشەوە، هەوڵیدەدا زەردەخەنەیەكم بۆ كات، منیش لەو كاتەدا، دڵم بە بەرییەوە نەمابوو، چونكە هەرگیز دایكم وا بە لاوازی و بێ‌ توانایی نەدیبوو، هەرگیز ئەمە ئەو دایكەی من نەبوو كە دەمناسی، بۆیە فرمێسك لە چاوانم هاتنە خوارەوەو لەو كاتەدا، دایكم دەستی بەرزكردەوە وەكو ئاماژەیەك بەوەی من خەفەت نەخۆم و وتی: كوڕی خۆم مەگری من هەست بە هیچ ئازارێك ناكەم !. ئەمەش دوا درۆ و درۆی هەشتەمی دایكم بوو !. 
بۆیە كە وای وت و قسەكەی تەواو كرد بۆ هەتا هەتایە چاوی لێكنا و ماڵئاوایی كرد.
تێبینی:
مستەفا ئەلعەقاد، خۆشی لە ساڵی 2005 كاتێك لە ئوتێلێك لە عەممانی پایتەختی ئوردن چاوەڕوانی هاتنی كچەكەی دەكرد، هەر لەگەڵ گەیشتنی كچەكەی، كردەوەیەكی خۆكوژی و تیرۆریستی لە ئوتێلەكە روویدا و بووە هۆی مردنی خۆی و كچەكەی !.

ئەنتۆنی کوین ، مستەفا ئەلعەقاد، عەبدوڵڵا غەیس

مستەفا ئەلعەقاد

وتارەکانی نوسەر