هەڤاڵ هاوار
کۆمپانیایەکی گەشتیاری لە ئەڵمانیا، گەشتێکی 10 رۆژە بۆ ناوچەی دارین لە ئەمریکای لاتین رێکدەخات.
هەروەها لە راگەیەنراوەکەیدا، کۆمپانیا گەشتیارییەکە داوا دەکات: هاووڵاتیان لە رێگەی کۆمپانیاکەی ئەوانەوە، سەردانی دارستان و جەنگەڵە چڕوپڕەکان بکەن.
بەڵێنیش دەدات لەو 10 رۆژەدا، گەشتیاران ببەنە ئەو ناوچانەی تاکو ئێستا دەستی مرۆڤی پێ نەگەیشتووە.
هاوکات کۆمپانیاکە داوا دەکات کەسانی سەرکەش و چاونەترس بەشداری لەو گەشتە بکەن و بەرنامەی شوێنی سەردانیکردن و ئەو ناوچانەی گەشتیارانی بۆ دەبەن، تاکو ئێستا نەزانراوە.
ئەوەش لە کاتێكدایە، دارستانە چڕەکانی ناوچەی دارین، کە دەکەوێتە نێوان کۆڵۆمبیا و پەناماوە، بە یەکێک لە رێگە هەر ترسناکەکەی کۆچەران ناسراوە.
ساڵانە دەیان کۆچەر لەو دارستانەدا دەمرن و هەندێکیان تەرمەکەشیان نادۆزرێتەوە. بەهۆی چڕی دارستانەکەوە، دەیان گرووپ و باندی بازرگانی مادی هۆشبەر لەو دارستانەدا خۆیان شاردۆتەوە.
هەروەها ساڵانە ئاژەڵی دڕندە و ژەهراوی، پەلاماری کۆچەران و راوچییەکان دەدەن.
نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەناما، ناڕەزایەتی خۆیان لە بەرامبەر ئەو گرووپە گەشتیارییەی کۆمپانیا ئەڵمانییەکە نیشانداوە.
هاوکات گومان دەکرێت کۆمپانیا ئەڵمانییەکە لەگەڵ گرووپ و قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر، کە لەو دارستانەدا خۆیان شاردۆتەوە، رێکەوتبێت، بەڵام کۆمپانیا ئەڵمانییەکە لەو بارەیەوە وەڵامی رۆژنامەنووسانی نەداوەتەوە.
سەرچاوە: گاردیان