هەر بەرنامە و دراما یاخود شانۆگەرییەک کە لە رادیۆ یان تەلەفزیۆن یاخود لەسەر شانۆ لەلایەن وەرگر و بینەرەوە دەبینرێت یاخود دەبیسترێت، پوختە و کۆبەندی کاری چەند کەسێکە یاخود تیمێکە کە وەرگر بەریەککەوتنی لەگەڵ ئەو دیمەن یان گرتە بینراوە یاخود دەنگە بیستراوەدا دەبێت کە دەیبینێت یان دەیبیستێت، کە لە راستیدا لەهەر بەرنامە و دراما و شانۆییەکدا تیمێکی جاڵجاڵۆکەیی لە پشت تەونی ئەو بەرهەمەوەن و تیمەکەش هەریەکە بە گوێرەی تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی خۆیان ئەرکەکانیان بەسەردا دابەشکراوە، بەڵام ئەو لینکەی هەموو ئەو تیمە کۆدەکاتەوە و رێنماییان دەداتێ و ئەفراندن لە کارەکەدا دەکات، تا بینەر و گوێگر بتوانن بە باشترین شێوە کارلێک لەگەڵ بەرهەمەکەدا بکەن، دەرهێنەرە.
دەرهێنەر جگە لەوەی وەک ئەرک و پیشە کاری سەرپەرشتیی تیمەکانی مۆنتاژ، وێنەگرتن، پێشکەشکار، ئەکتەر، ماکیاژ و ...هتد-ە، لەسەروو هەموو ئەوانەوە دەبێت خۆی داهێنەربێت و ئەفراندن بکات، بگرە دەبێت روئیایەکی روونی هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی خواست و ویست و ئاستی تێگەیشتنی وەرگر و سەلیقەی ئەوەی هەبێت کە چۆن بتوانێت دەقێک، یان هەواڵێک، یاخود درامایەک بە شێوەیەکی چێژبەخش یان سەرنجڕاکێش بخاتەڕوو بۆ وەرگر.
دیارە کاری دەرهێنەر ئەگەر لە رابردوودا کارێک بووبێت بە سەلیقە بەڕێوەچووبێت، ئەوا لە کاری هونەر و میدیای نوێدا زانستێکی بواری میدیایە و پێویستە دەرهێنەر سەرەڕای سەلیقە، لەڕووی ئەکادیمیشەوە خۆی پەروەردە بکات، وەک هەر بوارێکی دیکەی میدیا و زانستە مرۆییە هاوچەرخەکان.
ئەم دۆسێیە کە لەلایەن پ.ی.د.كاروان محەمەد حەسەن-ەوە ئامادەکراوە، نەخشە رێگەیەکە بۆ ئەو خوێندکار و کەسانەی کە کاری دەرهێنان دەکەن، بەو پێیەی وەک هەر بوارێکی دیکەی ژیان، کاری میدیاش بەبێ دەرهێنان بەڕێوەناچێت و میدیای نوێش زانست و کار و پەروەردەی نوێ دەخوازێت، بۆیە کوردستانی نوێ بە پێویستی دەزانێت کە گرنگی بەو بوارەش بدات چ وەک ئەوەی بەشێکە لە کاری میدیا و چ وەک خزمەتێک بەو بوارە کە هێشتا کایەی رۆژنامەنووسیی کوردی وەک پێویست لای لەو بوارە نەکردۆتەوە.
دۆسێ
پ.ی.د.كاروان محەمەد حەسەن*
دەرهێنانی تەلەفزیۆنی پیشەیەكی داهێنەرانەیە و بە چەند قۆناغێكدا گوزەر دەكات، بەهۆی كۆمەڵێك یەكەی هونەرییەوە دەرهێنەر سیناریۆ دەگۆڕێت بۆ وێنەییەكی بینراو، بەشێوەیەك سەرجەم توخمە هونەرییەكان لەناو دەنگ و وێنەدا رەنگبداتەوە و ئاوێزانێكی هونەریانە لەخۆبگرێت.
بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆن پەیوەستە بە رەنگدانەوەی گرنگیی لێكتێگەیشتنی تیمی كاركردن بە گیانێكی یەكتیمی، ئەمەش كلیلی سەركەوتنی هەموو كارێكی هونەرییە و یەكخستنی توخمە جیاوازەكان بەشدارییەكی كارایان لە بەرهەمهێنانی كاری هونەریدا هەیە، بە پێچەوانەشەوە گرفت بۆ كاری بەرهەمهێنان دەخوڵقێنێت.
هەڵبژاردنی بیرۆكە و رێكارەكانی كاری دەرهێنانی بیرۆكە، دانانی سیناریۆی وێنەگرتن و دانانی پلانی بەرهەمهێنانی بەرنامە و وێنەگرتن و مۆنتاژ، رۆڵی دەرهێنەر دەردەخات لە هاوبەشیكردنی ئەو هەنگاوانەدا، ئەمەش لەڕووی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردنی كاری بەرهەمهێنانی بەرنامەدا.
بەشدارییكردنی دەرهێنەر لە قۆناغەكانی بەرهەمهێناندا، رووبەڕووی ئەركێكی قورس دەبێتەوە لەڕووی بەرجەستەكردنی توخمەكانی دەرهێنان بەشیوەیەكی داهێنەرانە، ئەمەش بەگشتی پڕۆسەی دەرهێنانە و بە سێ قۆناغی فراواندا گوزەر دەكات: نووسین، وێنەگرتن و ئامادەكردنی كۆتایی، هەموو ئامانەش توانای داهێنانی دەوێت.
لەبەر گرنگیی قۆناغەكانی بەرهەمهێنان و پەیوەست بەکاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی لێرەدا باسییان دەكەین.
یەكەم: قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی
بەرهەمهێنان واتای گۆڕینی دەقێكی واتادارە بۆ فۆڕمێكی نوێی شێوە بەرنامە، لەمیانەی سەرپەرشتیكردنی سەرجەم قۆناغەكانی بەرهەمهێنان لە نووسین و وێنەگرتن و بودجە و رێكخستنی سەرجەم رێكارە هونەرییەكان لەلایەن دەرهێنەرەوە.
گرنگیی دەرهێنان لە بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا، بە سێ قۆناغدا گوزەر دەكات، كە بریتین لە:
1 - قۆناغی پێش بەرهەمهێنان Pre – production:
ماوەی ئامادەكاریی و هەڵبژاردنی شوێنەكانی وێنەگرتنە و لە خۆگرتنی ئەم توخمانەی لای خوارەوەییە:
أ- هەڵبژاردن و دیارییكردنی بیرۆكە: گرنگترین تایبەتمەندییەكانی بیرۆكە ئەوەیە نوێ بێت، داهێنەرانە و سەرنجڕاكێش بێت و ئاڵۆز نەبێت، هەڵقوڵاوی واقیع بێت و بەهاكانی نێو كۆمەڵگە لەبەرچاو بگرێت، خزمەت بەو ئامانجە بكات.
ب- ئامادەكردن: گەڕانێكی وردی پڕ زانیاری مەیدانییە، لەسەر پێشكەوتنەكانی ئەم بابەتە و كاركردن بۆ بونیاتنانی شتێكی نوێ.
ت- ئامادەكردنی پلانی كاركردن: پێكدێت لە بیرۆكەی سەرەكی و ناوی بەرنامە، جۆر و قاڵبی هونەریی، پێشكەشكاران، میوان و بابەت و بڕگەكان، ماوە و ژمارەی ئەڵقەكان، جەماوەری ئامانجدار، خشتەی بەرهەمهێنان و بودجە.
د- نووسینی سیناریۆ: بەگەڕخستنی هەموو تواناكانی ئەندێشەیە بۆ بنیاتنانی شێوەی بەرنامە لەسەر كاغەز و رەنگدانەوەی توخمە هونەرییەكان و پێكهاتنێتی لە دەق و وێنە و دەنگدا، بەشێوەیەكی كاریگەر.
رۆڵی دەرهێنەر لە قۆناغی پێش بەرهەمهێنان، گرنگیدانە بەم كارانەی خوارەوە:
- دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان هەموو یەكەكانی بەرهەمهێناندا، بەتایبەتی ئەوانەی لە پێش و پاشی كامێرادا كار دەكەن.
- گرنگیدان بە كاری وێنەگرتن لە هەموو روویەكەوە، بەتایبەتی دیاریكردنی گرتە و گۆشەكان لە كاتی بەرهەمهێناندا.
- سەرپەرشتیكردنی قۆناغی دوای بەرهەمهێنان.
بەدەستەواژەییەكی تر پلانی بەرهەمهێنان خۆی لە دیاریكردنی بیرۆكەی بەرنامە و ماوەكەی و تیمی كاركردن و دابینكردنی ستۆدیۆ و بودجەی بەرنامەکەدا دەبینێتەوە، هەموو ئەمانەش لە ئەستۆی دەرهێنەرە كە لێپرسراوی یەكەمی دانانی پلانە، لەمانە گرنگتریش قۆناغی كاری وێنەگرتن و مۆنتاژە كە گەورەترین كاری دەرهێنەرە و بەرپرسی یەكەمی بەرجەستەكردنێتی.
2 - قۆناغی بەرهەمهێنان– وێنەگرتن Shooting
دەستكردنە بە كاری وێنەگرتن، بەپێی ئەو پلانەی لە خشتەی كاركرندا دیارییكراوە، ئەویش قۆناغی جێبەجێكردنی راستەقینەیە و لەخۆگرتنی:
-ئامادەكردنی شوێن و دیكۆر و دیاریكردنی تیمی وێنەگرتن.
-پلاندانان و جێبەجێكردنی كاری رووناكی، كە بەشدارییەكی كارای هەیە لە بنیاتنانی دیمەنەكان و جوانكاری بەرنامەدا.
- جێبەجێكردنی پڕۆسەی وێنەگرتن: خوڵقاندنی زمانی تەلەفزیۆنە و گوزارشت لە پەیامی میدیایی یان هونەریی دەكات، رۆڵی لە سەنجڕاكێشانی بینەردا هەیە، ئامانجی وێنەگرتن بەرجەستەكردنی دیدگایەكی بەهێزە بۆ بنیادنانی پێكهاتنی وێنە، بەهێزبوونی بەرنامەش پەیوەستە بە جوانكارییەكانی وێنەوە.
-لە پڕۆسەی جێبەجێكردنی كاری وێنەگرتندا توانا و پێشەی دەرهێنەر دەردەكەوێت، بتوانێت زمانە جوانكارییەكانی وێنە بە شێوازێكی هونەرییانە بەرجەستە بكات و رەنگدانەوەی پەیام و ئامانجی بەرنامەکە بێت.
سەرەتای دەستپێكی ئەم قۆناغە بە دیارییكردنی پلانی وێنەگرتن Floorplan دەستپێدەكات، كە وەك پلانێكی تەواوكاری لەكاتی وێنەگرتندا لەناو ستۆدیۆدا جێبەجێدەكرێت، وەك دانانی كامێرا و دیكۆر و مایكرۆفۆن و جووڵەكانی كامێرا. هەروەها دەرهێنەر پلانی كاركردن ئاڕاستەی بەڕێوەبەری وێنەگرتن دەكات، لەبەرئەوەی ئەڵقەی پەیوەندیی نێوانیان و كارمەندانی كارە، ئەمەش كارئاسانی دەبێت بۆ هەریەك لە (وێنەگر و ئەندازیاری رووناكی و دەنگ) پلانی كاریان بۆ رووندەكاتەوە، دواتریش بەڕێوەبەری ستۆدیۆ یان بەڕێوەبەری بەرهەم چاودێریی جێبەبجێكردنی پلان دەكەن لە ناو ستۆدیۆدا، كار و كەرەستەكانی هەریەك لە هونەرییەكان ئامادە دەكەن.
بەڵام ئەگەر كاری وێنەگرتن لە دەرەوەی ستۆدیۆ بوو، كارەكە جیاواز دەبێت، رۆڵی بەرهەمهێنەر یان دەرهێنەر لەڕووی ئامادەكارییەكان قورستردەبێ و دەبێت بەشێوازێكی وردتر كارەكان بکەن، بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر ئەگەرێك پلانیان هەبێت، ئەمەش لە رووی كەش و لەكاركەوتنی هەر ئامێرێك، یان چۆنێتی وێنەگرتنی گرتەكان بەپێی ئەو پلانەی دیاریكراوە.
كاری دەرهێنان چالاكییەكی داهێنەرانەیە بە ئامانجی گۆڕینی بیرۆكە
3 - قۆناغی دوای بەرهەمهێنان Post – production
ئەم قۆناغە پێی دەوترێت قۆناغی مۆنتاژی تەلەفزیۆنی، یان قۆناغی دوای بەرهەمهێنان، كە دوا قۆناغی بنیاتنان و پێكهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنییە، گرتە و كارتێكەرە دەنگییەكان و وێنە روونكەرەوەكانی تێدا دیاریدەكرێت Graphics، یان هەر توخمە بینراوێكی تر Visual Elements، ئینجا بەشێوازێكی هونەرییانە ئاوێزان دەكرێت، ئەمەش دەبێتە شـــــریتێكی كۆتایی the final cut، بۆیە زۆرجار ئەم قۆناغە بە قۆناغی دوای وێنەگرتن ناودەبرێت.
لە قۆناغی مۆنتاژدا پەیوەندییەكی بەردەوام و بەهێز لە نێوان دەرهێنەر و بەڕێوەبەری وێنەگرتن و مۆنتێردا هەیە، ئەمەش لەبەرئەوەی گرتە و دیمەنەكان بەشێوەیەكی هونەرییانە گرێ بدرێت، هەروەها لەم قۆناغەدا دوو جۆری بنچینەیی كاری مۆنتاژی تەلەفزیۆنی هەیە، ئەوێش:(مۆنتاژی خێرا و مۆنتاژی دواخراو):
مۆنتاژی خێرا: ئەم جۆرەی مۆنتاژ پێویستی بە بڕیاری خێرا هەیە، لەبەرئەوەی بەشێوازێكی راستەوخۆ لەكاتی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرنامەدا دەکرێت. بۆیە پێویستە دەرهێنەر لەیەك كاتدا بڕیاری بڕین و گرێدان بدات، ئەمەش بەهۆی مۆنتێری تایبەتەوە لەڕێی (switcher)ەوە دەکرێت، بەڵام مۆنتاژی دواخراو، پڕۆسەی كۆكردنەوەی گرتە وێنەگیراوەكانە، دوای كاری وێنەگرتن دەست دەكرێت بە كاری مۆنتاژ، بۆیە ناو دەبرێت بە مۆنتاژی دواخراو.
لەمیانەی ئەوانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین گرنگی دەرهێنان لە قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا پەیوەستە بە هەموو توخمەكانی تەلەفزیۆنییەوە، لەسەر ئاستی كرداری بەرنامەی تەلەفزیۆنی. لەهەر ساتێكی بەرنامەدا دەرهێنەر چاودێریی كاری بینین دەكات و بڕیار دەدات. لەم ساتەدا بڕیاری دەرهێنان بە شێوازێكی لۆژیكییانە دەدرێت، بە هەستێكی وردەوە چاودێریی كاری بینین دەكات. بە دەستەواژەییەكی تر، دەرهێنەر لە پێشەوەی كارە هونەرییەكانە و بە هاوكاریی هەموان رۆڵەكەی لەم قۆناغەدا دەستپێكدەكات، كە گواستنەوەی دەقە لە نووسینەوە بۆ كاری وێناكردن، كە قۆناغێكی وردی كاری بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنییە.
دووەم: بوارەكانی دەرهێنانی تەلەفزیۆنی
چەند جۆرێك بواری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی هەیە، هەریەكەیان بەپێی چۆنێتی ئامادەكاریی و جێبەجێكردنی كاری بەرنامەوە لەلایەن دەرهێنەرەوە دەکرێت، بۆیە لێرەدا رێسا بنچینەییەكانی كاری دەرهێنان بۆ هەریەك لەم جۆرانەی كاری بەرهەمهێنان و دەرهێنان دەناسێنین:
1 - دەرهێنانی راستەوخۆ- زیندوو
بوارێكی تایبەتە لە پڕۆسەی كاری دەرهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا، بە شێوەی راستەوخۆ جێبەجێدەكرێت و دەچێتە هەواوە و ئاڕاستەی وەرگر دەكرێت، یان لەسەر كاسێت تۆمار دەكرێت و دواتر پەخش دەكرێت.
كاری دەرهێنانی بەرنامە بەوە جیادەكرێتەوە بە شێوەیەكی هەنووکەیی و واقیعی جۆرێك لە زیندووێتی، لەڕووی میوانان و بەشداران و تیمی كاركردنەوە شێوەیەك لە پەرۆشیی تێدایە. هەروەها لەڕووی دەرهێنانەوە لەبەرئەوەی پێش كاری جێبەجێكردن ئامادەكارییەكی باشی بۆ دەكرێت، كاتی كەمتری دەوێت.
لە دیارترین نموونەكانی دەرهێنانی راستەوخۆ، جێبەجێكردنی گەشتی هەواڵەكانە بەشێوەی زیندوو لە هەوادا، یان بەرنامەی را (Talk shows) كە باس لە رووداوەكانی رۆژ دەكات.
لە كاتی پەخشكردنی بەرنامەدا بەشێوەی راستەوخۆ تۆمار دەكرێت Live on tape، واتە پەخش و تۆماركرن لەیەك كاتدایە و بە یەك جار دەکرێت، پڕۆسێسی بەرهەمهێنان و دەرهێنان لەناو ستۆدیۆدا بە شێوەیەكی ئەلەكترۆنی و راستەوخۆ بەرجەستە دەكرێت، یان (دوای تەواوبوونی بەرنامە تۆماركراوە).
لێرەدا لەكاتی پەخشدا پڕۆسەی وێنەگرتن و مۆنتاژ و كاری دەرهێنان دەکرێت، ئەمەش پشتبەست بە پلان و ئامادەبوونێكی تەواوی هونەرییەكان و لێکتێگەیشتنێكی تەواو لەنێوان تیمی كار و دەرهێنەردا هەیە، ئەمەش خۆی لەم كارانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:-
أ- ئامادەیی Standby: مەبەست لەم دەستەواژەیە بریتییە لەوەی كە سەرجەم یەكە هونەرییەكانی وێنەگرتن، كەمتر لە خولەكێك پێش دەستكردن بە كاری وێنەگرتن خۆیان ئامادەكردووە و چاوەڕێی فەرمانی دەرهێنەرن بۆ كاری وێنەگرتنی بەرنامە، بۆئەوەی راستەوخۆ بەرنامە بچێتە هەواوە، بێژەر سەیری كامێرا دەكات و ئامادەیی تەواوی وەرگرتووە بۆ قسەكردن، پاشان هەموو كارمەندانی
بلاتۆ بەبێ دەنگی خەریكی كاری وێنەگرتن دەبن، بەڕێوەبەی وێنەگرتنیش بەپێی فەرمانی دەرهێنەر گۆڕانكاری لە قەبارەی گرتە و گۆشە و جووڵەكانی كامێرادا دەكات.
ب- رۆڵی كاسێت (Roll): هاوكات پێش دەستكردن بە كاری وێنەگرتن، كاری ئامادەكردنی پێشوەختەی بەرنامە دەکرێت، كە خۆی لە ئامادەكردنی راپۆرتی ڤیدۆییدا دەبینێتەوە، بەپێی پێداویستی بەرنامە، بۆیە كاتێك دەست بە جێبەجێكردنی بەرنامە دەكرێت و لەو شوێنانەی بەرنامەکە پێویستی بە كاری وێنەی ڤیدۆیی ئامادەكراو دەبێت، دەرهێنەر فەرمان دەكات و دەڵێت (Roll) واتای (رۆڵی راپۆرتی تۆماركراو) پاشان دەڵێت:
ت- وەرگرتن Take: دەرهێنەر فەرمان بە مۆنتێر دەكات كە بابەتی تۆماركراو بچێتە هەواوە، گۆڕانكاری لە وێنەدا روودەدات (PGMProgram)، ئەم گۆڕانەش لە كامێرای ناو ستۆدیۆوە بۆ كامێرای ناو راپۆرتی ئامادەكراو روودەدات، یان كامێرای دەرەكی.
هەوەها كۆمەڵێك رێنمایی هونەریی هەیە کە دەرهێنەر ئاڕاستەی یەكە هونەرییەكانی دەكات، وەك:-
- Fede in / out: ئاڕاستەی هونەریی دەنگ دەكرێت، كە لـــەسەر مێزی Audio mixer دانیشتووە و كاری دەركەوتن یان دیارنەمانی لەسەرخۆی دەنگ دەكات، یان ئاڕاستەی مۆنتێری ئەلەكترۆنی دەكات بۆ دەركەوتن یان دیارنەمانی لەسەرخۆی وێنە.
- PFL: فەرمانێكە ئاڕاستەی هونەریی دەنگ دەكرێت، بۆ بیستنی دەنگی سەرچاوەیەك، بۆئەوەی لە هەوادا دەرنەكەوێت، لەكاتی پەخشكردنی دەنگێكی تردا.
- فەرمانی تایبەت بۆ جووڵەكانی كامێرا و پێكهێنان و قەبارەی گرتەكان و گۆشەكانی وێنەگرتن، یان رێكخستنی فۆكس، ئەمەش لە رێگەی هێدفۆنەوە ئاڕاستەی وێنەگران دەكرێت لەناو ستۆدیۆدا.
- رێنمایی بۆ بێژەران لە رێی هێدفۆنی گوێ-وە Earpiece كاتێك بەرنامە لە هەوادا دەبێت، ئەمەش بەهۆی وشەی كورتەوە دەبێت تا بێژەر تووشی شڵەژان نەبێت، وەك ئاگاداركردنەوەی بێژەر لە وەستانی بەرنامە، ناوبڕێك بۆ ریكلام هەیە.
-رێنمایی تایبەت بە مۆنتێری ئەلەكترۆنی بۆ خستنەگەڕی كارتێكەرە تایبەتەكانی وەك دابەشكردنی شاشە یان كروما یان بڕین لەسەر وێنەیەكی دیاریكراو (وێنەی راستەوخۆی كامێرا – وێنەی زیندووی پەخشی دەرەوەی ستۆدیۆ – وێنەی تۆماركراو – فۆنت).
لەسەر ئەو بنەمایە دەرهێنانی بەرنامە بە شێوازی وێنەگرتنی ئەلەكترۆنی دەکرێت، یان بە شێوەی راستەوخۆ دەچێتە هەواوە یان لەسەر كاسێتی ڤیدۆیی تۆمار دەكرێت، ئەمەش پێی دەوتریت (دەرهێنانی راستەوخۆ- زیندوو). ئەم شێوازەش چەندین سوودی هەیە. لەوانە كەمیی بودجە و خێرایی جێبەجێكردن و كەمیی كات، پاشان بەرنامەکە هەنووکەیی و واقیعی و زیندوێتی لەخۆ دەگرێت، وەك ئەوەی لە رووماڵكردنی رووداوە راستەوخۆكاندا هەیە.
2 - دەرهێنانی درامای تەلەفزیۆنی
درامای تەلەفزیۆنی بە یەكێك لە بەرنامە گرنگ و سەرنجڕاكێشەكانی تەلەفزیۆن دادەنرێت كە دەتوانێت سەرنجی بینەران رابكێشێت، هەربۆیە كاری دەرهێنان توانا و لێهاتوویی دەرهێنەری پێویستە. لەدوای ئەوەی دەرهێنەر سیناریۆ ئامادەكات، ئەم كارانەی لای خوارەوە دەکات:
-خوێندنەوەی دەقەكە و بیركردەنەوەیەكی ئەندێشەییانە لە بیرۆكەی سەرەكی و لاوەكی دراماكە.
-دیارییكردنی كەسایەتییە سەرەكی و لاوەكییەكان.
-دیارییكردنی ئەكتەر بە هاوكاریی سینارێست و بەرهەمهێن و ریجسێر «Casting» .
-دابەشكردنی رۆڵەكان بەسەر ئەكتەرەكاندا، پاشان پڕۆڤە کردن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.
-دەرهێنەر دیدگای خۆی بۆ نەخشەسازیی دیكۆر دیاریدەكات، لەگەڵ ئێكسسواری گونجاو بۆ دیمەنەكان.
-دیارییكردنی دیمەنەكانی وێنەگرتن و كۆكردنەوەی ئەو دیمەنانەی دەكەونە یەك شوێنەوە.
-پشتبەست بە شوێنەكانی وێنەگرتن، پلانی سەرەتایی رووناكی دیاریی دەكات.
-كۆبوونەوە لەگەڵ نەخشەسازیی دیكۆر و جلوبەرگ و ماكیێر بۆ گفتوگۆكردنی خزمەتگوزارییەكانی بەرهەمهێنان بەپێی پێداویستی دەق.
-وێناكردنی گرتەكان بۆ هەر دیمەنێك بەجیا «Shooting List» دواتر دابەشكردنی بەسەر وێنەگراندا بۆئەوەی لەكاتی وێنەگرتنی هەر دیمەنێكدا بەرجەستەی بكەن.
-دیارییكردنی موزیك و كارتێكەرە دەنگییەكان بۆ هەر دیمەنێك بەپێی پێداویستیی كەشی دیمەنەكان.
-دەستكردن بە كاری وێنەگرتن، بەپێی پلانی دیارییكراو، دەرهێنەر چاودێریی و سەرپەرشتی كاری وێنەگرتن دەكات، رۆڵی خۆی جێبەجێ دەكات بۆ ئەم ئەركانەی خوارەوە:
•دەرهێنەر بەهۆی مۆنیتەرەوە چاودێریی گرتەكانی وێنەگرتن دەكات.
•لەیەك كاتدا چاودێریی كامێراكان دەكات.
•بەدواداچوون بۆ دەقی كارە درامییەكە دەكات.
•گوێ لە دەنگ دەگرێت (دیالۆگ، كارتێكەرە دەنگییەكان)، فەرمان بە داخڵكردنی دەنگ دەدات.
•رێنمایی پێویست دەدات بە وێنەگران.
•دوای تەواوبوونی كاری وێنەگرتن، دەرهێنەر سەرنجی خۆی لەسەر كاری بابەتە وێنەگیراوەكان دەدات، ئامادەكاری دەكات بۆ كاری مۆنتاژ.
•رێکخستنی كۆبوونەوە لەگەڵ مۆنتێردا، دواتر راستەوخۆ دەست بە كاری جێبەجێكردن دەكەن.
•موزیك و كارتێكەرە دەنگییەكان و تایتڵی بەرهەم بەرجستە دەكەن.
•بە ئامادەبوونی ستافی بەرهەم، تەماشای یەكەم شریتی بەرهەمهاتووی كۆتایی دراماكە دەكەن.
3: گرنگی دەرهێنان و پڕۆسەی كارتێكردن
دەرهێنان بریتییە لە بەڕێوەبردنی كارێكی هونەریی، كەسێك بەرپرسە لە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرنامە، ئەویش دەرهێنەرە، گرنگ نییە كارەكە شانۆیی یان رادیۆیی یان تەلەفزیۆنی بێت. گرنگ كاری دەرهێنانە كە پڕۆسەیەكی داهێنەرانەیە و تێیدا وتەو بیرو بۆچوونەكان دەگۆڕدرێت بۆ كارێكی زیندو و كارلێك لەگەڵ بینەراندا دەكات، بە شێوەیەكی چێژدار و سەرنجڕاكێش و هەستیار و بەردەوامییەك دەبخشێتە بەرنامە کە بێزاركەر نەبێت. بۆیە دەرهێنانی تەلەفزیۆنی پیشەیەكی داهێنەرانەی زۆر سەختە، پێویستە دەرهێنەر هەموو تواناكانی بەكاربهێنێت، بۆئەوەی كارێكی داهێنەرانە لەڕووی پیشە و گوزارشتكردنەوە بەرجەستە بكات. پێویستە دەرهێنەری داهێنەر لە كارەكەیدا ئەم لایەنانە لەبەرچاو بگرێت:
-هەستیاری بۆ كێشەكانی ژیانی سەردەم هەبێت.
-توانای ئەوەی هەبێت بیرۆكەی نابا و ئاشنای جەمارەر بكات.
-توانای ئاشكراكردن و بەستنەوەی نێوان ئەو بابەت و بیرۆكانەی هەبێت كە لە یەکترییەوە دوورن.
-هەستكردن بە جوانی و ئەندێشە و بەرزكردنەوەی ئاستی رۆشنبیریی و بەردەوام سەیركردنی تابلۆی هونەرییانە.
لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە لایەنی رۆشبیریی و پیشەیی و تەكنیكیی كاری دەرهێنان بە شێوازێكی زانستییانە بەگەڕبخات، ئەمەش بەپێی سروشتی ئەو دەق و بابەتەی كاری تێدا دەكات، بتوانێت كارێكی زیندوو بخوڵقێنێت.
هەروەها شێوەی هونەری كاری دەرهێنان هۆكارێكی گرنگه بۆ سەرنجدان و بایەخی بینەران و پێشبڕكێكردن لەگەڵ كەناڵەكانی تریشدا.
شێوەی هونەری پەیوەندیی بە تێڕوانینی تەكنیكی دەرهێنەرەوە هەیە كە چۆن وێنە دەنەخشێنێت، بۆیە ئەوەی تێبینی كراوە، وێنە لەم سەردەمەدا كاریگەریی و هێزێكی هونەریی گەورەی هەیە، دیمەنەكانی تەلەفزیۆنیش پشت بەستووە بە سەرنجڕاكێشان و وروژاندنی وەرگر، ئەمەش لە میانەی جووڵاندنە بینراوەكانی ناو وێنەوەیە. بۆیە دەرهێنەر پێویستە چاودێریی چڕ لەسەر چۆنێتی ئامادەكردن و پێشكەشكردنی بابەتی بەرنامە هەبێت. بۆئەوەی سەرنجی گشتی جەماوەر لەسەر بەرنامەكە بێت، دەرهێنەریش بەردەوام پێویستە ئەو سەرنجە بە ئاگابهێنێتەوە، ئەمەش بە نوێكردنەوەی ئەو ئامڕازانەی لەبەردەستی دەرهێنەردایە، وا لەبینەر بكات هەمیشە گرتەکان كاریی نوێ لەخۆبگرن.
هەروەها دەرهێنەر چەندین شێواز و هۆكاری هونەریی لەبەردەستدایە كە دەتوانێت بە شێوازێكی كاریگەرانە بەكاریان بهێنێت، لەم بارەیەوە:
- هەمەجۆریی بوارەكانی سەرنجدان: هەمیشە دەرهێنەری سەركەوتوو، پێویستە بە بەردەوامی ئەو پرسیارە لەخۆی بكات، چۆن بە بەردەوامی بتوانێت سەرنجی وەرگر كێش بكات و بەرنامەکەی جێی بایەخی وەرگربێت و بە سەرسووڕمانەوە بڕوانێتە بابەت و لایەنە هونەرییەكانی بەرنامەکە. ئەم ئامانجە بە بەرجەستەكردنی كاری ئەندێشەیی وروژاندنی پرسیاری لۆژیكی و هۆشمەندیی دێتەدی. دەرهێنەری بەتوانا بۆ هاوسەنگی لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا، دەبێت هەمەجۆریی سەرنج و بایەخدان لەنێو كرۆكی گرتەكاندا بەرجەستە بكات، هەندێكجار سەرنجی وەرگر كێش بكات بۆ بابەتێك یان مەبەستێكی تایبەتی ناو بەرنامە. لەلایەكی تریشەوە پێویستە سەرنجی وەرگر بۆ كارێك یان جووڵەكی نوێ ئاشكرا بكات، وەك ئەوەی شتێكی نوێ بدات بە وەرگر.
هەروەها لە حاڵەتەكانی تردا پێویستە هاوشانی وێنە سەرنج بخرێتە سەر لایەنی دەنگ وەك (لێدوان – دیالۆگ – موزیك).
-لادانی سەرنج: مەبەست لە لادان و گۆڕینی سەرنج، پەیوەستە بە سەرنجدانی وەرگر بۆ لایەنێك لە لایەنەكانی ناو وێنە، بە شێوەیەك كارێكی نوێ بداتە وەرگر و ببێتە ناوەندی بایەخپێدان و سەرنجی.
بەرنامەی سەركەوتوو پەیوەستە بە ناوەڕۆكی هەستەكانی وەرگرەوە كە چۆن دەرهێنەر ئامادە و پێشكەشی دەكات، بەشێوەیەك ساتێك پێبكەنێت یان بگری یاخود بترسێت. بۆیە كاتێك بینەر بە شێویەكی سۆزداری بەركەوتنی لەگەڵ بابەتەكانی بەرنامەدا هەبێت، زۆرترین زانیاری و بەشێوەیەكی راستگۆیانە تێكەڵ بە بەرنامەکە دەبێت. ئەم متمانە تایبەتەش دەرهێنەر دەیخوڵقێنێت، بۆیە بەهێزیی بابەت و پێشكەشكار و وێنەگرتن كاریگەریی خۆی هەیە لە هەر بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا و لێرەدا كاریگەریی و گرنگی دەرهێنەر دەردەكەوێت، كە هیچ بەرنامەیەك بەبێ بوونی دەرهێنەر سەركەوتوو نابێت، لەبەرئەوەی دەرهێنەر كۆمەڵێك كەرەستەی هونەریی لەبەردەستایە دەتوانێت بە دیدگایەكی هونەرییانە بەرجستەیان بكات و رۆشناییەكی جوان ببخشێت بە كارەكە.
دەركەوتنی توانای دەرهێنەر لە بەرنامەی جۆراوجۆری هونەریدا، پەیوەستە بە دیدگا هونەرییەكەیەوە، بەتایبەتیش بەهرە و ئەفراندنەكانی لە كارەكانیدا رەنگبداتەوە و بینەرێكی بێشوماریش تەماشای دەكەن و وێنەیەكی هونەریی جوان و پێکهاتەییەكی واقیعی هونەرییانە بنەخشێنێت، ئەمەش بێگومان جێدەستی كاری دەرهێنان و بەها جوانكارییەكانی وێنە رۆڵی خۆیان دەبینن.
لێرەدا رۆڵی دەرهێنەر گرنگە کە بتوانێت پێكهاتەی وێنە بە شێوەیەكی جوان بنەخشێنێت، بە تایبەتیش گرنگە کە وێنەی جووڵاو بەهای جوانكاریی تێدابێت، لەبەرئەوەی بەهای جوانكاری كەرەستەیەكی گرنگی وێنەیە و بریتییە لە: بیرۆكە، دیالۆگ، شێوە و نەخشاندنی كادر، گۆكردنی بێژەر و جلوبەرگ و جووڵەی كامێرا. بۆیە كاری دەرهێنان چالاكییەكی داهێنەرانەیە بە ئامانجی گۆڕینی بیرۆكە، بۆ كارێكی هونەری بینراو و بیستراو كە جێگای بایەخ و سەرنجدانی وەرگر بێت و چێژی لێ وەربگرێت.
هەروەها ئەوەی زانراوە ئەمڕۆ تەلەفزیۆن بەشێوەیەكی بەردەوام كار لەسەر هۆشی وەرگر دەكات و بەهۆی بەرنامە جۆراوجۆرەكانییەوە چێژێكی تایبەتیش دەداتە وەرگر، چەندین هەڵسوكەوتی مرۆڤ دەبینین كە كاریگەرن بە كارە هونەرییەكانی تەلەفزیۆن، ئەوەی لە پشت ئەم كارانەوەیە، دەرهێنەر و تیمێكی هونەریی داهێنەرن، بۆیە كردەی دەرهێنان تەنها پیشە نییە، بەڵكو دەرهێنەر دەبێت خاوەن دیدگا و تێڕوانێنێكی بینراوی تایبەتبێت بۆ كۆی دیاردەكانی ژیان، بتوانێت سەرلەنوێ گیان بكاتەوە بەبەر شتەكاندا، بۆیە دەرهێنەر مرۆڤێكی ئاساییە، بەڵام توانایەكی تایبەتی هەیە و وەك جادووگەرێك كاری داهێنەرانە دەكات، بەشێوەیەك خەڵك سەرسام دەكات و كاریان تێدەكات.
بەكورتی و پوختی كاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی، پڕۆسەیەكی داهێنەرانەیە و پێویستی بە بەهرە و ئەفراندن و خوڵقاندنە، ئەمەش بە دانانی پلانی كاری دەرهێنان بۆ هەموو قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی.
چوارەم: گرنگیی دەرهێنان و تیمی كاری تەلەفزیۆنی
تیمی كاری تەلەفزیۆنی، فاكتەرێكی گرنگە بۆ چالاككردنی كاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی، ئەمەش پەیوەستە بە بوونی گرنگیی تیمی كاری تەلەفزیۆنییەوە، لەبەرئەوەی بەشدارییەكی كارایان هەیە لە بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆندا، مەبەست لە تیمی كاركردن، كۆمەڵێك كارمەندی هونەرییە لەگەڵ دەرهێنەردا رۆڵیان هەیە لە راپەڕاندن و جێبەجێكردنی كاری هونەری بەرنامەدا، كە بریتین لە كۆمەڵێك هونەرمەند و هونەریی پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەكانی بەرهەمهێناندا، هەندێكیان لە ژووری چاودێری لەگەڵ دەرهێنەردا كاردەكەن، ئەوانی تریش لەناو ستۆدیۆدا كاردەكەن. لەگەڵ ئەمەشدا تیمی كاركردن دەكرێت بە دوو بەشەوە، تیمی یەكەم شوێنیان ژووری چاودێریی ستۆدیۆیە، تیمی دووەم شوێنیان لەناو ستۆدیۆیە. لەبەر گرنگیی تیمی كاركردنی تەلەفزیۆنی بە پوختی رۆڵی هەریەكەیان باس دەكەین:
كارمەندانی ژووری چاودێریی ستۆدیۆ
- دەرهێنەر (Director): سەرۆكی تیمی كاركردنە، ئەو كەسەیە لێپرسراوە لە دەرهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی، كاری گۆڕینی دەقێكی نووسراوە بۆ وێنەیەكی زیندووی ژیاناوی بۆ سەر شاشەی تەلەفزیۆن، سەرۆكی بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەرهێنەرە. بەشێوەیەكی گشتی سەرپەرشتی هەموو كارەكانی بەرنامە دەكات، لەبەرئەوە پێویستە ئاشنایەتی تەواوی بە پڕۆسەی هونەریی بەرنامە تەلەفزیۆنییەكەوە هەبێت، لە «وێنەگران، بەڕێوەبەری بەرهەم، ئەندازیاری دیكۆر، رێكخەری دیمەنەكان، مۆنتێر و...هتد» سەرجەم تیمی كاركردنی بەرنامەش لەژێر چاودێریی دەرهێنەردایە. هەروەها پێویستە دەرهێنەر خاوەنی رەفتارێكی باش بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت هاوكارییەكی تەواو لەگەڵ تیمە هونەریەكەیدا بهێنێتە کایەوە، لەبەرئەوەی سەركەوتنی هەر بەرنامەیەک پەیوەستە بە هاوكاریی نێوان تیمە هونەرییەكەوە.
دەرهێنەر ئەو كەسەیە بەرپرسی كاری دەرهێنانە لە نەبوونەوە شت دەخوڵقێنێت، بەهیچ شێوەیەك نابێت جیاوازی لە نێوان تیمە هونەرییەكەیدا بكات.
- ئەندازیاری دەنگ (Sound engineer): بەرپرسی تۆماركردنی دەنگە لەكاتی وێنەگرتندا، لەگەڵ تۆماركردنی كارتێكەرەكان، هەروەها دانانی مایكرۆفۆن بە باشترین شێوەی هونەری بۆ تۆماركردنی دەنگ و ئاڕاستەكردنی كارمەندانی دەنگ و كارپێكردنی ئامێرەكانی تۆماركردنی دەنگ، بۆئەوەی دەنگ بە باشترین جۆر تۆمار بكرێت.
- مۆنتێر (Editor): ئەو كەسەیە لێپرسراوە لە كاری مۆنتاژی بەرنامەی تەلەفزیۆن و بەپێی فەرمانی دەرهێنەر كارەكانی دەکات، دەرهێنەر لە تەنیشت مۆنتێرەوە دادەنیشێت و رێنماییەكانی خۆی پێ دەڵێت سەبارەت بە كاری هونەر و رێكخستنی مۆنتاژكردنەكە. هەروەها دوو جۆر هونەری مۆنتاژ هەیە:
-هونەری مۆنتاژی ئەلیكترۆنی: ئەو كەسەیە لێپرسراوە لە دابەشكردنی گرتەكان لە رێگەی كامێراوە، دانانی كامێرای 1 بۆ گرتەیەكی دیارییكراو و كامێرای 2 لە گرتەی دووەمدا، ئەمەش لەسەر داوای دەرهێنەر.
-هونەری مۆنتاژی ڤیدیۆتیپ: ئەو كەسەیە کە گرێدانی بابەتەكان لەگەڵ یەكتردا رێکدەخات یان داخڵكردنی كارتێكەرە دەنگییەكان بەپێی داواكارییەكانی دەرهێنەر.
-سكرتێری دەرهێنان كیژی سیناریۆ - Script Girl: كەسێكە چاودێریی وردی وێنەگرتنی دیمەن بە دیمەن دەكات لەكاتی وێنەگرتندا، زانیاری دەربارەی درێژیی گرتەكان و كاتەكەی، گۆشەی كامێرا، جووڵەی ئەكتەرەكان و پۆشاكەكانیان تۆمار دەكات، بە كورتی زانیاری دەربارەی دیمەنەكان كۆدەكاتەوە و كارەكەی لەگەڵ دەرهێنەردایە، هەروەها زانیارییەكانی دەرهێنەریش بۆ هەر دیمەنێك تۆمار دەكات، ئەمەش لە كاتی مۆنتاژدا سوودی لێ دەبینرێت، بەگشتی كارەكەی بەردەوامیی وێنەگرتنە لە دیمەنێكەوە بۆ دیمەنێكی دیکە بە شیوازێكی هونەریی.
-یاریدەدەری دەرهێنەر: كەسێكە لە كاری پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا وەك یاریدەدەری دەرهێنەر كار دەكات، كۆمەڵێك ئەركی هونەری لەسەر شانە و رێنماییەكانی دەرهێنەر جێبەجێ دەكات، هەروەها بە تەنها كاری رێكخستنی بەرهەم نییە، بەڵكو ئامانجی بەرەوپێشبردنی كارەكەیە، بە تێگەیشتنێكی تەواو لە دەرهێنەر و شێوازی. لە قۆناغی ئامادەكردن و وێنەگرتندا كۆمەڵێك كاری كارگێڕی و هونەریی لە ئەستۆدایە، وەك دیاریكردنی كات و شوێنی وێنەگرتن، رێكخستن و ئامادەكاری بۆ ئەكتەران و تیمی كار، ئەمەش بە هاوكاریی كارمەندانی هونەری لە بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا، بۆئەوەی هەموو دیمەن و گرتەیەك لەكاتی خۆیدا تۆماربكرێت. دواتریش گرنگترین ئەركی یاریدەدەری دەرهێنەر ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان دەرهێنەر و بەڕێوەبەری بەرهەمە لە شوێنی كاری وێنەگرتندا.
لە دیارترین نموونەكانی دەرهێنانی راستەوخۆ جێبەجێكردنی گەشتی هەواڵەكانە بە شێوەی زیندوو لە هەوادا
- هونەری تۆماركردنی ڤیدیۆ VTR:
هونەر و پیشەگەریی تۆماركردنی دەنگ و وێنەیە بەشێوەیەكی کوالێتی، بۆ سەر شاشە.
- لێپرسراوی نووسینی ئەلیكترۆنی: ئەو كەسەیە کە لێپرسراوە لە نووسینی تایتڵ و ناوی ئەو كەسایەتیانەی لە سەرەتای هەموو بڕگەیەكی بەرنامەدا دەردەكەون، لەناو ئامێری كۆمپیوتەردا ئامادە دەكرێت، لەكاتی دەركەوتنیان لەگەڵ كەسایەتییەكاندا پەخش دەكرێت.
كارمەندانی بلاتۆ
-بەڕێوەبــــــــەری ستۆدیــــــــۆ (Floor Manager): ئەو كەسەیە کە بەرپرسە لە چاودێریی ستۆدیۆی جێبەجێكردن یان ستۆدیۆی بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆنی، بە شێوەیەكی هونەریی ستۆدیۆ ئامادە دەكات بۆ كاری وێنەگرتن، چاودێریی كار و جووڵەی كارمەندان دەكات، بەهۆی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بەردەوامی هەیە لەگەڵ دەرهێنەردا، بە بەردەوامی رێنماییەكانی جێبەجێ دەكات. واتە چاوی دەرهێنەرە لەناو ستۆدیۆدا، هەروەها لێپرسراوە لە كاری هونەریی و كارگێڕیی بۆ ئامادەكردنی هەموو داواكارییەكان و جێبەجێكردنی وێنەگرتن، بۆ كاری بەرنامەی تەلەفزیۆن لەناو ستۆدیۆدا. هەروەها لێپرسراوی یەكەمی بنیاتنانی دیكۆر و دیمەن و ئێكسسوارەكانە، سەرباری ئەمانەش لێپرسراوە لە جێبەجێكردنی كاری دیمەنەكانی ناو ستۆدیۆ.
-ئەندازیاری دیكۆر (Decoration Engineer): ئەو هونەرمەندەیە كە لێپرسراوە لە كاری نەخشەسازیی دیكۆر و كاری هونەریی تەلەفزیۆنی، وەك ئەوەی لە سیناریۆدا دیاریی كراوە. بەشێوەیەك بەرجەستە دەكرێت كە كاریگەریی هونەری بخوڵقێنێت.
- رێكخەری دیمەنەكان: ئەو كەسەیە لێپرسراوە لە تەواوكاریی دیمەنەكان (ئێكسسوار)، واتە رووپۆشكردنی دیكۆر، پەیوەندییەكی راستەوخۆی هەیە بە ئەندازیاری دیكۆرەوە و بە بەردەوامی راوێژی پێدەكات، هەروەها زۆر جاریش ئەندازیاری دیكۆر خۆی كاری رێكخستنی دیكۆر و نەخشاندنی دەکات، لەبەرئەوەی لەبنچینەدا بەشێكە لە كاری خۆی.
-بەڕێوەبەری وێنەگرتن: ئەو كەسەیە كە جووڵەی كامێرا دیاری دەكات و دیمەن و گرتەكان دەستنیشان دەكات، ئەركی بەڕێوەبەری وێنەگرتن وەرگێڕانی دیدگای دەرهێنەرە بۆ سەر شاشە، لەكاتی بەرهەمهێنانی كاری هونەریی تەلەفزیۆندا پەیوەندییەكی تەواو و گرنگی هەیە لەگەڵ دەرهێنەردا، لەبەرئەوەی بەڕێوەبەری وێنەگرتن رۆڵێكی دیاری هەیە لە دانانی رووناكی و پێكهێنانی دیمەن لە كاتی پڕۆسەی وێنەگرتندا. دواتریش بە پلەی یەكەم كاری نەخشاندنی شوێنی وێنەگرتنی لە ئەستۆدایە، واتە لێپرسراوە لە كاری خوڵقاندنی وێنەی تەلەفزیۆنی بە جوانترین شێوەی هونەریی.
-سەرپەرشتیاری رووناكی: یەكێكە لە توخمە هونەرییەكانی بەرهەمهێنان، بەپێی پلانی دیاریكراو كاری دانانی رووناكیی و دیاریكردنی پێداویستییەكانی رووناكییە، لەبەرئەوەی رووناكی توخمێكی گرنگی كاری بەرهەمێنانی تەلەفزیۆنە.
-چاودێریی كامێرا: پێكدێت لە كۆمەڵێك هونەریی پسپۆڕ كاریان چاودێری و رێكخستنی كامێراكانی وێنەگرتنە، لە ژوورێكی ئامێری تایبەت بەو كارە، ئەمەش بەهاوكاریی لەگەڵ وێنەگران و سەرپەرشتیارانی رووناكیدا دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی کوالێتیی هونەری كاركردنی كامێراكانە بە جوانترین شێوەی هونەریی، دواتریش لە شوێنی وێنەگرتنی دەرەكیدا، كاریان وەرگرتن و پاراستنی كامێراكانە.
-بەڕێوەبەری بەرهەم (Production Manager) كەسێكە كە سەرپەرشتی لایەنی كارگێڕی و دارایی و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی بەرنامەی تەلەفزیۆنی دەكات، بەرپرسی كاروباری چۆنێتی خەرجكردنی پارە و دابینكردنی پێداویستییەكانی دیمەنەكانی وێنەگرتنە، لە قۆناغەكانی بەرهەمهێناندا.
- ماكیێر (ئارایشتكەر): هونەرمەندێكە لێپرسراوە لە كاری جوانكردنی رووخسار و رازاندنەوەی ئەكتەرەكان، یان هونەری رازاندنەوە و خۆشاردنەوە و هونەری هێڵكاریی دەمووچاو و ئەو دەستكارییانەن كە لە رووخساری ئەكتەرەكاندا دەكرێت، بەو شێوەیەی سروشتی كەسایەتییەكەی دەخوازێت، بۆئەوەی لەبەردەم كامێرادا كاری نواندنەكەی دەکرێت.
- كوافێر: ئەو كەسەیە كاری رێكخستنی قژی ئەكتەرەكان و دروستكردنی شێوە و قاڵبی دیاریكراو بەپێی پێداویستی كار و رێنماییەكانی دەرهێنەر.
*بەشی راگەیاندن – زانكۆی سلێمانی
پلانی بەرهەمهێنان خۆی دەبینێتەوە لە دیارییكردنی بیرۆكەی بەرنامە و ماوەكەی و تیمی كاركردن ودابینكردنی ستۆدیۆ و بودجەی بەرنامە
سەرچاوە:
1. مصطفی يوسف كافي، (2016)، الإنتاج الإذاعي والتلفزيوني، دارالحامد للنشروالتوزيع، عمان.
2. نشوة سليمان عقل، (2009)، الإخراج الإذاعي والتليفزيوني، الدار العربية للنشر والتوزيع، القاهرة.
3. عبدالخالق محمد علي، (2010)، فنون الإخراج التلفزيوني والإذاعي، دارالبيضاء للطبعاعة والنشر والتوزيع، بيروت.