یەكێتی، رێگریی لە بەسەربازگەبوونی كەركوك دەكات

11:50 - 2023-07-06
کوردستان
824 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رێگریی لە هەر كارێكی نایاسایی دەكات، كە لە كەركوك بكرێت، جێگری سەرپەرشتیاری كەركوك-سەڵاحەدینی یەكێتی-ش دووپاتیدەكاتەوە كە «بەردەوام پشتیوانی پێكەوەژیانین لە شارەكە و رێگەنادەین ئارامیی كەركوك تێكبدرێت».

״ئەو هەوڵەمان شكستپێهێنا״

سیروان كوێخا نەجم جێگری سەرپەرشتیاری كەركوك-سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIA رایگەیاندووە: «هێزەكانی حەشدی شەعبـی، هەوڵی داگیركردنی زەویوزاری جووتیارانی كورد و توركمانیان دا و بەنیازبوون دەستبگرن بەسەر پارچەزەوییەكی 60 دۆنمیدا لە گەڕەكی شۆراو لە كەركوك، كە گەڕەكێكی كوردنشینە، تا بیكەنە سەربازگە، بەڵام رێگرییمان لێكرد و ئەو هەوڵەمان شكستپێهێنا». وتیشی: «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام پشتیوانی پێكەوەژیانی لە كەركوك كردووە و رێگرییشی لە هەموو هەوڵێكی تەعریب كردووە و هەرگیز كەركوكی جێنەهێشتووە، بۆیە یەكێتی خۆی بە خاوەنی كەركوك دەزانێت و رێگریی لە هەر دەستوەردانێكی نایاسایی دەكات، كە ببێتەهۆی تێكدانی ئارامی لە شارەكەدا».

یەكێتی بە توندی لە دژی بەسەربازگەكردنی كەركوك وەستایەوە

هەر لەو چوارچێوەیەدا، فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا، ئاماژەی بەوەداوە «ناكرێت زەوییەك، كە موڵكی گشتییە و بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری تەرخانكراوە بكرێتە سەربازگە لەكاتێكدا بوونی سەربازگە لەنێو شاردا رێگەپێدراو نییە، هەر بۆیە بە توندی دژی دەوەستینەوە، بۆ ئەوەش ئاگاداری لێپرسراوانی شارەكە و حكومەتی عیراقمان كردۆتەوە، هاوكات هۆشداریی دەدەینە هەموولایەك ئەگەر ئەم زیادەڕۆییە رانەگیرێت، هەڵوێستی جددیترمان دەبێت».
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە خوێن هەوڵی چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە كەركوك داوە و رێگەش بە تێكدانی ئەو ئارامییە نادات و هەموو پیلانێك دژی شارەكە پووچەڵدەكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی 4/7/2023، رێگریی لە بەسەربازگەبوونی كەركوك كرد و رێگەی نەدا حەشدی شەعبـی سەربازگە لەناو گەڕەكی شۆراو دروستبكات.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان