حەڤدە ساڵی تەواوە مامۆستا و نوسەر و مێژوونووس و پێشەوای بواری ئەدەبی كوردی (مەحمودی مەلا عزەت) ماڵئاوایی لێكردوین ،كۆچی دوایی مامۆستا زیانێكی گەورەبوو لە ئەدەبی كوردی بەتایبەت نووسینەوەی مێژووی كورد بە بەڵگەنامەكانەوە،پێش وادەی كۆچی دوایی ئەو دەیویست و بەردەوام بوو لەسەر گەڕان بەدوای ئەو بەڵگەنامانەی كە لەسەر ئەنفال دەستی بكەوێت 20 لاپەڕەیەك لەسەر ئەنفالی نوسیبوو بۆی هێنام هەتا بۆی تایپ بكەم ، بەڵام بەداخەوە مەرگ رێگەی نەدا ئەو كتێبە و چەندەها خەونی بێتەدی ، یادكردنەوە و قسەكردن و لێدوان لەسەر بەرهەم و بابەت و خودی ژیانی مامۆستا مەحمود و قەڵەمە رەسەنەكەی بە لاپەڕە و دوو لاپەڕەی ساڵیادێك تەواو نابێت،خۆزگەم دەخواست هەتا ئێستا مامۆستا لە ژیاندا بمایە ئەوكات كتێبخانەی كوردی پڕلە بەرهەمی سەركەوتو و بەپێزتر دەبوو ، مێژووی كورد زیاتر گەشاوەتر و راستیەكانی روداوە كۆنەكانی ناو مێژوو بەبایەخترەوە دەبینرا، چونكە نووسینەوەی گشت كتێبەكانی بە بەڵگەوە چاپ دەكرد ، وێڕای هەموو ئەو كارانەی كە بەدرێژایی تەمەنی خزمەتی بە كورد و ئەدەب و مێژووی كوردی كردووە ، ماندونەناسانە هەوڵی دەدا بۆ ئەوەی خۆشەویستی نیشتمان لە دڵماندا بڕوێنێت، ئەو هەمیشە دەیگوت مرۆڤ گەر نیشتمان و خاكی خۆی خۆشنەوێ و رێز لە زوبان و ناسنامە و كلتور و مێژووی خۆی نەگرێت ئەوا وەك باڵندەیەكی تەرەبووی بێ باڵ وایە هەرگیز بە ئاواتەكانی خۆی ناگات و هەرگیزیش ناگاتە لوتكەی سەركەوتن.
لەو ساڵانەی كە مامۆستا مەحمودم ناسی ئەوسا تێگەیشتم كە خۆشەویستی نیشتمان و دڵسۆزی بۆ خاك وئەو زێدەی كە تێیدا لەدایك بووین پێویستی زۆری بە دڵسۆزی و خزمەت كردن و پاراستن هەیە، بڕوابوون بە ناسنامەی وڵات و بە پیرۆز بینینی نیشتمان لە ناخدا چرۆ دەكات نەك بە قسە و دەربڕینێكی سادە .
خۆزگەم دەخواست ئەمڕۆ بەدیار خواردنەوەی چایەكەوە و بە دیار باسكردنی بەرهەمێكی نوێی مەزنەوە باسمان لە زامە قوڵا و ساڕێژنەبووەكانی نیشتمان بكردایە ، خۆزگە فرمێسكەكانم تەنها بۆ ئازارەكانی نیشتیمان بڕشتایە ، سەد مەخابن خەمی دوو نیشتمانم هەموو ساڵێك رۆحم پڕلە ئازار دەكات ، رۆحت شاد و یادت پڕ خێربێت مامۆستای نەمر و زیندوو لە دڵماندا ئەی نیشتمانی پڕلە خۆزگە و ئاوەدانی .