ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لە کێشەی جوتیارانی کەرکوک دەکات و رایدەگەیەنێت، " نوێنەرانی یەکێتی لە پارێزگای کەرکوک هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی جوتیارانیان داوە و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا کێشەکانیان چارەسەردەکرێن".
دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "چەند رۆژێکە داواکاری و ناڕەزایی هاووڵاتیان و جوتیارانی کەرکوکم پێگەشتووە کە کێشەی زۆریان رووبەڕووبووتەوە و ناتوانن گەنم تەسلیمی وەزارەتی بازرگانی بکەن".
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی: "پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و ئەمڕۆش سەردانێکی مەیدانیمان هەبوو بۆ سایلۆی نوێ کە ناوچە کوردییەکانی لەسەرە و توانای لەخۆگرنتی 60 هەزار تۆن گەنمی هەیە"، "رۆژانە لە سایلۆ نوێکە 50 بۆ 60 ئۆتۆمبێل گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت و زۆرینەی جوتیارەکان کوردن و کێشەی زۆریان دێتە بەردەم، لەبەرئەوەی کاتێکی زیاتر دەمێننەوە و شەوانە ئۆتۆمبێلەکان 75 هەزار دەدەن، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی کردووە و کێشەکانمان بە مەبەستی چارەسەرکردن گەیاندووە".
وتیشی، "ئەمساڵ بەروبوومی گەنم زۆرە لە پارێزگای کەرکوک، بۆیە ئەوە سایلۆیانەی لە کەرکوک هەن ژمارەیان کەمە و دەبێت بەدواداچوونی زیاتر بکرێت، چونکە کەرکوک دووەم شارە لە بەرهەمهێنانی گەنم لە پارێزگاکانی عیراقدا، بۆیە پێویستە گرنگی زیاتری پێبدرێت و لە سنووری ناوچە کوردییەکاندا سایلۆی دیکە بکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە: "لەگەڵ ئەوەی بڕیارە کاتی وەرگرتنی گەنم لە 10-7 کۆتایی پێبێت، بەڵام داوامانکردووە 10 رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە، بۆئەوەی سەرجەم جوتیاران بتوانن ئەو گەنمەی بەرهەمیان هێناوە تەسلیمی بکەن".
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران وتیشی: "جوتیارانی کەرکوک دڵنیادەکەینەوە کە نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داواکاری جوتیاران پشتگوێ ناخەن و ئەو کێشەیەیشی لە ئێستادا رووبەڕویان بووەتەوە هەوڵدەدەین لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا چارەسەری بکەین"
PUKMEDIA