شەهید پایەی مێژووە، راگر و هۆكاری بەردەوامیی كاروانی تێكۆشانە، لە كاروانی دوور و درێژی خەباتی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و یەكێتیشدا شەهیدان پایەی سەرەكی و هێزی بەردەوامی و گەشەكردنی شۆڕشەكە بوون .
لە ریزی شەهیدان و تێكۆشەرانیشدا هەندێك ناو هەن كە لە هەر باسوخواسێكی هاوپەیوەند بە شۆڕش و مێژووی یەكێتیدا، ئەگەر ئاماژەیان بە رۆڵ و ناویان نەكرێت، دەبێتە كەلێنی گەورە.
شەهید جەمال تاهیری سەركردە كە ئێستا یادی 40 ساڵەی شەهیدبوونی دەكەینەوە، یەكێكە لەوانە و رۆڵێكی یەكجار گەورە و بنچینەیی هەبووە لە سەرپێكەوتنی كۆمەڵە و یەكێتی و شۆڕشدا، سەرەتا وەك كادرێك و دواتریش وەك سەركردە و لێپرسراوی رێكخستنی شارەكان.
شەهید جەمال لە سەرەتای شەستەكانی سەدەی رابردبوو تێكەڵاوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردبووە، لە شۆڕشی نوێشدا یەكێكە لە لێپرسراوە دیارەكانی رێكخستن و دواتریش پێشمەرگە و سەركردەیەكی دیار و لێهاتوو.
هەرئەوكاتانەش كە سەرپەرشتی رێكخستنەكانی سلێمانی دەكرد و چەندجارێك دەستگیركرا، بوو بە یەكێك لە قارەمانەكانی زیندان و كە بە لێبوردنی گشتی ئازادكرا و دواتریش روویكردە شاخ، هێندەی دیكە ئازایەتی و لێهاتوویی لە پێشمەرگایەتیدا دەركەوت، بۆیە پیاوانی دوژمن خەفەتیان بۆئەوە خواردووە ئەوكاتەی لەلایان زیندانی بووە، نەیانكوشتووە.
هەر ئەوكاتەش سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناسنامەی پاڵەوانی زیندانی پێبەخشی.
یەكێكە لەئەستێرە درەوشاوەكانی شۆڕشی نوێ و بزووتنەوەی كوردایەتی بەگشتی و یەكێتیی نیشتتمانیی كوردستان بەتایبەتی.
ناسنامەی پاڵەوانی زیندان هەروا بەئاسانی نەدراوە بەو شەهیدە، بەڵكو لەئەنجامی ئەوەوە بووە كەمامۆستا جەمال تاهیر، لێپرسراوی هەموو رێكخستنەكانی ناو شارەكان بوو، ئا لەوكاتەدا بۆ چەندینجار دەستگیركرا و بە رادەی تا لێواری مەرگ ئەشكەنجەدرا، بەڵام ورەی بوو بە كێوی پیرەمەگروون و لە بەردەم فشاری جەستەیی و دەروونی و هەڕشەی مەرگیش، خۆڕاگرو راوەستاو بوو.
ئەو هەڵسوكەوتانەی لەگەڵ ئەودا دەكرا و ئەو شێوازی ئەشكەنجە دڕندانەیەی بەرامبەر ئەو مامۆستایە جێبەجێدەكرا لەزینداندا، بەئاسانی هەستدەكرا كە مەبەستیان كوشتنێكی لە سەرخۆ و ئازاراوییە، لەبەر ئەوانە ئاسان نەبوو هیوایەك بمێنێ بۆژیان و دەرچوون لە زیندان، بەڵام ئەو سەركردەیە بڕیاریدا كە ئەگەر بەدانانی ژیانی خۆیشی بێت زانیارییەكان نەدركێنێت، دواجاریش هەموو نهێنییەكانی پاراست، بەڵام ئەگەربێت و كە مترین نهێنی رێكخستنەكانی بدركاندایە ئەوا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێ تووشی رووداوێكی سەخت و دژوار دەهاتن و زیانێكی گەورە بەتەوژمی بەرەنگاریی كوردی دەكەوت.
كورتەی ژیاننامەی مامۆستا جەمال تاهیر
لە دایكبووی ساڵی 1943ی شارۆچكەی بەرزنجەیە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و پەیمانگەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوكردووە، ساڵی 1960 لە ریزەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان و دواتریشدا پارتیدا دەستی بەخەبات كردووە.
رۆژی 26/10/1964 لەگوندی شەدەڵەی سنووری سورداش و دوكان بەمامۆستا دامەزراوە، ساڵی 1970 و لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان پەیوەندیكردووە بە كۆمەڵەوە.
ساڵی 1971 كراوە بە ئەندامی ناوچەی سلێمانی و لێپرسراوی رێكخراوی سەربازیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی 1973 كراوەتە لێپرسراوی رێكخراوی وارماوا لەدەربەندیخان، ساڵی 1974 ئەندامی لیژنەی قەرەداغ و لێپرسراوی رێكخراوی وارماوا بووە، دوای نسكۆی ساڵی 1975 گەڕاوەتەوە سلێمانی و دەستیكردۆتەوە بەكاری رێكخستن لە ریزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەراندا، لە ئەنجامی هەڵسوڕانی بەردەوامی و كارو چالاكییە بەرچاوەكانی لە ساڵی 1979دا دەستگیركراوە و بەهۆی خۆڕاگرییەوە هەمان ساڵ بە لێبوردنی گشتی ئازادكراوە.
ساڵی 1981 بۆدووەمجار لەلایەن ئەمنی سلێمانی دەستگیركراوەتەوە، ئەمجارەیان زیاتر ئازار و ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە، هەمیشە تارمایی مەرگی بەسەرەوە بووەو كەمترین هیوای دەربازبوونی هەبووە، دوای زیاتر لە ساڵێك بەندكردن و ئازارو ئەشكەنجەی زۆر، لە رۆژی 14/7/1982 بە لێبوردنی گشتی ئازادكراوە.
بۆ بەشداریكردن لە دووەم كۆنفرانسی كۆمەڵە، بەنهێنی لە سلێمانییەوە چۆتە شاخ و لە كۆنفرانسەكەدا بە ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراوە، هەر ئەوكاتە بڕیاریدا لە شاخ بمێنێتەوە و نەڕۆیشتەوە شار.
ساڵی 1983 كرایە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و هاوكاتیش كرایە لێپرسراوی مەكتەبی رێكخستن.
رۆژی 14/7/1983 لە كاتێكدا بەڕێوەبوو بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتی، لە گوندی زیخان- لە ناوچەی بالیسان بە رووداوی ئۆتۆمبێل شەهیدبوو.
ئاوات كۆكەیی